سیمای دەوڵەتمەداریی نێچیرڤان بارزانی لە كۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئەنتاڵیادا . . . هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی خێرە لە چارەسەركردنی كێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا
ڕۆژی 11ی نیسانی 2025 لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە شاری ئەنتالیا بۆ بەشداریكردن لە چوارەمین كۆڕبەندی دیپلۆماتی لە جیهاندا كە ساڵانە لە شاری ئەنتاڵیای گەشتیاری ئەنجام دەدرێت.
ئەم كۆڕبەندە جیهانییە ساڵانە بە سەرپەشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆكی توركیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ڕێك دەخرێت و، بۆ كۆڕبەندی ئەمساڵیش 4800 كەسایەتی لە 148 دەوڵەتی جیهان تێیدا بەشدار دەبن كە لە ناویاندا 20 سەرۆك دەوڵەت و حكومەت و 60 وەزیر هەن، كە 52 وەزیریان وەزیری دەرەوەی وڵاتانن، لەمەش زیاتر وەك ماڵپەری كۆڕبەندەكە ئاماژەی پێ كردووە، زیاتر لە 100 هەزار كەسیش ناوی خۆیان تۆمار كردووە كە بە ڕێگەی پەخشی ئۆنڵاین بەشداریی ئەم كۆڕبەندە بكەن.
لەم كۆڕبەندەدا، د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی عێراق دەكات، لە هەمان كاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە بەو مانایەی ئەو لۆژیك و ستراتیژییەی لەسەر ئاستی دیپلۆماتی هەرێمی كوردستانی كردووەتە فاكتەرێكی خێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئێستا هەمان لۆژیك و ستراتیژ، سەركردایەتیی دیپلۆماتیەتی دەوڵەتێكی وەك عێراق دەكات، كە بە هەموو پێوەرەكان لەناو كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك بەشێك لە كێشەكە سەیر دەكرێت، نەك بەشێك لە چارەسەر، هەر بۆیە بوونی ئەم لۆژیك و ستراتیژە لە نوێنەرایەتیی دیپلۆماتی عێراقیدا لەناو ئەم كۆڕبەندەدا گەرەنتییەكی باشە بۆ ئەوەی ڕووی دیپلۆماتیی عێراق وەك بەشێك لە كێشە وەربچەرخێنێت بۆ بەشێك لە چارەسەر.
مێژووی كۆڕبەندە جیهانییەكان لە دوای ڕاگەیاندنی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1945 دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو و، بۆ ئەو ساتە وەختەی كە لە ساڵی 1962 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گەیشتە بنبەست لە چارەسەركردنی تەنگژەی كەنداوی بەرازان لە كوبا و كار گەیشتە سەر لێواری هەڵگیرسانی شەڕێكی ئەتۆمیی كاولكەر لە نێوان هاوپەیمانیی ناتۆ بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا و هاوپەیمانیی وارشۆ بە سەرۆكایەتیی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان، بەڵام لەسەر لێوار گەڕایەوە و شەڕەكە هەڵنەگیرسا، هەر بۆیە لە دوای ئەم ڕووداوە «دەوڵەتمەداران و بڕیارسازانی ڕۆژئاوا» بیریان لەوە كردەوە كە دەبێت ساڵانە كۆڕبەندێك بە ناونیشانی «كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی» لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت، كە دەستپێكی یەكەمین كۆنفڕانسی میونشن لە ساڵی 1963 گرێ درا، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەو كات ئەم كۆنفڕانسە سنووردار بوو، بۆ نوێنەری دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ناتۆ و ساڵانە هەوڵیان دەدا، چارەسەر بۆ كێشەكانی نێوان هاوپەیمانیی ناتۆ و وارشۆ بدۆزنەوە و، مرۆڤایەتی لە كارەساتی شەڕێكی كاولكەر دوور بخەنەوە، سەركەوتنی كۆنفڕانسی میونشن لەم كارە قورسەدا بووە هۆكاری ئەوەی كە كۆڕبەند و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكان ببنە مودێلێك بۆ كێشەكانی دیكەی نێودەوڵەتی، هەروەك چۆن لە كۆتایی شەستەكانی ڕابردوو هاوكات لەگەڵ دەركەوتنی باهۆزی پۆست مۆدێرنە و داكشانی سیستمی دیموكراتیی ڕۆژئاوا لە بەدیهێنانی دادپەروەری و خۆشگوزارانی بۆ هاووڵاتیان، كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە ساڵی 1971 لە شاری داڤۆسی سویسرا دامەزرا و هەتا ئێستا نەك هەر لە كارەكانی خۆی بەردەوامە، بەڵكو كۆپیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە چەندین وڵاتی دیكەی جیهان كراوەتەوە كە نزیكترینیان «لوتكەی حكومەتەكانی جیهانە كە لە ساڵی 2016ـەوە ساڵانە لە دووبەی بەڕێوە دەچێت».
كۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئەنتالیاش كە لە ساڵی 2021 یەكەمین كۆڕبەندی لە سەردەمی مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی توركیا بەڕێوە چوو، لە ساڵی 2023 بەڕێوە نەچوو، بۆیە كۆڕبەندی ئەمساڵ دەبێتە چوارەمین كۆڕبەندی دیپلۆماتی، هۆكاری سەرەكی بۆ دامەزراندنی ئەم كۆڕبەندە دیپلۆماتییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش لە سووریا و عێراق لە 2014، هەر لەو ساڵەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بە جیهانی ڕاگەیاند: «ئێمە میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیین و ماوەی چوار سەدە حوكمڕانیی بەشێكی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری و بەشێكی فراوانی ئەوروپامان كردووە، بۆیە ئەزموونی ئێمە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە»، بە هەمان شێوە لە وتارەكەشیدا كە ڕۆژی 11ی نیسانی 2025 لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كۆڕبەندەكە لە ئەنتاڵیا پێشكەشی كرد، دووبارە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە و گوتی: «سیستمی نێودەوڵەتی وای لێهاتووە كە ناتوانێت هاوشان لەگەڵ ڕۆحی سەردەم هەنگاو هەڵبگرێت و ناتوانێت چارەسەری دروست بۆ كێشەكانی ناوچەكەمان بدۆزێتەوە»، ئەم پەیامەی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە سەرۆك كۆماری توركیا لە سیستمی نێودەوڵەتی نائومێد بووبێت، بۆیە دەیەوێت لە مینبەری ئەم كۆڕبەندەوە ئەقڵە هاوبەشەكان بۆ چارەسەری ئاشتی پێكەوە كۆبكاتەوە و جارێكی دیكە دیپلۆماتیەت بگێڕێتەوە بۆ جیهانێكی لەبەریەك هەڵوەشاوە كە ئەمە بووەتە ناونیشانی كۆڕبەندی ئەمساڵی ئەنتاڵیا.
قورسایی دیپلۆماتیی هەرێمی كوردستان
لە هاوكێشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لە دیمانەیەكی تایبەتی كەناڵی «Utv Iraq» كە بە زمانی عەرەبی پەخش دەكرێت، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە باسی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بوونیان هەیە، لە بەشێكیدا باسی سیمای دەوڵەتمەداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد كە چۆن بە لۆژیكانە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەدات، ئەم قەناعەتەی وەزیری دەرەوەی توركیا بە لۆژیكی ئاشتیخوازانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەر لە یەكەم ڕۆژی سەردانەكەی بۆ ئەم كۆڕبەندە و دیدارە تایبەتەكەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا ڕەنگدانەوەی هەبووە، لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد بووە لە توركیا، دەستپێشخەری بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد كە دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991، دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی بوو كە لە یەكەم سەردانی شاندی كوردستان بۆ لای توركۆت ئۆزاڵ سەرۆك كۆماری ئەو كاتی توركیا ئەم دەستپێشخەرییە خرایە ڕوو، و ئۆزال تا ڕاددەیەكی باش قەناعەتی بەم دەستپێشخەرییە هەبوو، لەو كاتەوە تا ئێستا سەرۆك بارزانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم كێشەیە دەكات كە بە شەڕ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت و دەبێت سەرەنجام هەر بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە، لەم چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی هەر لە كابینەی چوارەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، لەبەر ڕۆشنایی لۆژیكی سەرۆك بارزانیدا كاری بۆ ئەوە كردووە، گرژییەكان خاو بكاتەوە و كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و بە ئاشتی و دیالۆگ هەوڵ بدرێت كێشەكان چارەسەر بكرێت، بۆیە پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەمجارەش كە پشتگیریكردن بووە لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا، لە هەمان كاتدا پێشنیاریشی ئەوە بووە، نابێت هیچ لایەكیان لەم پرۆسە پەشیمان ببنەوە، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە توركیا وەك دەوڵەت پابەندی ئەو بەڵێنە بێت لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی دەستوورەكەی مافەكانی گەلی كورد لە توركیا بسەلمێنێت، لە هەمان كاتیشدا پەكەكەش پابەندی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت كە ئیمڕاڵییەوە داوای ئاشتی و كۆتاییهاتنی بە شەڕ كردووە.
هەروەها لە دیداری دووەمیشی لەگەڵ سەرۆك كۆماری سووریا، دیسان سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردووتەوە، ئەگەر سەرۆك كۆماری تازەی سووریا دەیەوێت كۆتایی بە شەڕ و كاولكاری لە سووریا بێت و هەنگاو بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە هەڵبگرێت، ئەوا دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگرێت، كە سووریا وڵاتێكی فرە نەتەوە و ئایینە و دەبێت مافی هەموو لایەك بسەلمێنێت و بە مافی گەلی كوردیشەوە لە سووریا، لە بەرانبەردا پیشاندانی نییەت باشی لەلایەن سەرۆك كۆماری تازەی سووریا بە پابەندبوونی بە مافی هەموو پێكهاتەكانی سووریا بە گەلی كوردیشەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سیمای دەوڵەتمەداری نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوازی ئاشتییانە بە تەقدیرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت.
بێگومان هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و سووریا بە شێوەیەكی ئاشتییانە كە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵە هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە بە شەڕ و سەركوتكاری كۆتایی بە كێشەی كورد بهێنرێت، ئەمە مانای ئەوەیە هێزی لۆژیك بۆ چارەسەری ئاشتییانە، سەرەنجام چۆكی بە لۆژیكی هێز دادا، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە هیچ كێشەیەك بە شەڕ و زەبر و زەنگ چارەسەر نابێت.
ئامانجی ئەم كۆڕبەندە دیپلۆماتییە كە زۆر بە ڕاشكاوی سەرۆك كۆماری توركیا و وەزیری دەرەوەی توركیا لە وتاری كردنەوەی ڕێوڕەسمی ئەم كۆڕبەندە ئاماژەیان پێكرد، ئەوەیە كە توركیا وەك دەوڵەت بە تەواوەتی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی هیچ كێشەیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە شەڕ چارەسەر ناكرێت بە كێشەی فەلەستین و ئیسرائیلیشەوە، بۆیە تەنیا ڕێگە ئەوەیە كە ئەقڵە ئاشتیخوازەكان پێكەوە كۆببنەوە و چارەسەری ئەقڵانی و هاوبەش بۆ كێشەكان بدۆزنەوە كە بەردەوام هەرێمی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكات.
لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم كۆڕبەندە، ئەو دیدار و كۆبوونەوانەیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی دەوڵەتانی جیهان ئەنجامیان دەدا. لە شوباتی ئەمساڵ و لە میانەی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان، دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی بەشێكی زۆری سەرۆك دەوڵەتان و بڕیاربەدەستانی جیهانی بوو، كە بە سەرسامییەوە لە كەناڵە عەرەبییەكان و عێراقییەكان ئاماژەی پێ دەكرا و هەڵوەستەی لەسەر دەكرا، لەم كۆڕبەندەشدا بەهەمان شێوە و وەك ئەمانوئێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەناو پاریسەوە لە كانوونی یەكەمی 2024 بە دۆناڵد ترەمپی ڕاگەیاند: «ئەگەر دەتەوێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەركەوتوو بیت، ئەوا دەتوانێت سوودێكی گەورە لە لۆژیكی ئەم دەوڵەتمەدارە وەربگریت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە»،ئەمەش پیشاندەری قورسایی دیپلۆماتیی هەرێمی كوردستانە لە چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
