بازنەی گفتوگۆ سەكۆیەكی كراوە بۆ گەنگەشەی بڕیاردانی دروست بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
دانانی ئەم ناونیشانە بۆ ئەوە نییە كە بمەوێت بە گفتوگۆكانی «بازنەی گفتوگۆ»دا هەڵبڵێم، یان لە قەوارەی خۆی گەورەتر پیشانی بدەم، نەخێر، ئەم ناونیشانە لە بنەڕەتدا داواكاریی بەشداربووانی چوار بازنەی گفتوگۆی ئەمساڵی 2025 ـە، كە لەسەر چوار خزمەتگوزاریی گرنگ «تەندروستی، پەروەردە، كارەبا، ژینگە» ئەنجام دراون و لەم چوار گفتوگۆیەدا نزیكەی 60 كەسایەتی لەسەر ئاستی «وەزیر، ڕاوێژكار، بەڕێوەبەرە گشتییەكان» ئامادە بوون.
دوای ئەوەی گوێیان لە ڕاپۆرتە مەیدانییەكەی بازنەی گفتوگۆ بووە، هەر جارێك بۆ ماوەی سێ كاتژمێر گفتوگۆ لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە كراوە و، ئاستی گفتوگۆكان ئەوەندە بەرز و كراوە بوون، خۆیان داوایان كردووە با لە ناو هۆڵی ئەم گفتوگۆیەدا كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئامادەن، با هەر لێرە ڕەشنووسی بڕیارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئامادە بكەین و لە وەزارەت دەست بە جێبەجێكردنی بكەین.
لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتووگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان)، لەسەر پێشنیازی نوێنەری نووسینگەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، پێشنیاز بۆ بازنەی گفتوگۆ كرا ئەم گفتوگۆیە بە كراوەیی بهێڵێتەوە و گرووپێك لە تۆڕەكانی سۆشیالمیدیا بە ناوی «گرووپی ژینگەپارێزان» دروست بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆكە بەردەوامیی زیاتری هەبێت.
لە دەستپێكی ئەم گفتوگۆیەدا بەڕێز سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: «بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ بیست و هەشتەمین گفتوگۆ بەڕێوە دەبات، من ئاگاداری جددیەتی گفتوگۆكانی ئەم بازنەیەم و بەشدارییشم لەو ڕێوڕەسمانەدا كردووە كە هەر شەش مانگ جارێك گفتوگۆكان دەكەن بە كتێب و دابەشی دەكەن. بۆیە لە گفتوگۆی ئاست بەرزدا دەبێت ئێمە بەم جۆرە گفتوگۆ بكەین كە چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە».
خاڵێكی دیكە كە ئەویش وەك پێشنیاز درایە بازنەی گفتوگۆ و داوایان لێ كرد بە ئەمانەتەوە ئەم پێشنیازە لە ڕێگەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە بگەیەندرێتە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەتا «مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان» ڕابسپێرێت لە خولی ئەم جارەی پەرلەمانی كوردستان دەستپێشخەر بێت بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە، هەمواركردنەوەی یاسای ژینگە، هەروەها پێداگریی تووند بكات بۆ ئەوەی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە جارێكی دیكە بكرێتەوە بە وەزارەتی پاراستن و چاككردنی ژینگە».
لایەنێكی دیكەی بازنەی گفتوگۆ ئەوەیە، ئەو میوانانەی بەشداریی ئەم گفتوگۆیانە دەكەن، تەنیا لەلایەن ئەندامانی بازنەی گفتوگۆوە و لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و پسپۆڕیی تایبەت بە ناونیشانی گفتوگۆكە دەستنیشان دەكرێن و بانگهێشت دەكرێن، بەبێ ئەوەی جیاوازی بكەن سەر بە كام لایەنی سیاسییە یان سەر بە كام نەتەوە و ئایین و مەزهەبێكە. لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەشی تا ئێستا ڕێكیان خستووە و بەڕێوەیان بردووە، ئەم مۆزاییكە ڕەنگدانەوەی هەبووە و زۆرجار ناچار بوون پەنا بۆ وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ ببەن، كە من وەك بەرپرسی بەش و سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆ، دەستخۆشییان لێ دەكەم.
دروستبوونی متمانە بە بازنەی گفتوگۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەر و ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میتۆدەی كە بازنەی گفتوگۆ لەگەڵ بەشداربووانی گفتوگۆكان پیادەی دەكات، كە میتۆدێكی تازەیە، لەم میتۆدە تازەیەدا بازنەی گفتوگۆ ڕێز لە هەموو جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەكان دەگرێت. مافی بڕیاردانی بڵاوكردنەوە، كە مافێكی تایبەتیی هەر ناوەندێكی ڕۆشنبیری و سیاسییە، دەستبەرداری بووە و گێڕاویەتیەوە بۆ بەشداربووانی گفتوگۆكە، ئەمەش زۆر ڕاشكاوانە بەو مانایەی «دوای ئەوەی بازنەی گفتوگۆ بە ئەمانەتەوە بۆچوونەكانیان دادەڕێژێتەوە و بۆیان دەنێرێتەوە، ئەوان خۆیان بڕیاری بڵاوكردنەوەی دەدەن، كە ئەمەش جیا لەوەی پێچەوانەی نەریتی باوی ڕۆژنامەگەرییە، بەڵام بناغەی ئەو متمانەیەیە كە بۆ بازنەی گفتوگۆ دروست بووە.
بازنەی گفتوگۆ لە ماوەی 28 مانگی تەمەنی خۆی و لە میانەی ئەو 28 گفتوگۆ گرنگانەی بەڕێوەی بردوون، بە پراكتیكی ئەوەی سەلماند كە جیاوازیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، جیاوازیی نێوان بیربۆچوون و هێز و لایەنە سیاسییەكان، سەرچاوەی هێزن بۆ تەواوكردنی یەكتری و مانەوەی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكان پێكەوە بۆ لێكتێگەیشتن و هاریكاریكردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دروستكردنی پێشنیازی دروست و ڕاسپاردە، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە شان بدەینە بەر چارەسەركردنی كێشەكان و پێكەوەژیانی برایانە لەم نیشتمانەدا.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە لەبەر ڕۆشنایی ڕێبازی بارزانی، سەركردایەتییەكەی ڕەنگدانەوەی تەواوی جیۆگرافیای كوردستان بووە. بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیش وەك بەشێك لەناو ئەو جیۆگرافیا بەرینەی كوردستانەوە هەوڵی داوە هەموو كوردستان لە وێنەیەكی گەورەدا بەرجەستە بكاتەوە و، بازنەی گفتوگۆش كە ئۆرگانێكی سەربەخۆی ئەم بەشەیە، بە هەمان میتۆد كار دەكات كە گفتوگۆ و یەكتری قبووڵكردنە، كە ئەمەش تایتڵە گەورەكەی پێناسەی ڕێبازی بارزانییە.
