د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   كشتوكاڵ جگە لە ڕۆڵ و پێگەی لە ژێرخانی كۆمەڵگە، فۆڕمەلەكاریی سەرخان و چۆنێتی تێهزرین و شێوازە ژیانی مرۆڤەكانیشە

د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     كشتوكاڵ جگە لە ڕۆڵ و پێگەی لە ژێرخانی كۆمەڵگە، فۆڕمەلەكاریی سەرخان و چۆنێتی تێهزرین و شێوازە ژیانی مرۆڤەكانیشە

 

 

د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بنكەی توێژینەوە و ڕاپرسیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (بەرنامە و پلان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا)، بەم جۆرە بیر و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.

كشتوكاڵ بنەمای بەدیهێنانی قۆناغی خۆبژێوییە و كۆمەڵگە لە قۆناغی بەكاربەرییەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی بەرهەمهێنی و هەردوو سێكتەری ئابووری و بازرگانییش زۆر دەباتە پێشەوە. لە كۆنەوە مرۆڤ تێگەیشتووە لەوەی كە كشتوكاڵ ڕەهەندێكی سیاسیی گرنگی هەیە و جگە لە مانەوە و بەهێزبوون، پارسەنگێكیشە لە ئیدارەدانی ململانێ و مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداو و پێشهات و هاوكێشە سیاسییەكاندا. گەڕان بەدوای سەرچاوەكانی خۆراكدا، مرۆڤی ناچار بە كاری كشتوكاڵی كرد، كاری كشتوكاڵییش مانەوە و جێگیربوونی لە شوێنێكی دیاریكراودا پێویستە، بۆیەش دەڵێن ئەگەر كشتوكاڵ نەبوایە، مرۆڤایەتی نەدەبووە خاوەن شارستانییەت، لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی بیر لە بنیادنانی شارستانییەت بكاتەوە، بە دوای سەرچاوەكانی خۆراكدا گەڕاوە. كەواتە كشتوكاڵ قەڵغانی شارستانییەت و پاراستنی هەر وجوود و كیانێكی سیاسییشە. كشتوكاڵ جگە لە ڕۆڵ و پێگەی لە ژێرخانی كۆمەڵگە، فۆڕمەلەكاریی سەرخان و چۆنێتی تێهزرین و شێوازە ژیانی مرۆڤەكانیشە.

بە هۆی ڕۆڵ و پێگە ئابووری و سیاسییەكەی، كشتوكاڵ وەك سێكتەرێكی هەرە لە پێش، پێویستی بە داڕشتن و كاركردن بە سیاسەتێكی دیاریكراوی زانستی هەیە، سیاسەتی كشتوكاڵیش ئەنجامدانی گۆڕانكاریی چەندایەتی و چۆنایەتییە لە كەرتی كشتوكاڵیدا لەڕێی كاركردن بە چەند بنەما و ڕێسایەك، بۆ گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن بە ئامرازی شیاو بە شێوازێكی وەها، كە ئەو ئامانجانەی پێشتر دیاری كراون، بپێكرێن بە ئامانجی گەیشتن بە قۆناغی تێركردنی پێداویستییە ناوخۆییەكان و دۆزینەوەی بازاڕ و هەناردەكردنی زیادەی بەرهەمەكان بۆ دەرەوە، بەمەش بتوانیت وڵاتەكەش بخەیتە سەر نەخشەی وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەكار و گەیشتن بە قۆناغێ خۆشبژێویی ئابووری و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی. سیاسەتی كشتوكاڵی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتیی دەوڵەتەوە، سیاسەتی گشتی و كشتوكاڵیی هەر دەوڵەتێكیش ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەی هەبێت، ئەوا دەوڵەتێكی سەركەوتووە لە پرۆسەی پەرەپیدانی بەردەوامدا:

- ڕەچاوی فرەچەشنی و گشتگیریبوونی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە لە هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ئابووری لە كاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتی و بەتایبەت سیاسەتی كشتوكاڵیدا.

- ئامانجی سیاسەتی گشتیی حكومەت، بەتایبەت لە بواری كشتوكاڵدا دەبێ بەدەنگەوەچوونی پێداویستییەكان و پلانێكی پێشوەختە داڕێژراوی هەبێت، بۆ پێشگرتن، یا تێپەڕاندنی قەیرانەكان، ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەیان دوای دۆزینەوە و چارەسەری پێویست بۆیان، بەتایبەت لەمەڕ ئاسایشی خۆراك و پاراستنی تەندروستیی گشتی لە ڕێی دڵنیابوون لە پێكهاتە و كوالێتیی بەروبوومە خۆراكییە بەرهەمهێنراو و هاوردەكراوەكان.

- جێپەنجەی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا بە سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و كشتوكاڵەوە دیار بێت و ڕەنگدانەوەی خوێندنەوەیەكی واقیعی و ستراتیژی بۆ داڕێژراو بێت، بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك ڕێوشوێنی پێویستی پێبێت.

- سیاسەتەكە لەگەڵ خۆیدا لەبری دروستكردنی قەیران لە سێكتەرێكی دیكەدا، تەكانێك بداتە بوارەكانی دیكەی وەك پیشەسازی و بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر.

- خوێندنەوەیەكی دروست بۆ پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتەكە لە بواری كشتوكاڵدا كرابێت، بەرهەمێك نەچێندرێت كە لە ناوخۆ، یا دەوروبەردا بەشێك نییە لە كەلتووری خواردنی ناوچەكە.

- لە سیاسەتەكەدا لەڕێی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی بەرهەمی هاوردەكراو، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی كە دەكرێ لە ناوخۆش بەرهەم بهێندرێن، ڕەچاوی تەحەكوم بەسەر نرخەوە بكرێت، تا هەڵاوسان ڕوو نەدات.

- ڕەچاوەی ئەوە كرابێت كە ئەوەی زۆرترین قازانج دەكات كەسی وەبەرهێن و جووتیاران، نەك بازرگانان، لەبەر ئەوەی ئەوان كاتێك دەبینن زۆر كەمیان پێ دەبڕێت، لەسەر كارەكەیان بەردەوام نابن، بەمەش بەرژەوەندیی گشتی دەكەوێتە مەترسییەوە و لە بەرهەمهێنەوە دەبینەوە هاوردەكار و بەكاربەر.

- بە سنوورداری و لەژێر چاودێریی كەسانی پسپۆڕدا سوود لە تەكنەلۆژیا، هەم وەك ئامێر، هەم وەك پەیین و ماددە كیمیاییەكان بۆ زیادكردنی بەرهەم و قڕكردنی نەخۆشییەكان وەربگیرێت، لەسەرێكەوە تا بێكاری زیاد نەبێ و مرۆڤی تەمبەڵ و ناتەندروست ژمارەیان زیاد نەكات، هاوكات دەست بە بەرهەمە ئۆرگانییەكانەوە بگرین و كاریگەریی نەرێنی ماددە و دەرمانەكان لەسەر تەندروستیی گشتیمان كۆنتڕۆڵ بكەین.

- سیاسەتەكە بتوانێ هەندێ نەریت و ڕێوشوێن لە بواری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ و بەخێوكردنی پەلەوەردا دروست بكات، هاوكات گۆڕانكاری بەسەر ئەو خوو و نەریتانەشدا بهێنێت، كە ڕەنگدانەوە و كاریگەریی نەرێنییان بەسەر تەندروستی خەڵكەوە هەیە. بۆ نموونە بۆ ڕیگریكردن لە مریشكی قەبارە گەورە، ڕێگە بە هاوردەكردنی مریشكی بەستووش نەدرێت و مریشكی قەبارەی گەورە نەبێت لە بازاڕدا و خەڵكی ناچار بن مریشكە قەبارە بچووكەكان بكڕن، ئەمە ئەگەر بۆ ماوەیەك بەردەوام بێ، ئیدی خەڵك لەسەری ڕادێن، دواجار بارەكە پێچەوانە دەبێتەوە.

-  لە سیاسەتی گشتیی دەوڵەتدا لەپێناو كەمنەبوونەوەی زەوی و پانتایی چاندن، ئەو شارانەی كەوتوونەتە نزیك ناوچە كشتووكاڵییەكان، ڕێگە بە فراوانبوونیان نەدرێت و شاری نوێش لەو ناوچانە بنیاد بنرێ، كە بە كەڵكی كشتوكاڵكردن نایەن. ڕێش لە گۆڕینی ڕەگەزی باخ زەوییە كشتوكاڵییەكان لە بەرهەمهێنی بەروبووم بۆ گەشتوگوزار بگیرێت، كە لەم ساڵانەی دوایی بووەتە دیاردەیەكی زەق لە هەرێمی كوردستاندا. ئەمە هەر نەك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەم، بەڵكو هۆكارێكیشە بۆ كەمبوونەوەی سەوزایی و پیسكردن و بەهەدەردانی ئاو و شێواندن و تێكدانی ژینگە، تەنانەت بۆ زیندەوەر و ئاژەڵە كێوییەكانیش.

چەند ئاماژەیەك هەن نیشانەی ئەوەن كە سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری كەرتی كشتوكاڵدا، بەڵام پێناچێ سەركەوتوو بێت لەم بوارەدا، تا ئەمانەی خوارە ئەنجام نەدات:

- سنوورداركردنی وەبەرهێنان لەبواری عەقارات و یەكەی نیشتەجێبوون و كۆتاییهێنان بە گەرمكردنی بازاڕی عەقارات و سەرمایەگوزاریی بیانی، بەتایبەت لە شاری هەولێر، كە هەم زیانی بە زەوی چاندن و كشتوكاڵی گەیاندووە، هەم مەترسیی گەورەیان لەسەر ئاسایشی خۆراك و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئێتنی هەرێمی كوردستان هەبووە و دەبێ.

- بەڕێوەبەر و ئەندامانی تیمی كوالێتیی كۆنتڕۆڵی بەروبوومەكان لەژێر چاودێریی چڕدا بن و زوو زوو بگۆڕدرێن، تا دەرفەتی سەفقەیان بۆ نەڕەخسێت لەگەل بازرگانەكاندا. هەوڵ بدرێ نموونەی تێستكردن لە عەلوە و گومرك و مەیدانەكانیش وەربگیرێت، نەك هەر لە مەرزەكان.

- زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكان، باس دەكرێ ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكان، شێوازی كار و ژیان و ماددە خۆراكییەكان بێت، بەتایبەت ئەو دەرمان و پەیینانەی لە زووپێگەیاندنی بەروبوومە كشتوكاڵی و ئاژەڵی و پەلەوەرەكاندا بەكار دەهێنرێن.

- كەمیی نمرەی وەرگیران لە بەشەكانی كۆلێژی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری نیشانەی بە لاوەكی سەیركردنی سێكتەرەكەیە، بۆیە دەبێ حكومەت سیاسەتێكی هاندانی تایبەت بگریتە بەر و بایەخێكی تایبەت بە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ بدات.

- وەزارەتی كشتوكاڵ لەمەودوا وەزارەتێكی سیادی بێ و وەزیر كەسێكی پسپۆڕ بێ لە بوارەكەدا، بۆردێكی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و بازرگانیدا هەبێت.

 

Top