مامۆستایانی زانكۆ هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس دەكەن

مامۆستایانی زانكۆ هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس دەكەن

 

لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پرۆسەی بۆلۆنا لە ناوەندەكانی زانكۆ جێبەجێ دەكرێت، سەرەتا لە 27 وڵاتی ئەورووپی ئەو پرۆسەیە جێبەجێكرا، ئەمڕۆش ٤٥ وڵاتی جیهان بە مەبەستی یەكخستنی خوێندن لە هەموو ئەورووپا ئەو پرۆسەیە جێبەجێ دەكەن. هاوكات لە زۆربەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش هەمان سیستەم و پرۆسە جێبەجێ دەكرێت. لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین ئایا پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس بەراورد بەسیستەمی پێشوو پێشبینی چ جیاوازی و كاریگەرییەكی لە داهاتوودا لێدەكرێت و چاوەڕێ دەكرێت تا چەند سیستەمەكە سەركەوتوو بێت؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سەرەتا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ماجید خەلیل مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، هێما بۆ ئەوە دەكات «بۆڵۆنیا پڕۆسێس یان پێواژۆی بۆلۆنیا لە ئێستادا لە زۆرێك لە زانكۆكانی كوردستاندا كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەم بەرنامەیە وابەستەیە بە تایپ و تیۆرێكی دیاریكراوی میتۆدییەوە، كە لە زۆرێك لە وڵاتانی دنیادا دەستیپێكردووە. دەكرێت لێرە لە كوردستانیش ئەزموون بكرێت. بەڵام هێندەی ئێمە ئاگادار بین، كە وا چوار بۆ پێنج ساڵە لە زانكۆی سلێمانیدا جێبەجێدەكرێت، جێگەیەكی ئەوتۆی نەگرتووە. چونكە بۆلۆنیا بۆ زانكۆیەك گونجاوە كە ئەم مەرجانەی تێدا بێت:

١- مامۆستا لەو ڕاستییە تێبگات كە بەڵێ قوتابی سەنتەرە، چونكە ئامانج لە پڕۆسەكە قوتابیانن. ئەبێت لە زەمینە و زیهنی قوتابیدا، ئازادی فێربوون، خواستی فێربوون، وەك مافێكی ڕەوا ڕێگەی بكرێتەوە و نابێت نەریتی پۆلیسی و سەپاندن و سنوور و كۆت و بەندی پەروەردەیی بوونی بمێنێ. هەڵبەتە ئەم ئەندێشەیە هێشتا ئەزموون نەكراوە. چونكە پەروەردەی زارەكی مامۆستایان، لەودیو كلاسیكەوەیە.

٢- بۆڵۆنیا پرۆسێس بۆ كۆمەڵگەیەك دەبێت كە سیكۆلار و دیموكرات بێت، بەداخەوە لێرە لۆژیكی ناباو هێشتا لە لوتكەی ئەزموونكردندایە.

٣- دەبێت ساڵنامەیەكی چەسپاو هەبێت. ئێمە دەزانین وا دە ساڵە لە زانكۆكانی سنووری سلێمانیدا بەردەوام نزیكەی نیوەی ساڵی خوێندن بایكۆت بووە و قوتابی بووەتە قوربانی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان. لە ڕەوشێكی وادا بۆڵۆنیا بوونی نامێنێ».

د. ماجید خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:

«جیاوازییەكە لەوەدایە خوێندن بەشێوەی كۆرس نابێت، بەڵكو دەبێتە دوو سیمستەر و وانەیەك تا كۆتایی ساڵ ناخوێندرێت، بەڵكو دەكرێت لە سیمستەرێكدا شوێنی بكرێتەوە، هاوكات بایەخی زۆر بە پرۆجێكت و پراكتیك و كاری مەیدانی دەدرێت، كە دیسانەوە هەم لەڕووی كوالێتی بینا و هۆڵ و تەكنەلۆژیای نوێوە نەمانتوانیوە ئەو ئەركە بگرینە ئەستۆ، هەمیش بۆڵۆنیا دەرفەت دەڕەخسێنێ كە بواری گەندەڵی لە پرۆسەی خوێندندا زیاتر زەمینەی بۆ بڕەخسێ، چونكە كۆنتڕۆڵی سەر قوتابی و مامۆستا كەمتر دەبێتەوە.

بۆیە بە لە پێش چاوگرتنی دابەزینی ئاستی قوتابیانی زانكۆ، دەركەوتووە كە فیدباكێكی دروست بۆ ئەم پێواژۆیە لە گۆڕێدا نییە و ناتوانێت سەركەتوو بێت».

تەرزە حوسێن مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە سیستەمەكە دەناسێنێت «سیستەمی بۆڵۆنیا     (ECTA) كورتكراوەی European Credit Transfer and Accumulation System واتا: سیستەمی ئەوروپی بۆ گواستنەوە وكۆكردنەوەی كۆشش.

ئەو سیستەمە لە 50 وڵاتی ئەورووپی و ڕووسیا و توركیا و چەند وڵاتێكی ئاسیا وئەفریقیا بە كوردستانیشەوە بەكاری دەهێندرێت.

زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی سیستەمی وەرزی (سیمستەر) دەكەن، لەسەر بنەمای كرێدیت (ECTS) و خوێندكار هەر ساڵێكی ئەكادیمی زانكۆ دابەش دەبێت بەسەر دوو وەرزی ئاسایی، كە بریتین لە وەرزی پایزە (Fall Semester) و وەرزی بەهارە (Spring Semester). ماوەی هەر وەرزێك (٢٠) هەفتە دەبێت بۆ ئەنجامدانی سەرجەم چالاكییەكانی خوێندن و تۆماركردن و تاقیكردنەوە، بە مەرجێك ماوەی خوێندن لە (١٤) هەفتە كەمتر نەبێت.

چوارچێوەی بنچینەیی پرۆسەی خوێندنی باڵا لەسەر بنەمای پێواژوی بۆڵۆنیا ( Higher Education Framework)

چوارچێوەی بنچینەیی بریتییە لە ئاستی بڕوانامەكانی خوێندنی باڵا لە زانكوكانی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بنەمای (ECTS) كرێدیتە و تێیدا پیناسەی لیهاتوویی (Qualifications) لە ڕووی دەرەنجامەكانی فێربوونەوە (Learning Outcomes) دیاریدەكرێت. بەگشتی چوارچێوەی بنچینەیی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان جگە لە زانكۆكانی پۆلیتەكنیك لەسەر بنەمای چوارچێوەی گشتگیری خوێندنی باڵای وڵاتانی ئەوروپی (Overarching Framework of Qualifications of the European Higher Education Area ) دیاری دەكرێت بو هەر ئاستێكی خوێندن. بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:

- ئاستی كورت مەودا (Short Cycle): بە شێوەیەكی ئاسایی خوێندنی دبلۆمی ECTS 120 Diploma Degree كرێدیتە. دەرچوو لەم ئاستە بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری پسپۆڕییەكەی پێی دەبەخشرێت.

- ئاستی یەكەم (First Cycle): بە شێوەیەكی ئاسایی خوێندنی بەكالۆریوس Bachelor›s Degree كە پێك دێت لە ٢٤٠ یەكە (ECTS) جگە لەو بەشانەی كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاری دەكرێن و پێویستیان بە كرێدیتی زیاترە بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس. دەرچوو لەم ئاستە بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری پسپۆڕییەكەی پێدەبەخشرێت.

- ئاستی دووەم (Second Cycle): خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر دەگرێتەوە

- ئاستی سێیەم (Third Cycle): خوێندنی دكتۆرا دەگرێتەوە.

سیستەمی كرێدت: هەر وانەیەك كرێدتی تایبەت بەخۆی هەیە، كە لەلایەن بەشەكانەوە دادەنرێت.

پڕۆگرامی خوێندن: پڕۆگرامی خوێندنی ئەكادیمی هەموو ئەو مۆدیۆلانە لەخۆ دەگرێت، كە تایبەتن بە وەرزەكانی خوێندن و لەسەر بنەمای دەرئەنجامەكانی خوێندن (Learning Outcomes) بۆ هەر ئاستێكی پڕۆگرام دادەڕێژرێن.

تەرزە حوسێن سەبارەت بە ئاستی جیاوازییەكانی ئەم سیستەمە بە سیستەمی پێشوو گوتی: «جیاوازی سیستەمی بۆڵۆنیا لەگەڵ سیستەمی پێشوو لە ڕووی ناوەڕۆك وشێوازی خوێندی وانەكان وتاقیكردنەوە جیاوازە، دەتوانم بڵێم ئەم سیستەمە لە ڕووی ئەكادیمی باشترە چونكە قوتابی ئاشنا دەكات بەشێوازی نوێی وانە چونكە تەنیا مامۆستا سەنتەر نییە بەڵكو مامۆستا و قوتابی پێكەوە ئەو زانستەی پێیانە دەیگەیەنن، ئەم سیستەمە وادەكات قوتابی هەوڵی زیاتر بدات لەسەر كۆكردنەوەی زانیاری لە بوارەكەی خۆیدا، لە ڕێگەی چالاكییەكان دەتوانێت ئەو زانستەی پێیەتی بیگەیەنێتە هاوڕێكانی و دەرگایەكی دیكەی خوێندن بەڕووی هاوپیشەكانی بكاتەوە و لە ڕێگەی سایتە زانستییەكان بەشێوازی نوێی زانست ئاشنا بێت، بەشێكی زۆری خوێندنەكە بە شێوەی پراكتیكی دەبێت، بەشداری كرداری قوتابیان لەناو هۆڵەكانی خوێندن هاندانێكە بۆ بەرەوپێشچوون و برەودان بە بیرۆكەی زانستی تاك».

گوتیشی: «دەكرێ سیستەمەكە وەكو وڵاتان جێبەجێبكرێت و هەموو ڕێگە زانستییەكان لەگەڵ ژینگەی كوردستان گەشەپێبدەین، دڵنیام لەوەی لە داهاتوودا دەتوانین لەناو زانكۆكانی كوردستان لە ڕێگەی مامۆستا و قوتابیان بیرۆكەی داهێنەرانە و پێشكەوتووخوازانە بۆ بەرەوپێشچوونی لایەنی ئەكادیمی لە بوارەجیاوازەكان جێبەجێبكەین، ئەمەش تەنیا بە مامۆستایان و قوتابی ناكرێت بەڵكو دەبێت لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و حكومەت گرنگی زیاتر بەم پڕۆسەیە بدرێت و شێوازە نوێیەكانی لەگەڵ ژینگەی كوردستان ئاشنا بكرێت، پێویستە ساڵانە گرووپی نوێی دەستەی باڵای ئەم پڕۆسەیە سەردانی وڵاتان بكەن تاكوئەبدێتی تازەی زانست و پڕۆسەكە بهێننەوە كوردستان و لەگەڵ ژینگەی زانكۆكانی هەرێم بیگونجێنن .

ڕەنگە سەرەتای هەموو پڕۆسەیەك كەموكوڕی هەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی تاسەر لەسەریەك سیستەمی خوێندن بەردەوام بین، بەڵكو لەگەڵ كرانەوەی جیهان دەبێت ئێمەش هەنگاوی تازە بنێین لە بواری پەروەردە و زانكۆكان .

د. بەهزاد تاهیر مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سەبارەت بە هەمان باس ئاماژە بەوە دەكات «سیستەمی خوێندنی بۆڵۆنا كە چەند ساڵێكە لە چەند زانكۆیەكی كوردستان جێبەجێ كراوە و ئێستا هەندێ زانكۆی تر لە قۆناغی جێبەجێ كردندان، باشی و خراپی خۆی هەیە بەڵام پێش ئەوەی باسی ئەوە بكەین و بەراوردی بكەین بە سیستەمی پێشوو، پێویستە بزانین كە جێبەجێ كردنی هەر سیستەمێك لەسەر هەر توێژێكی كۆمەڵگە پێویستی بە دروستكردنی زەمینە و ئامادەكاری هەیە.

 من وەك خۆم كە لە چەند زانكۆیەكی كوردستان وانە دەڵێمەوە كە ئەو سیستەمە جێبەجێ دەكەن، پێم وایە كە بۆ ئەو سیستەمە هیچ ئامادەكاری و دیراسەیەك نەكراوە و جێبەجێكردنی لە كوردستان دەیان كێشەی هەیە. ئەو سیستەمە كە لە ئەورووپا و بە دیاریكراوی لە ئیتاڵیاوە هێنراوەتە كوردستان، لەگەڵ تایبەتمەندی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت، لە بەر زۆر هۆكار لەوانە زۆری ژمارەی قوتابی لە ناو هۆل كە نابێت ژمارەیان لە 25 بۆ 30 قوتابی زۆرتر بێت، بەڵام لە كوردستان ئەو ڕێژەیە یەكجار زۆرە، هەندێك جار ڕێژەكە دەگاتە نزیكەی 70 قوتابی لە ناو هۆڵێكدا و بەمەش ناتواندرێت وەك پێویست سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە یەكێك لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی سیستەمەكە بریتییە لە بەشداری پێكردنی هەموو قوتابیان لە ناو هۆڵ، كە ئەمەش لەو حالەتەدا ناتواندرێت جێبەجێ بكرێت.

سەرەڕای ئەمەش سیستەمەكە لە ناو هۆڵ پێویستی بە كۆمەڵێك كەرەستە و ئامێر هەیە، تاكو بتواندرێت وەك پێویست جێبەجێ بكرێت، بۆ نموونە هەبوونی كۆمپیوتەر و هێڵی ئەنتەرنێت و كۆمەڵێك پێداویستی دیكە كە بۆ هۆڵەكە دابین نەكراوە، تەنانەت قوتابیان شارەزایی پێویستیان بۆ جێبەجێ كردنی سیستەمەكە نییە. كێشەیەكی گەورەتر لە جێبەجێكردنی سیستەمەكە بریتییە لە ناكارامەیی و ناشارەزایی مامۆستایان لە تەكنەلۆژیا و هۆشیاری لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێویست، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سیستەمەكە وەك پێویست جێبەجێ نەكرێت و تەنیا وەك ناو بۆڵۆنا بوونی هەیە و مامۆستاكان زۆربەیان هەر لە سەر شێوازە كلاسیكیەكەی خۆیان بەردەوامن، چونكە شارەزا نین و ڕاهێنانیان پێنەكراوە و بەشێكی زۆریان گوێ نادەنە بابەتەكە و ئەگەر ڕاهێنانیشیان پێ بكرێت هەر نایانەوێت یان ناتوانن سیستەمەكە بەكاربێنن.

لە ڕووی كولتووری و تێگەیشتنی قوتابی و مامۆستا و كۆمەڵگە بۆ سیستەمەكە، كێشەكە گەورەترە كە هەم مامۆستا لەگەڵیدا ڕانەهاتووە و شارەزا نییە، هەم قوتابی بە مەبەستی فێربوون نەهاتووەتە زانكۆ و سیستەمەكە بە جۆرێكە كە قوتابی دەتوانێت بە بێ خوێندن و ماندوو بوون نمرەی پێویست بهێنێت بۆ دەرچوون. سیستەمەكە كۆمەڵێك ئەركی ماڵەوە و سیمینار و ڕاپۆرت و چالاكی تێدایە كە زۆربەی قوتابیان خۆیان ئەنجامی نادەن، یان بە پارە ئامادەی دەكەن یانیش هاوكاری لە كەسانی دیكە وەردەگرن».

د. بەهزاد تاهیر سەبارەت بە ئەركەكەی وەكو مامۆستایەكی زانكۆ ئەوە دەخاتەڕوو» من وەك خۆم كە هەوڵمداوە سیستەمەكە وەك خۆی جێبەجێ بكەم، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی قوتابی بوومەتەوە، بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێم دەڵێن كە هیچ مامۆستایەك سیستەمەكە جێبەجێ ناكات و تۆش جێبەجێی مەكە، چونكە ئێمەی قوتابی لە ڕووی تەكنەلۆژیاوە كێشەمان هەیە و ناتوانین هەموو ئەركەكان وەكو پێویست ئەنجام بدەین، كەواتە ئەگەر مامۆستایەكیش بیەوێت سیستەمەكە جێبەجێ بكات، بەربەستی بۆ دێتە پێش.

بە گشتی دەتوانم بڵێم هەر سیستەمێك پێش جێبەجێكردنی بە سەر هەر توێژێكدا پێویستە بزانین كە ئایا ئەو توێژە تا چەند ئامادەیە و تایبەتمەندی جێبەجێ كردنی سیستەمەكەی تێدایە. ناكرێت بەرپرسانی بواری پەروەردە و فێركردن سیستەمێك هاوردە بكەن كە تاوتوێ نەكرابێت و بەبێ بەرنامە و ئامادەكاری و دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بەسەر مامۆستا و قوتابیدا بیسەپێنن، كە تەواوی پرۆسەی خوێندن بخاتە بەر داهاتوویەكی نادیار كە خۆشیان نازانن بەرەو كوێ دەڕۆن و ئاكامەكانی چی دەبن.

مامۆستایانی زانكۆ هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس دەكەن
مامۆستایانی زانكۆ هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس دەكەن
مامۆستایانی زانكۆ هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی بۆڵۆنا پرۆسێس دەكەن
Top