خۆراكی شۆر پێست پیردەكات

خۆراكی شۆر پێست پیردەكات

خۆراكی شۆر هاندەرە بۆ زووپیربوونی پێست Skin aging، چونكە هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی شلە و كەمبوونەوەی شێداریی پێست لەوكاتەی كە پێست زۆر پێویستی بە شێداری هەیە بۆ هێشتنەوەی توانای لاستیكی و ڕێگرتن لە وشكبوون و لۆچبوون. جگە لەمانە، خۆراكی شۆر دەبێتە هۆی زبربوونی پێست و پەیدابوونی لۆچی هەمیشەیی، هەروەها هۆكارە بۆ زیادبوونی فشاری سترێس و بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن، كە دەبنە ئەگەری تێكشكانی پرۆتینی كۆلاجین لە پێستدا، دەرەنجام شۆربوونەوە Sagging و كەمبوونەوەی توانای لاستیكیی پێست. لە لایەكی دیكە بڕی زیادی خوێ (سۆدیۆم) لە خۆراكدا هۆكارە بۆ گلدانەوەی ئاو و ئاوسانێكی كەمی پێستی دەموچاو، بەتایبەتی لە دەوری چاوەكاندا، كە هاوكات لەگەڵ هەوكردندا زیان بە پێست دەگەیەنن. نموونەی چەند خۆراكێك كە ڕێژەی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن: سوپی قووتووكراو، جیبسی پەتاتە، پیتزا، خۆراكی خێرا، هەندێك جۆری پەنیر، چەرەزات و زەیتوونی شۆر، خیارشۆر، گۆشتی پرۆسێسكراوی وەكو باكۆن Bacon، هۆت دۆگ، هام Ham، سەلامی Salami، گۆشتی وشككراوی چێڵ.

 

 

Top