پ.د. گەلاوێژ عوبێد پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان: پرۆژەی ڕووناكی ژمارەیەكی زۆری موەلیدەكانی كوژاندەوە بەمەش ژینگە خاوێن دەبێتەوە
پ.د. گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لێژنەی تەندروستی و ژینگەش بووە، پسپۆڕە لە زانستی «بۆماوەزانی»، وێڕای ئەمانەش یەكێكە لەو خانمە چالاكانەی كە ڕۆڵێكی گرنگی لە چاودێریی تەندروستی و پاراستنی ژینگە لە چوارچێوەی كارەكانی وەك پەرلەمانتاری كوردستان هەبووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان)، بەمجۆرە دید و بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
جێگەی دەستخۆشییەكی گەورەیە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم گفتوگۆیەی لەسەر پرسێكی زۆر گرنگ «بایەخدان بە پاراستنی ژینگە» ڕێك خستووە و ئەم هەموو بەرپرس و پسپۆڕەی پێكەوە كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی زۆر ڕاشكاوانە گفتوگۆی لەسەر بكەین.
ژینگەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییانە نییە كە ئێستا عێراق و جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بۆیە ئێمەش پێویستمان بەوەیە توێژینەوەی زۆر گرنگ و ئامادەكاریی زۆر باش بكەین، بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لە ژینگەدا ڕوو دەدەن.
وەك پسپۆڕیی خۆم دەمەوێت لە لایەنە تەندروستییەكەیەوە باس لە پاراستنی ژینگە بكەم، ئەمەش لەبەر ئەوەی گۆڕانكارییەكان تەنیا كاریگەرییان لەسەر ژینگە نییە، بەڵكو ئەو گۆڕانكارییانە كاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤەكانیش دروست دەكات، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی توێژینەوە لەسەر گۆڕانكارییە ژینگەییەكان بكەین، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە لە ساڵی ٢٠٢٢ توێژەرانی هۆڵەندا بۆ یەكەمجار مایكرۆپلاستیكیان لە خوێنی مرۆڤدا دۆزییەوە. هەروەها گەردیلەی پلاستیكی وردبینی لە دڵی ئەو كەسانەدا دۆزرایەوە كە لە ساڵی ٢٠٢٣ نەشتەرگەریی دڵیان بۆ كراوە، هەروەها گەردیلەی پلاستیكی لە ئەندامەكانی زاوزێی پیاوان دۆزرایەوە.
لەوانەیە ئاسایی بێت كە گەردیلە پلاستیكییەكان ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە بۆ ناو ئەو ئەندامانە. بەڵام سەرسوڕمانەكە ئەوە بوو كە لە مێشكدا دۆزرایەوە كە بۆ ئەوە دروست كراوە شتەكان لە دەرەوە بمێنێتەوە، لە ڕێگەی ئەو شتەی كە پێی دەوترێت «بەربەستی خوێن- مێشك».
بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە لە گۆڤاری (Nature) بڵاو كراوەتەوە، نانۆپلاستیك دەتوانێت بچێتە ناو پەردەی خانەكان و بگاتە مێشك، كە تا 30 هێندەی جگەر و گورچیلە مایكرۆپلاستیك لەخۆ دەگرێت. توێژەران پێیان وایە خانەكانی بەرگری ئەو گەردیلە پلاستیكییانە دەخۆن و بەناو خوێندا دەڕۆن و دواجار لە خوێنبەرەكانی مێشكدا جێگیر دەبن.
تەنۆلكەكان كە دەتوانن لە شانەكانی ناوەوە كۆببنەوە، دەبنە هۆی كاریگەری درێژخایەنی تەندروستی، وەك هەوكردن، یان تێكچوونی هۆرمۆنەكان. توێژینەوەكە دەری خستووە كە چڕیی مایكرۆپلاستیك لەو كەسانەی كە بەهۆی نەخۆشیی بیرچوونەوە گیانیان لەدەست داوە، نزیكەی شەش هێندە زیاترە لە چاو ئەوانەی مێشكی تەندروستیان هەبووە.
لەم چوارچێوەیەدا «هۆشیاریی ژینگەیی» بە پلەی یەكەم دێت. بەپێی توێژینەوەیەك كە لەمانگی شوباتی 2022 بڵاو كراوەتەوە سەبارەت تەنە هەڵواسراوەكانی ناو هەوا «air particles» كە پێوەرێكە بۆ ڕێژەی ئەو تەنە وردانە لە هەوادا و پێی دەگوترێت پارتیكڵ ماتەر «PM» و، پێوەرێكیان داناوە بریتییە لە « PM2.5»، بەپێی ئەم پێوەرە هەوای عێراق دەیەمین پیسترین هەوایە لە جیهاندا، ئەم پێوەرە دەریخستووە كە ڕێژەی پاتیكڵ ماتەر لە هەوای عێراقدا (39.6) مایكرۆگرامە لە هەر مەتر سێجایەكدا، كە بەپێی ستاندەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی نابێت لە پێنج مایكرۆگرام لە مەتر سێجایەكدا زیاتر بێت، لەمبارەوە ئاژانسی ژینگەی ئەمریكی ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر ڕێژەی پارتیكڵ ماتەر زیاتر بوو لە 35.5 مایكرۆگرام لەیەك مەتر سێجای هەوادا ئەوا چەندین كێشەی تەندروستی بۆ دانیشتووانی ئەو وڵاتە دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییەكانی سی و زۆر بوونی شێرپەنجە.
بەپێی توێژینەوەی ماستەرنامەیەك كە لەسەر نەخۆشییەكانی شێرپەنجە كراوە، ئێستا شێرپەنجەی پێست لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ناو دەیەمین نەخۆشییەكانی شێرپەنجە كە پێشتر لەو ڕیزبەندەدا نەبوو.
ئێمە وەك لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی نەخۆشخانەكانمان كردووە و بەدواداچوونمان بۆ شێوازی مامەڵە و لەناوبردنی پاشماوە پزیشیكیەكان كردووە، بۆ ئەم پرسە و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ لەناوبردنی ئەو پاشماوانە چەندین پێشنیارمان پێشكەشی پەرلەمان و حكومەت كردووە.
ئەگەر تەنیا بچینە شەقامی پزیشكان لە هەولێر و سەرنج بدەین چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشماوە پزیشكییەكان دەكرێت، دەبینین پاشماوەی پزیشكیی تاقیگاكان دەكرێنە هەمان ئەو حاویەیەی كە پاشماوەی خۆڵ و خاشاكی ئاسایی تێدەكرێت، بۆیە ئێمە پێشنیارمان بۆ وەزارەتی شارەوانی كرد كە چەند سەیارەی گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك تایبەت بكات بە كۆكردنەوەی پاشماوە پزیشكییەكان و ڕێگە نەدات تێكەڵی خۆڵ و خاشاكی ئاسایی بكرێت.
هەروەها پێشنیارمان كرد كە پاشماوەی شلەكانی پزیشكی ناكرێت تێكەڵاوی ئاوەڕۆ بكرێت و دەبێت چارەسەر بكرێن. هەروەها بۆ پاشماوەی نەخۆشخانەكان تەنیا دوو دانە شوێنی چارەسەر بە ئۆتۆكلیڤ شرێیدەر هەبوو لە نەخۆشخانەی نانەكەلی و نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایكبوون، پێشنیاری ئێمە ئەوە بوو، كە دەبێت هەموو نەخۆشخانەكان ئامێری تایبەت بە سووتاندنی پاشماوەی پزیشكی هەبێت كە پێی دەڵێن «autoclave shredder» نەك ئاگردان «المحرقة»، ئەمەش لەبەر ئەوەیە نابێت دووكەڵی ئەو پاشماوە پزیشكییانە تێكەڵی هەوا بێت و پیسی بكات. بۆ ئەمەش پێشنیاری ئێمە ئەوە بوو ئامێری ئۆتۆكلەیڤ شرێدەر زیاد بكرێت، لەبەر ئەوەی ڕۆژانە ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە بڕی 120 كیلۆگرام پاشماوەی پزیشكیان هەبوو، بەڵام تەنیا 15 كیلۆگرام یان دەنارد بە ئامێرەكانی ئۆتۆكلەیڤ شریدەر بسووتێنرێت .
سەبارەت بە مەترسیی وشكەساڵی، بێگومان وەك بینیمان لەساڵی 2022 بە هۆی وشك بوونی زۆنگاوەكانی باشووری عێراق نزیكەی 3000 خێزان ئاوارە بوون، لەسەر ئەم پرسە ڕاپۆرتێكم پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرد، لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە لە ساڵی 2040 هەردوو ڕووباری «دیجلە و فورات» وشك دەبن و ئەمەش دەبێتە مەترسییەكی گەورەی بە بیابانبوون، بۆیە دەبێت لە ئێستا كار بكەین بۆ ئەوەی ڕێگە لەو مەترسییە بگرین.
بۆ بایەخدان بە پاراستنی ژینگە چەند پێشنیارێك سەبارەت بەو سێكتەرانە دەخەمەڕوو كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پیسبوونی ژینگەوە هەیە:
1- بۆ ڕێگرتن لە پیسبوونی هەوا پێویستە ئەم ڕێكارانە بگیرێنەبەر:
- بەكارهێنان و دروستكردنی هێڵی گواستنەوەی گشتی بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵیی شەقامەكان و كەمكردنەوەی تێكەڵاوبوونی دووكەڵ لەگەڵ هەوادا.
- وەبەرهێنانی گەورە لە وزە نوێبووەكان بكرێت، بەتایبەتی لە بەكارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
- بە وردی چاودێریی كارگە و پاڵاوگاكان بكرێت و ڕێنماییەكانیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت.
- پێشتر لە هەموو هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی هێجگار زۆر موەلیدە هەبوون، بەڵام خۆشبەختانە لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناكی، ژمارەیان كەم بووەتەوە و كەمتریش دەبێتەوە، بەڵام گرنگە ڕێگە نەدرێت نانەواخانە، یان كارگەكان نەوتی ڕەش بەكار بهێنن.
2- ڕێگرتن لە پیسبوونی سەرچاوەكان ئاو:
- نابێت ڕێگە بدرێت پاشماوەی كارگەكان لە نزیك و لێواری سەرچاوەكانی ئاو فڕێ بدرێن.
- نابێت ڕێگە بدەین سەرچاوەكانی ئاو بە پاشماوەی ماددە كیمیاییەكان پیس بكرێن.
- پێویستە لە هەندێك شوێن پێوەر دابنرێت بۆ زانینی ڕێژەی ترشە باران «Acid rain» كە بە هۆی ئاوێتە بوونی گۆگرد و نایترۆجین لەكاتی باران بارین دێتەخوارەوە.
3- پاككەرەوەكان هۆكارێكی سەرەكین بۆ پیسبوونی ژینگە، دەبێت سنووردار بكرێن.
4- دەبێت بە هۆشیارییەوە پەین و قڕكەرەكان لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بەكاربهێنرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانیش هۆكارێكن بۆ پیسبوونی ژینگە و خاك.
5- جیاكردنەوەی ئاوەڕۆی ناوچە پیشەسازییەكان لەگەڵ ئاوەڕۆی گشتی.
6- دەبێت توێژینەوەی مەزندە و ئایندەسازی بكرێت لەسەر كەشوهەوا، هەر بۆ نموونە بەپێی زانیارییەكانی كەشوهەوا مەزندەی ئەوە دەكرێت بۆ نموونە سبەی باران دەبارێت، دەبێت توێژینەوە لەسەر ئەوە كرابێت ئەو بارانە سوودمەندە، یان زیانی دەبێت.
7- پێویستە لە زانكۆ و پەیمانگاكان بەشی زانستیی تایبەت بە گۆڕینی كەشو هەوا بكرێنەوە و زانكۆكان پەیوەندیی نزیكیان لەگەڵ حكومەت هەبێت بۆ دانانی پلانی ستراتیژی بۆ ڕێگرتن لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.
