چەکى ئەنفال نەیتوانى و چەکى برسیکردنیش ناتوانێ

چەکى ئەنفال نەیتوانى و چەکى برسیکردنیش ناتوانێ

عێراق ئەو دەوڵەتە دەستکرد و ساختەیە کە لە دەرەوەى ئیرادە وخواستى نەتەوە و گەلانى ناوخۆیی دروستکراوە و بەرهەمى کۆلۆلینالیزمى بریتانى و فەرەنسى و بەرژوەندییەکانێتى و زیاتر لە یەک سەدەیە باجى بەرژوەندییەکانى و هەڵەکیان بە شەڕانگێزى و کۆمەڵکوژى دەدرێتەوە و هەرگیز ئاسودەیی و سەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینیووە .
لەگەڵ ئەوەشدا گەلى کورد ، لەناو ئەو هەموو جەگ و شەڕانگێز و ستەمکارى و ململانێییانەدا ،نەک هەر چۆکى دانەناوە ، بەڵکو رۆژ بە رۆژ بەهێزتر بووە ، توانیوێتى بەرامبەر بە چەک و تۆپ و تانک و کوشندەترین چەکى کۆمەڵکوژ و مووشەک و درۆن و پیلانگێرى قڕکردن خۆڕاگرانە بووەستێتەوە .
بەدرێژایی مێژوو ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەرچى تاوان و ستەنکارییان دژى گەلى کورد ئەنجامدا بەشێوەیەک ئەگەر ئەو گورزە کوشندانە و پیلان و سیناریۆیانە دژى هەر نەتەوە و گەلێکى تر بەکار بهێنرایە ، ئاسەواریشى نەدەما، بەڵام هەموو ئەو شەڕانگێزى و تاوانکارییانە نەک گەلى کوردى لەناو نەبرد بەڵکو زیاتر لە جاران بەهێزترى کرد ، ئەوەش وایکردووە کە دۆزى رەواى کورد هەنگاو بەهەنگاو و قۆناغ بە فۆناغ بەرەو پێشەوە هەنگاوە بنێت .
بەدرێژایی مێژوو ،ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بە هەموو توانایەکى سەربازى و هەواڵگرى و ئابوورى و دەروونى و راگەیاندن هەوڵى سڕێنەوە و خاپوورکردنى کوردوکوردستانیاندا ، ئیتر لە تیرۆر و زیندانیکردن و تا زیندەبەچاڵکردن و ئەنفال وکۆمەڵکوژى ، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانى بەناوى ئیسلامى و عەرەبى خۆیان بەرامبەر کۆمەڵکوژى کورد بێدەنگ و بێ هەڵوێست کردبووە و زۆرجاریس رەوایەتیان پێدەبەخشى ، هەموو جارێکیش ڕژێمەکانى عێراق و ئەوانى دیکە گەلى کوردیان بە جنۆکە و شەڕانگێز ناو وناتۆرەیان پێوە دەلکاند .
ئەمڕۆ ئیتر گەلى کورد لەم بەشەى کوردستان خاوەن قەوارە و پەرلەمان و حکوومەتى دانپێنراوى نێودەوڵەتییە و بەردەوامیش لە گەشەسەندن دایە ، هەر بۆیە نەیارانى گەلى کورد لەماوەى رابردوو و ئێستاشدا هەموو جۆرە پیلانگێرى و چەکێکیان بۆ لێدان و لاوازکردنى ، هەر لە بەکارهێنانى ئاگر وئاسن و تا گەلەکۆمەکى بگڕە تا چەکى ئابوورى و شەڕى شکاندنى ئیرادەى گەلى کورد و ئامانج تێیدا ، شڵەژانى کۆمەڵگەى کوردستان و تاکو کاریگەرى لە سەر بیروباوەرى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى تاکى کورد دابنێت ، لەوەش خراپتر زیانگەیاندن بە بەروبوومى کشتوکاڵى و هەناردەکردن کالاکانى کوردستان بۆ ناوچەکانى دیکەى عێراق ، پەکخستنى بازار ، کە ئامانجى ئەو شەڕە ئابوورییە ڕێگریکردنە لەگەشەسەندنى هەرێمى کوردستان و هەروەها دوژمنان خەونى ئەوە دەبینن کە بەم جۆرە فشارانە هەستى کوردبوون و کوردایەتیمان سارد و کاڵ بکەنەوە ، هەڵبەتە هەندێک کەس ولایەن و میدیاکانیان پاڵشتى ئەو پیلانگێرى و فشار و قەیرانە دەستکردانەى نەیارانى کوردستانن ، ئەوەش وایکردووە کە دەسەڵاتدارانى عێراق بە ویستى خۆیان پیلانگێرییەکانیان دژى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن .
بە شێوەیەکى گشتى ، ئەوەى لە ماوەى رابردوو وئێستاشدا دەسەڵاتدارانى عێراق بەرامبەر بە کوردستان دەیکەن ، درێژەپێدەرى ئەنفال و کۆمەڵکوژییە ، چونکە سیاسەتى برسیکردنى بەکۆمەڵ هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ڕژێمى ڕووخانى بەعس دژى گەلى کورد کردى .
شاراوەنییە ، عێراقى ئێستا لە خراپترین دۆخدایە ، بە شێوەیەک پەککەوتووە کە بەرهەمى زیاتر لە سەدەیەک کوشتن و بڕین و کۆمەڵکوژى و 22 ساڵ حکوومڕانى پڕ لە تاڵانکارى و گەندەڵى و دەسەڵاتدارانى شیعى و بەتاڵانبردنى ملیاردها دۆلار نەوت و کە دەکرا سێ عێراق سەر لەنوێى دروست بکرێتەوە و بنیات بنرێت ، ئەم عێراقە میلیشیاییە هیچ تر چوێنى ژیانى تێیدا نەماوە و خەڵکەکەى لە خراپترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبەن و دەیانهەوێت ، شکست و وێرانکارییەکانیان بە سزادان و گەمارۆدانى گەلى کورد و بڕینى مووچە و برسیکردنى 7 ملیۆن کورد بشارنەوە .
ئەوەى گرنگە و دەبێ هەموو هێزولایەنەکانى کورد و نیشتیمانپەوەر بزانن ، کە گۆرانکارییەکان دەرفەتێکى گرنگن بۆ ئەوەى خۆمان لە چەنگ دیکتاتۆرى و ستەمکارییەکانى بەغدا رزگار بکەین ، ئەوەى دوێنى دوژمنان و شۆڤێنیەکان نەیانتوانى بە ئەنفال و کیمیاباران ئیرادەمان بشکێنن ، بەدڵنییاییەوە بە چەکى برسیکردن نەتوانن ئیرادەمان لاواز بکەن و دەبێ بەبەهێزى وبەتایی ڕووبەڕووى فاشیزمەکان و نەیارانى کورد لە عێراق ببینەوە .

Top