بەکۆتا هاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئیران و دەرئەنجامەکانی و رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە

بەکۆتا هاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئیران و دەرئەنجامەکانی و رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام نەک لەو کات و ساتەی گفتۆگۆ و دانوستاندن لە نێوان وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاردا دابوو سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئیرانی، هەڵبەتە لەو کات وساتەدا ئەگەری ئەو هێرشە بۆ ئەوە بوو فشار بخەنە سەر ئێران کە بە مەرجەکانی ئەمریکا رەزامەند بێت.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئەو هەڵمەتە ئاسمانییەی کە لە ١٣ تا ٢٤ی حوزەیران دژی بە ئێران دەستیپێکردووە دواخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و تێکدانی بەرنامە مووشەکییەکەی بووە، بەڵام ئیسرائیل لەو باوەرە دانەبوو ئێران وەها بەتوندی وەڵامی هێرشەکان بداتەوە، و هیچ کۆدەنگییەک لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوادا نییە کە ئێران لە لێواری پچڕانی ئەتۆمیدا بوو، وەک سەرکردەکانی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکەن، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل بتوانێت تەنیا چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پاشەکشە پێ بکات.
هەر بۆیە دەبینین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ماوەیەدا رووبەڕووی ئاڵۆزیەکی سەربازی ترسناک بۆوە بە هۆی ئەو جەنگە، کە کاریگەری لەسەر بوارەکانی دیکە هەبوو وەک ئابووری و بازرگانی، هێرشێکی لەو شێوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە بە ترسانکترین و توندوتیژترین لەم ماوەیە هەژمار دەکرێت، ئەگەر چی ئەم رووبەڕووبوونەوە وەک دەڵێن زوو یا درەنگ دەبوایە رووبدات، کەساڵانێکە گرژی و هەرشە لەیەکدی دەکەن، هەڵبەتە ئەم دۆخە بۆ ئیسرائیل هەلێکی زێرین بوو کە لایەنگرانی ئیران لە ناوچەکە لاواز بوون بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر سنووری ئیسرائیل نزیک بوون، و هەرەشەی ئەمریکا لە میلیشیەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئەگەر ببنە بەشێک لەو ناکۆکییە، لە کاتێک ئەو میلیشیانە هەرشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلیان دەکرد بۆ هەر هێرشێک بۆ سەر تاران، و ئەگەر هەرەشی ئەمریکا نەبوایە عێراقیان دەکرد بە بەشیک لەو جەنگە.
بێگومان ئەم جەنگە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەبوو وەک تورکیا و عێراق و وڵاتانی کەنداو کە هاو سنوورن لەگەڵ ئێران، تەنانەت سوریا و ئوردن و لوبنان و تا رادەیەک میسر کە ئەمانە هاوسنورن لەگەڵ ئیسرائیل، کاریگەری ئەوەی هەبوو ئەگەر جەنگەکە درێژە خایەن بوایە بێگومان ئەو وڵاتانەی هاوسنووری ئێرانن پەلگێش دەکران بۆ ناو جەنگەکە، یەکەم بۆ بەرگریکردنی هەندێ وڵات لە ئێران وەک عێراق کە بنکەی سەربازی ئەمریکی تێدایە، هەروەها وڵاتانی کەنداو کە هەمدیس بنکەی ئەمریکی لەو وڵاتانەش بوونی هەیە.
هەڵوێستی زلهێزە چالاکە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و کاریگەرییەکانیان:
تورکیا
دەبینین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئێران جێگای نیگەرانییەکی زۆر بوو بۆ تورکیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکیا سنوورێکی سەدان کیلۆمەتری لەگەڵ ئێراندا هەیە. ترسی ئەوە هەبوو کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن و فراوانتر ببێتە هۆی شەپۆلێکی کۆچی ئێران بۆ ناو خاکی تورکیا، هەروەها پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکە ئاڵۆزتر بکات. لە لایەکی دیکەوە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بووە هۆی ئەوەی تورکیا هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە ڕابگرێت.
بەروونی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەرەنگاربوونەوە بۆ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی تورکیا دروست دەکات. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا لەگەڵ هاتنی ئیدارەی ترەمپ پەرەپێبدات. هەروەها هەوڵ دەدات پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ڕووسیا و ئێران لە چوارچێوەی هاوکاریی ناوچەیی بپارێزێت. بێ گومان چڕبوونەوەی ململانێ و جەمسەرگیری لە ناوچەکەدا لە نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکە، کردەی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی تورکیا ئاڵۆزتر دەکات.
چین و ڕووسیا: پەکین خۆی لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە قەیرانەکەدا بەدوور گرت، بەڵام پەرەسەندنی ئیسرائیل و ئێرانی وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستانکاری خۆی لەبارەی پرسە ستراتیژییەکان زانی. لە بەرامبەردا مۆسکۆ هەڵوێستێکی ڕوونتری گرتەبەر. ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆمار هۆشداری دا لە "کارەساتێکی جیۆپۆلەتیکی" کە لە ئەنجامی ململانێکانەوە سەرهەڵدەدات، پشتیوانی سیاسی بۆ ئێران دووپاتکردەوە و تیرۆرکردنی ڕێبەری مەزنی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر هاوبەشی ئەتۆمی مەدەنی کردەوە. بەم کارە ڕووسیا هەوڵیدا وەک ناوبژیوانێکی ئەگەری دەربکەوێت بەبێ ئەوەی هاوپەیمانییەکانی لەدەست بدات یان گرژییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا پەرەپێبدات.
ئەوروپا: هەڵوێستەکانی ئەوروپا لە نێوان هۆشدارییەکان و داوای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان جیاواز بوون، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی بەرجەستە لەسەر پەرەسەندنی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەبێت. بەڵام پێشهاتێکی بەرچاو لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکی ئەوروپییەوە سەریهەڵدا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە جنێڤ لە ٢٠ی حوزەیران، کە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان کۆکردەوە. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە کەناڵێکی دیالۆگ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکرێتەوە. ئەوروپا لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە هەوڵدەدات دەستپێشخەری دانوستانەکان بەدەستبهێنێتەوە و پەرەسەندنی سەربازی بێلایەن بکات و کاریگەریی ڕووسیا لە مەلەفی ئێراندا سنووردار بکات.
وڵاتانی کەنداو: وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە سەرۆکایەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە و قەتەر داوای هێمنی و خۆگرتنیان کرد و ڕەتیانکردەوە بەشداری هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی ڕاستەوخۆ بکەن. هەڵوێستی ئیمارات بە هێمنیی ستراتیژی تایبەتمەند بوو، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل کردەوە، هاوتەریب لەگەڵ ڕێبازە نوێیەکەی کە ڕۆڵی هێورکەرەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان کەم دەکاتەوە نەک لایەنگری یەکتر.
لە کۆتای ئاماژە بە بۆ چوونی هەندێک لە چاودێران کە پێشنیاریان کردووە کە ئێران بە سەرچاوە فراوانەکانی و جوگرافیای ستراتیژییەوە، لە ڕووی تیۆریەوە دەتوانێت لە شەڕێکی درێژخایەن لە ئیسرائیل زیاتر مانۆڕ بکات. ئەم ئارگیومێنتە ڕەنگە هەندێک شایستەیی هەبێت ئەگەر ئێران بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی ئیسرائیل بخاتەڕوو. به ڵام هه فته کانی دوایی و ته نانه ت ساڵانی ڕابردوو، نیشانی دا که ڕژیمی ئێران له هاووڵاتیانی پشتیوانی و پێگەی لاواز بووە، و ئیسرائیلیش بەسەکەوتووانه ئەم لاوازیه قۆستۆتەوه، لەگەڵ گۆڕانی ململانێکان ئیسرائیل ڕەنگە بەڕوونیتر هەوڵی تێکدانی ڕژێمی ئێران بدات. لەڕاستیدا لێدانەکانی ئەم دواییە کە سەرکوتی ئێرانیان کردۆتە ئامانج، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە ستراتیژی تەلئەبیبە.
ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوە ئەوەی پێی دەوترێت "ئاگربەست" تەنها کاتییە شەڕی درێژخایەن و دووفاقی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە پێش ئەوەی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی تێکەڵاو، کە بە شەپۆلی توندوتیژی ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نێوان شەڕەکاندا جێگیر دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بەردەوامی ئەوەی کە هەر ڕووداوێکی بچووک بتوانێت پەرەبستێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تەواو.

Top