هەستەوەریی بەهار
لەگەڵ هەموو جوانییەكانیدا، بەهار سەرەتایە بۆ هەستەوەرییە وەرزییەكان. هەڵاڵەی ڕووەكەكان Pollen هۆكارە بۆ پژمین و نیشانەكانی دیكەی هەستەوەریی لووت و ڕێڕەوی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە، كە بە هەستەوەریی یان تای كا یان گیا Hay fever ناسراوە. دار و درەخت، گژوگیا یان سەوزایی دیكە دەنكی ورد بە هەوا و دەورەبەردا بڵاو دەكەنەوە، كە هەڵمژینیان لە هەندێك كەسدا دەبێتە ئەگەری هەستەوەری. لە لایەكی دیكە بارانی بەهار هاندەرە بۆ گەشەكردنی كەڕوو و پەیدابوونی كۆپانەكانی تۆز، كە هۆكاریترن بۆ هەستەوەری. نیشانەكان: زیادبوونی دەردراوی لووت، لووتگیران، زیاد فرمێسككردن، كۆكە، پژمین، خورشتی چاو و لووت، هەروەها پەیدابوونی ئەڵقەی تاریك لە ژێرەوەی چاوەكاندا. چارەسەركردن: ئەگەرچی چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ هەستەوەریی بەهار لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە بەكارهێنانی چەند دەرمانێك نیشانەكان تا ڕادەیەكی باش سووك دەبن، بۆنموونە دەرمانی دژەهیستامین، دڵۆپ یان سپرای لووت بۆ سووككردنی گیرانی لووت هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی دڵۆپی دژەهەستەوەری بۆ چاو.
