فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   لە دوای شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕژێمی بەعس كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدینی لە هەولێر داخست

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     لە دوای شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕژێمی بەعس كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدینی لە هەولێر داخست

 

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە و دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵ و دارستانی زانكۆی مووسڵە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

لە ساڵی 1988 دوای ئەنجامدانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، ڕژیمی بەعس بە فەرمانی سەدام حوسێنی دیكتاتۆر «كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین –هەولێری داخست» و، قوتابی و مامۆستایانی ئەو كۆلێژەی بەسەر كۆلێژەكانی كشتوكاڵی زانكۆی مووسڵ و بەغدا دابەش كردن.

ئەم بڕیارەی بەعس و سەدام حسێن بەسە بۆ ئەوەی لە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ بۆ هەرێمی كوردستان تێبگەین. ئەم بڕیارە پێمان دەڵێت، سەدام حسێن بە باشی گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی هەتا كۆتایی بە كەرتی كشتوكاڵی كوردستان نەهێنێت، كوردستانی پێ دەستەمۆ ناكرێت، ڕاشكاوانەتر، ئەگەر لە دوای ساڵی 1988 تەمەنی حوكمڕانیەكەی بەعس درێژتر بوایە و بە ڕاپەرینی بەهاری ساڵی 1991 كۆتایی بە حوكمڕانیی بەعس لە پارێزگاكانی ئێستای هەرێمی كوردستان نەهاتبایە، ئەوا ڕێگەی نەدەدا ئەسڵەن كاری كشتوكاڵی لە كوردستاندا بكرێت و هیچ بەروبوومێك بەرهەم بێت. بەداخەوە ئەم ئەقڵییەتە شۆڤێنییە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش هەر درێژەی هەیە و ئێستاش دەبینین لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ڕێگە نادەن جووتیارانی كوردستان زەوییەكانی خۆیان بكێڵن و بەروبوومی كشتوكاڵی بەرهەم بهێنن.

ئەو شێوازەی نەیارانی كوردستان لەگەڵ كەرتی كشتوكاڵ و جووتیارانی كوردستان مامەڵەی پێ دەكەن، بەتایبەتیش كە هەتا ساڵی 2019 «پێش ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەنمی جووتیاران بكڕێتەوە»، بە شێوازێكی زۆر نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی كوردستان دەكرد و، ماوەی چەند ساڵێك پارەی گەنمەكەیان دوا دەخست، پاشانیش بە نیوەناچڵ دەیاندا. هەمووی ئەمانە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە نەیار و داگیركارانی كوردستان بووژانەوە و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان وەك ترسێك بۆ سەر خۆیان سەیر دەكەن و، نەشیانشاردووەتەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان بگاتە ئاستی خۆبژێویی خۆی و ئاسایشی تەواو بۆ خۆی دابین بكات، هەنگاوی زۆر گرنگ لە سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە خوێندنەوەیەكی سیاسییانە بۆ گرنگیی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بكەین، هەروەها هەڵوەستەی جددی لە بایەخدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی كشتوكاڵ بكەین، كە بایەخێكی گەورەی بە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دروستكردنی بەنداو و پۆند داوە، بە تەواوەتی هەست بەوە دەكەین، كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی نۆیەم هەوڵی تەواوی داوە كە ژێرخانێكی زۆر باش بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەموو بوارەكانی سامانی «ڕووەكی، پەلەوەر، ئاژەڵ، ماسی» بونیاد بنێت، هەروەها هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ بەپیشەسازیكردنی كەرتی كشوكاڵ و، چەندین كارگەی خۆراك دامەزراون كە ئێستا بەرهەمەكانیان لە بازاڕدایە، لەمەش زیاتر ئاسانكاریی كردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی پڕۆژەی زۆر گەورەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن. ئەم نەخشەڕێگەیەی لە كابینەی نۆیەم بناغەی بۆ داڕشتووە لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش درێژەی پێ دەرێت و، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت وەبەرهێنانی زۆر گەورە لە سێكتەرەكانی كەرتی كشتوكاڵدا بێنێتە ئاراوە.

خاڵێكی سەرەكی كە دەكرێت بە گەشبینییەوە سەیری پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان پێ بكەین، ئەوەیە ئیرادەیەكی سیاسی هەیە كە بڕیاری داوە دەبێت ئاستی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بگاتە ئەو ئاستەی كە ئاسایشی خۆراكی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی دابین بكات و، لە هەمان كاتدا بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیش هەناردەی بازاڕەكانی دەرەوە بكات، كە بۆ پرسی دۆزینەوەی بازاڕیش بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە و هەوڵەكانیشی بەرهەمی هەبووە و چاوەڕێی بەرهەمی زیاتری لێ دەكرێت.

خاڵێكی دیكە كە دەكرێت وەك فاكتەرێكی گرنگ بۆ فراوانیی پەرەپێدان و زیادبوونی پڕۆژە گەورە كشتوكاڵییەكان لە قەڵەم بدرێت، دروستبوونی ئەو متمانەیەیە بەو ئیرادە سیاسییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانیدا بەڕێوەی دەبات. جێگەی ئاماژە پێكردنە لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2019ڕێژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ 1.5% بووە، بەڵام لە ساڵی2025 كۆی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا گەیشتووەتە 10%، ئەم هەڵكشانە گەورەیە لە ڕێژەی وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە گەلی كوردستان ئایندەیەكی گەش لە ناو ئەو ئیرادە سیاسییەوە دەبینێت كە لە پشت بووژانەوە و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە.

 

Top