پ.د. دانا خدر مەولوود پسپۆڕ و تایبەتمەند لە سەرچاوەكانی ئاو و پاراستنی ژینگە: ئەوەی ئێستا سەبارەت بە پاراستنی ژینگە لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن باسی دەكرێت، بەڕاستی زۆر ڕووكەشە و وردبوونەوەی تێدا نییە
پ. د. دانا خدر مەولوود ئەندازیارە و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سەرچاوەكانی ئاو و پاراستنی ژینگە و لە ئێستادا جێگری سەرۆكی زانكۆی كوردستانە لە هەولێر و، خاوەنی سەدان توێژینەوەی ئەكادییمە لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە بواری ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی، هەروەها بەرپرسە لە سەنتەری توێژینەوەی ژینگەیی لە زانكۆی كوردستان - هەولێر. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان)، بە شێوەیەكی ئەكادیمی باسی لە پاراستنی ئاو و خاك و ئاوی ژێر زەوی كرد، كە دەبنە سێ فاكتەری گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە و بەمجۆرە بیروبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.
زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە بۆ ئەم گفتوگۆیە گرنگە لەسەر پرسی «پاراستنی ژینگە» بانگهێشتیان كردووین، كە بەڕاستی پرسێكە جێگەی مەترسیی ڕاستەقینەیە.
لەم ڕاستەوە من ڕاستەوخۆ و بێ پێشەكی دێمە ناو ئەم پرسە، ئەوەی ئێستا سەبارەت بە پاراستنی ژینگە لە هۆیەكانی ڕاگەیاندن باسی دەكرێت، بەڕاستی زۆر ڕووكەشە و وردبوونەوەی تێدا نییە. بۆیە من لێرەدا هەڵوەستە لەسەر چەند خاڵ دەكەم كە مەترسییەكانی ژینگە لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەخاتەڕوو:
1- گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە.
گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەركەوتووە و، بەم ساڵانەی دوایی لافاوی گەورەمان بینیوە، هەر بۆ نموونە لافاوی ساڵی 2019 ئاستی ئاوی زێی گەورەی گەیاندە لێواری پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەك و من خۆم كە سەردانی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەكم كرد، هێندەی نەمابوو بگاتە ناو پڕۆژەكە، وەك دەبینین، هەولێر بە خێراییەكی زۆر فراوان دەبێت، ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەی فراوانبوونە بەردەوام بێت، ئەوا لەماوەی سێ تاپێنج ساڵی دیكە لەوانەیە سنووری شاری هەولێر بگاتە دەوروبەری زێی گەورە، ئەگەر لافاوێك ڕووبدات، بگاتە پڕۆژەكانی ئاوی «ئیفراز یەك، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ و ئیفراز چوار»، ئەوا نیوەی هەولێر بۆ ماوەی سێ مانگ بێ ئاو دەبێت، لەم حاڵەتەشدا كەس ناتوانێت هاوكار بێت و ئەو كێشە گەورەیە چارەسەر بكات. بۆیە دەبێت خەمێك لەم پرسە بخۆین و هەوڵ بدەین چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە.
2- پرسی بە بیابانبوون كە بە هۆی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە دروست دەبێت.
لە دوایین كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی كەشوهەوای سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە پار لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو، ئێمە لەو كۆنگرەیە بەشدار بووین. لەو كۆنگرەیە توێژەرێكی توونسی كە قوتابیی خوێندنی دكتۆرا بوو، توێژینەوەیەكی لابوو، كە من سەیری ئەو توێژینەوەیەم كرد، زانیاری و داتای زۆر گرنگی تێدابوو. زۆر هەوڵم دا، ئەو داتا و زانیارییانەی لێوەربگرم، بەڵام ڕازی نەبوو كە بیدات. بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی لەو توێژینەوەیە خوێندمەوە، لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو ئەو دیاردەی بە بیابانبوونەی ئێستا لە وڵاتانی «كوێت، سعودیە، سووریا، باشووری عێراق» ڕووی داوە، بەرەو ئێرە دێن و دەگاتە هەولێر، هەر بۆیە كاتێك ئێمە هۆشداری لەسەر ئەم پرسە دەخەینەڕوو، ئەوا دەبێت وەك مەترسییەك سەیر بكرێت و پلانی بۆ دابنرێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ببینەوە، هەنگاوی یەكەمیش لە دیراسەتی ئەو دار و دەرختەوە دەست پێدەكات كە دەیچێنین. ڕاشكاوانەتر دەبێت زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و دارستانەكانمان بە شێوەیەكی زانستی بێت و بە دوای ئەو دارانە بگەڕێین كە ئەستوورن و ڕەگەكانیان بە قووڵی بە قووڵایی زەویدا ڕۆدەچن، ئەگەر وانەكەین، ناتوانین بەسەر ئەم مەترسییەدا زاڵ بین.
3- ڕێگریكردن لە بەهەدەردانی ئاوی ژێر زەوی و مامەڵەكردنی بە شێوەیەكی زانستی.
هەتا ئێستا لە كوردستان كار بەوە دەكرێت كە دەبێت دووریی نێوان بیرێكی ئاو لەگەڵ بیرێكی دیكە 500 مەتر بێت، بەڵام ئەم بۆچوونە بەسەر چووە، لەبەر ئەوەی زانایەكی ڕووسی سەلماندوویەتی «ئەگەر دووریی نێوان دوو بیری ئاو 1000 مەتریش بێت، هەردوو بیركە بكەونە ناو یەك حەوزی ئاوی ژێر زەوی، ئەوا گرفت دروست دەكات، بەڵام ئەگەر تەنیا دووریی نێوانیان 15 مەتر بێت، بەڵام بكەونە ناو دوو حەوزی ژێر زەوی، ئەوە گرفت دروست ناكات». بۆیە دەبێت ئێمە شێوازی خۆمان لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی بگۆڕین، بۆ ئەمەش بە پلەی یەكەم وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنی پەیوەندیدار كاتێك مۆڵەت بە لێدانی بیرێكی ئاو دەدات، دەبێت پێشتر شوێنی حەوزی ژێر زەویی ئاوەكە دیاری بكات، پاشان بینێرێت بۆ دەستەی ژینگە و پێكەوە بە هەماهەنگی ڕێوشوێنی یاسایی لەسەر پیادە بكەن.
خاڵێكی دیكە هەر سەبارەت بە ئاوی ژێر زەوی، دەبێت پێش لێدانی بیرەكە تاقیكردنەوە بكەیت، بەوەی ئایا ئەم بیرەی لێ دەدرێت، بەرهەمدارە یان نا، ئەگەر بەرهەمدارە، بۆ چەند ساڵ توانای ئەوەی هەیە ئاوی لێ دەربهێنرێت، بەڵام ئەم ڕێوشوێنە لە هەرێمی كوردستان و عێراق بوونی نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بیرێكی ئاو لێدرا، دەبێت وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بچێت تێستی ئەو بیرە بكات، ئەگەر بەهەمدار نەبوو دەبێت ئەو بیرە دابخات، لەبەر ئەوەی دانەخستنی ئەو بیرە دەبێتە هۆكاری ئەوەی حەوزێكی ژێر زەوی ئاو پڕ ببێتەوە و نەمێنێت، ئەمەش زیانێكی زۆر گەورە لە ئاوی ژێر زەوی دەدات.
4- مامەڵەكردنی دروست لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوی.
بەپێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن كوردستان ئاوی كەمە، من دەڵێم: كوردستان ئاوێكی زۆر زۆری هەیە، بەڵام مامەڵەكردنمان بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی زۆر زۆر خراپە. ئەو بارانەی ساڵانە لە كوردستان دەبارێت، ئەگەر بە شێوەیەكی زانستییانە كۆی بكەینەوە، دەتوانرێت بكرێتە سەرچاوەیەكی زۆر گەورەی ئاو، نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش.
یەكێك لەو ڕێگە دروستانەی لەم ساڵانەی دوایی بۆ كۆكردنەوەی ئاوی باران حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، ئەو بەنداوانەیە كە لە دەوروبەری هەولێر دەستی پێكردووە، كە یەكێكیان بەنداوی گۆمەسپانە كە هەنگاوێكی زۆر باشە، بەڵام میتۆدی زانستی بۆ كۆكردنەوەی دروستی ئاوی باران دەڵێت «پێویستە ئەم بەنداوە یەكەمجار لە خاڵی یەكەم دروست بكرێت، كە ئەویش ناوچەی حاجی ئۆمەرانە لەسەر سنوور، دوای ئەوە لە ڕایات و جوندیان دوو بەنداوی دیكە دروست دەكەین، بەمجۆرە قۆناغ بە قۆناغ دروستكردنی ئەو بەنداوانە بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە دەوربەری هەولێر، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە یەك دڵۆپ ئاوی باران بەفیڕۆ نەچێت و بڕژێتە ناو ئەو بەنداوانە، ئەگەر لە میتۆدی زانستەوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو سەیر بكەین، دەبوو ئێمەش لە حاجی ئۆمەرانەوە دەست پێبكەین و قۆناغ بە قۆناغ بەنداومان دروست بكردایە، تا دەگەیشتینە دەوربەری هەولێر.
ئەوەی دەمێنێتەوە و لە كۆتاییدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، هەنگاوی سەرەكی و گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی ئێستا كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە مەزندەی هەموو مەترسییەكی لێدەكرێت، ئەمەش بەو مانایەی هەم مەترسی وشكەساڵی و بەبیابانوون بوونی هەیە، هەمیش مەترسیی لافاو و بارانبارینێكی زۆر، لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەم مەترسییانە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە، بەڵام سرووشتی هەرێمی كوردستان بەوجۆرە هەڵكەوتووە كە دەتوانین هەم پێشبینی مەترسییەكان بكەین و هەمیش پلانی گونجاو دابنین و ڕووبەڕوویان ببینەوە، ئەو بەنداو پۆندانەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دروستكردنیان كردووە، هەنگاوێكی دروستە بۆ ڕێگرتن لە وشكە ساڵی و مەترسیی لافاو، بەڵام گرنگە بە شێوەیەكی زانستی و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو هەوڵ بدات هەوڵەكان بخاتەوە سەر ڕێگا زانستییە ڕاستەكە و هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بن، كە ڕێگە نەدات یەك دڵۆپ ئاوی باراناو بەفیڕۆ بچێت.
سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی كە سامانێكی نیشتمانییە و ئەو حەوزی ئاوانەی ژێر زەوی كە بە سەدان ساڵ و هەزاران ساڵ بە دڵۆپ دڵۆپ ئاوی باران پڕ بوون لە ئاو، دەبێت زۆر بە زانستییانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و، ڕێگە نەدرێت بە ڕێگەی هەرەمی هەر كەس بە ئارەزووی خۆی بەرانبەر بە نرخێك دراو ئاوی ژێر زەوی دەربهێنێت و بەفیڕۆی بدات، یان بەبێ ئەوەی بیرەكە تاقیكردنەوەی بۆ كرابێت، ڕێگە بدرێت بیر لێ بدرێت، پاشانیش ئەمە ببێتە هۆكاری ئەوەی حەوزی ئاوی ژێر زەوی دوای ئەوەی ئاوەكەی هێنرایە دەرەوە، حەوزەكە پڕ ببێتەوە و لە كیسمان بچێت.
