خەدیجە محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێگا و پردی دهۆك:   ئەو مێتودەی ئێمە بۆ دروستكردن ڕێگاوبانەكان پیادەی دەكەین، سەركەوتوو بووە و قۆناغ بە قۆناغیش بەرەو پێشەوەی دەبەین

خەدیجە محەمەد ئەحمەد  بەڕێوەبەری ڕێگا و پردی دهۆك:     ئەو مێتودەی ئێمە بۆ دروستكردن ڕێگاوبانەكان پیادەی دەكەین، سەركەوتوو بووە و قۆناغ بە قۆناغیش بەرەو پێشەوەی دەبەین

 

 

خەدیجە محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێگا و پردی دهۆكە و ساڵی 1998 بڕوانامەی ئەندازیاریی شارستانی لە زانكۆی دهۆك وەرگرتووە و، لە ساڵی 1999شەوە وەك ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگا و پردی دهۆك دەستبەكار بووە و، كاری لە بەشەكانی تەكنیكی و پلان و چاودێریی پڕۆژەكان كردووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ» (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ)، لەسەر ئەم پرسە گرنگە بە داتا و ئامار، دیدوبۆچوونی خۆی و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەشی خستەڕوو.

 

سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە ئەم گفتوگۆ گرنگەی ڕێك خستووە و ئەم هەموو تایبەتمەند و پسپۆڕەی كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر «پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ» بكەین و، لە هەمان كاتدا گرفتەكان دەستنیشان بكەین و چارەسەری گونجاو و پراكتیكییان بۆ بدۆزینەوە.

لەم چوارچێوەیەدا وەك بەڕێوەبەری ڕێگا و پردی دهۆك، حەز دەكەم زیاتر لەسەر پڕۆژەی ڕێگاوبانەكانی دهۆك قسە بكەم و لە سێ تەوەری سەرەكیدا باسەكەم چڕ بكەمەوە كە بریتین لە:

1

تا چەند لە ڕیگاوبانەكانی خۆمان ڕازین؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، من تەنیا باس لە ڕێگاوبانەكانی پارێزگای دهۆك دەكەم و، بەراورد لەگەڵ ڕێگاوبانەكانی دەوڵەتانی دراوسێ هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەم، بۆیە دەتوانین بڵێین، ڕێگاوبانەكانی پارێزگای دهۆك لە نێوان ئاستی مامناوەندی و باشدایە، ئەو مێتودەی ئێمە بۆ دروستكردن ڕێگاوبانەكان پیادەی دەكەین، سەركەوتوو بووە و قۆناغ بە قۆناغیش پەرەی پێدەدەین و بەرەو پێشەوەی دەبەین. ئەو تۆڕەی ڕێگاوبان كە هەیە، پێویستە زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەین. هەر بۆ نموونە ئێستا ئێمە لە پرۆسەی قیرتاوكردنی ڕێگاوبانەكانمان جۆری ئەسفەلتی «Stone Mastic Asphalt- SMA» بەكار دەهێنین، كە بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە پڕۆژەی ڕێگای «دهۆك -زاخۆ « لە ڕێگای نێوان «باتیل – گەلی زاخۆ» بەكارمان هێناوە. ئەم جۆرە ئەسفەلتە بەرگەی قورسایەكی زۆری بارهەڵگرەكان دەگرێت و زۆریش سەركەوتوو بووە.

 

2

چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەم بكرێنەوە؟

- كاتێك باس لە ڕووداوەكانی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان دەكەین بە شێوەیەكی گشتی، دەبینین ڕووداوەكانی هاتۆچۆ زۆرن، بەڵام دیسان من جەخت لەسەر ڕێگاوبان و پردەكانی پارێزگای دهۆك دەكەمەوە، كە لە بەشێكدا ڕێگاوبان و پردەكان خۆیان هۆكارێكن بۆ ڕووداوەكانی هاتوچۆ. لەم چوارچێوەیە ئێمە هەندێك ڕێگاوبان و پردمان هەیە، كۆن بوون و تەمەنیان تەواو بووە و لەگەڵ تایبەتمەندییە تەكنیكییەكانی سەردەم و قەبارەی هاتوچۆی سەر ئەو ڕێگایانە ناگونجێن، بۆیە دەبێت ئەو ڕێگا و پردە كۆنانە جارێكی دیكە بە تەكنیكی ستاندەر دروست بكرێنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو ڕێگا و پردانە تەمەنیان بەسەر چووە و بە چاككردنەوەی ئاسایی ناتوانین چارەسەریان بكەین. ئێستا بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە، لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كار لەسەر نوێكردنەوەی ماستەرپلانی «ڕێگا و پردەكان» دەكرێت، بۆ ئەوەی ڕیزبەندی پڕۆژەكان بكرێت و بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

-      ڕێگای سەرەكیی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان كە بە نێو شارۆچكە و گوندەكاندا تێدەپەڕن، یەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ، بۆیە پێویستە ڕێگای ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان جیا بكرێتەوە و بەپێی پێویست ڕێگای تایبەت بۆ بارهەڵگرەكان دروست بكرێت. بۆ نموونە وەك ڕێگای «بەردەڕەش – كەڵەك»، كە ئێستا كەتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای هەژماركردنی ترافیكی «Traffic account» بۆمان دەركەوت ئەو ڕێگا تازەیە ڕۆژانە «3155» ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تەنیا «500» ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر هاتوچۆی پێدا دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە بەم ڕێگا تازەیە كە كاركردن تێیدا بەردەوامە، ڕێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەگەڵ ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر لێك جیا كراونەتەوە.

- بابەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاكان لە هەرێمی كوردستان بە لاواز دەبینم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی ڕێگاكان بەپێی ستاندەری نێودەوڵەتی دروست دەكرێن، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕێگاكان ناپارێزین و بەردەوام چاككردنەوەیان بۆ ناكرێت، تەمەنی ڕێگاكان كورت دەبنەوە، بەمەش زیانێكی گەورەی ئابووری بەر سێكتەری ڕێگاوبان دەكەوێت.

- پرۆسەی چاككردنەوەی ڕێگاكان هەر لە ڕۆژی كردنەوەی ڕێگاكان بە سێ قۆناغ دەست پێدەكات، كە بریتین لە:

• پرۆسەی چاككردنەوەی پێشوەختەی خۆپارێزی «Preventive maintenance»  كە هەر لەگەڵ كردنەوە و بەكارهێنانی ڕێگاكە بۆ هاتوچۆ دەست پێدەكات.

• چاككردنەوەی ڕۆتینی «routine maintenance» كە لە ماوەی (2-5) بەپێی قەبارەی هاتوچۆ لەسەری، پرۆسەی چاككردنەوەی ڕێگاكە دەست پێدەكات.

• چاككردنەوەی لە ناكاو«emergency maintenance»، واتە كاتێك ڕێگایەك تێكدەچێت، پێویستە بە زووترین كات ڕێگاكە چاك بكرێتەوە، بەڵام بە هۆی ئەو بوودجە كەمەی بۆ چاككردنەوەی ڕێگاكان تەرخان دەكرێن و، توانای سنوورداری بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوە، ئەوا توانای جێبەجێكردنی قۆناغەكانی یەك و دووی چاككردنەوەی ڕێگاكان «چاككردنەوەی پێشوەختەی خۆپارێزی و چاككردنەوەی ڕۆتینی»مان نییە و، تەنیا دەتوانرێت چاككردنەوەی لەناكاو جێبەجێ بكەین، كە لەناكاو ڕێگایەك تێكدەچێت.

• هەر كەرەستە و چینێكی ڕێگا، تەمەنی دیاریكراوی خۆی هەیە. بۆ نموونە، ئەگەر هەموو قۆناغەكانی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاكان بە باشی جێبەجێ بكرێن، ئەوا چینی كۆتای قیڕی ڕێگاكان پێویستی بە لابردن و دووبارە قیڕتاوكردنەوە هەیە، ئەگەر ئەمە نەكرێت، دەبێتە هۆكاری ئەوەی چینەكانی ژێرەوەی ڕێگاكە تێك بچێت، ئەمەش زیانێكی زۆر گەورە بە ڕێگاكە دەگەیەنێت.

 

3

باشتركردن و بەرەوپێشەوەبردنی كاری نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكان

- دامەزراندن و جێبەجێكردنی سیستمی

 «Road asset management system» بۆ پلاندانان و نۆژەنكردنەوە و پاراستنی ڕێگاكان بە شێوەیەكی زانستی.

- سوودوەرگرتن لە كەرتی تایبەت بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكان بە شێوازی گرێبەست بەپێی ئەنجامدان - Performance Based contract». ئەم شێوازە گرنگە وەك قۆناغی یەكەم لەو ڕێگایانە جێبەجێ بكرێت كە بە شێوازی ستانداردی نێودەوڵەتیی تازە دروست كراون، وەك ڕێگای سەرەكیی « زاخۆ – دهۆك – هەولێر».

- گرنگیدان بە بابەتی سەلامەتیی ڕێگاوبانەكان، بەتایبەتی هێڵكاری و گاردیڵ بۆ ڕێگاكان بكرێت، هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەسەر ڕێگاكان دابنرێن.

- پێویستە ڕێگا نەدرێت، پڕۆژەكانی ڕێگاوبان بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە ڕابگیرێن، هەروەها دەبێت نۆژەنكردنەوە و پاراستنی ڕێگاكان لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكومەت بێت، لەمەش زیاتر دەبێت بە هەماهەنگی لە نێوان پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان پرسی بەردەوامبوونی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

- لە پڕۆژە نوێیەكانی ڕێگاوبانەكاندا، كاتێك پڕۆژەكە تەواو دەبێت، هێڵكاری بۆ ڕێگان دەكرێت و هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ هەمووی دادەنرین، بەڵام نۆژەنكردنەوەیان زۆر لاوازە، بۆ نموونە تەمەنی هێڵكاریی بۆیاخی سارد تەنیا یەك دوو ساڵە، جۆری گەرمیش سێ تا پێنج ساڵە، بەڵام ئەم بابەتە بایەخی پێنادرێت و، چەندین ڕێگامان هەیە كە ماوەی 10 ساڵە هێڵكاری بۆ نەكراوە، لەمەش زیاتر هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بەردەوام پێویستیان بە پاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام بە شێوەیەك كەمتەرخەمی لەم كارە هەیە و ئەنجام نادرێت.

لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاری پاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی هێماكان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ و هێڵكاریی ڕێگاكان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە گواسترایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ، بە مەزندەی ئێمە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ وەك پێویست بایەخی بەم بابەتە نەداوە، بەتایبەتی لە ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شارەكان كە هێڵكاری بۆ ئەو ڕێگاوبانانە زۆر گرنگ و پێویستن.

Top