قەیرانی موچە

قەیرانی موچە

قەیرانی موچە وەک هەموو قەیرانەکانی تر چارەسەری نییە لە گەل ئەو عەقلیەتەی کە هەیە لە بەغدا. هەروەک چۆن مادەی ١٤٠ و کۆمەلێک بابەتی تر چارەسەر نەبوون، بابەتی موچەش بە
هەمان شێوە چارەسەری نییە.

چارەسەر چییە؟

چارەسەر، دروستکردنی ئابوری سەربەخۆیە.

راستە کە کوردستان دەبێ داوای بەشی خۆی بکات لە بودجەی عێراق و ئەوە مساومەی لە سەر ناکرێت و هەرچی هەیە لەو ولاتە، پشکی ئێمەشی تێدایە و دەبێ بسەنرێت. بەلام ئەو دواکەوتووییەی خەلکی ئەوێ و سیاسەتی چەوتی بریاربەدەستەکانیان قەد ناهێلێت خەلکی کوردستان بە خۆشی بژیت. بۆیە پێویستە دەست پێبکرێت بۆ قۆناغێکی نوێ و کۆمەلێک رێکار و سیاسەتی ئابوری جێبەجێ بکرێن.

بەشێک لە رێکارەکان بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی ئابوری دەکرێت بەم شێوەیە بێت:

رێکخستنی مەرزەکان و سەپاندنی باجی زۆر بەسەر کەل و پەلی هاوردە، بە بابەتی کشتوکاڵی و پیشەسازییەوە.
پێویستە نرخی کەل و پەلی هاوردە زۆر گران بکرێت و باجی بخرێتە سەر، ئەم باجە دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ حکومەت کە دەتوانێت لەو رێیەوە بەشێکی زۆری بودجەی پێویست دابین بکات بۆ موچە و خەرجی تەشغیلی.
سەپاندنی باج بە سەر کەل و پەلی هاوردە سەرەرای دەستەبەرکردنی داهاتێکی باشی باج، دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی بەرهەمی کشتوکالی ناوخۆیی بەرز بێتەوە و خەلک دەسبکات بە کاری کشتوکالی و ئەم کەرتە ببوژێتەوە و بەشێکی خەلک لەو رێیە پێویستیان بە موچە نابێت و دەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.
لە گەل ئەمەشدا دەکرێت حکومەت دەسپێبکات بە پێدانی قەرزی بچوک بە هاوڵاتیان ئەوانەی کە دەیانەوێت بزنسی خۆیان هەبێت لە کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری. چونکە بە بەرزبوونەوەی نرخی کەل و پەلی هاوردە، خاوەنکاران لە ناوخۆی کوردستان دەتوانن کالاکانیان ساخ بکەنەوە
بە ئاسانی و بە نرخێکی گونجاو کە هەم لە بەرژەوەندی خۆیان بێت، هەم هاوڵاتی. بەمەش رێژەیەکی زۆری خەلک دەبنە خاوەنکاری خۆیان و پێویستیان بە موچە نامێنێت. ئەم سیاسەتانە وادەکەن کە هاوڵاتی لە بێبەرهەمیەوە بگۆڕێت بۆ هاوڵاتییەکی بەرهەمهێن و داهێنان و تەکنەلۆجیا و پێشکەوتن زۆر خێراتر و باشتر دەکات. ئەم تجروبەیە لە لایەن کۆمەلێک وڵاتەوە جێبەجێ کراوە و ئێستا لە ڕێزبەندی ولاتانی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی جیهانن، وەک سەنگافورە.
دەکرێت بەشێکی زۆری موچەخۆران بە تایبەت ئەوانەی موچەکانیان کەمە، بە هاوکاریەکی کەمی دارایی حکومەت و بە پاڵپشتی حکومەت دەستبکەن بە کارو پیشەیەک و دەستبەرداری کاری فەرمانبەری بن بە تایبەت کە بە کۆنترۆلی بازار و رێگری لە هاوردە یان باج خستنە سەر هاوردە، نرخی شتومەکی ناوخۆیی بەرز بێتەوە، بە ئاسانی خاوەنکارەکان دەتوانن سوود بکەن.
کوردستان پۆتانسیێلی گەشەی ئابوری تێدایە و دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە گەشە بکات، بەلام ئیرادە و سیاسەتی ئابوری پێویستە. جگە لە کەرتی ووزە کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ سیاسەتی ئابوری کوردستان. دەتوانین هیچ نەبێت پێداویستی ناوخۆ بۆ خۆمان دابین بکەین. 

Top