خاوەنكار پەخشان فەتاح: لە ئاییندەیەكی نزیكدا پڕۆژەیەك پێكدێنم و كۆمەڵێك خانمی بە ئەزموون دەخەمە سەركار
پەخشان فەتاح خانمێكی خاوەنكاری پڕ وزە و بە ئەزموونە، دوكانێكی تایبەت بە فرۆشتنی قوماش هەیە و هاوكات كاری دوورمانیش دەكات و دوكانەكەشی ناو ناوە(كەزی). ئەو خانمە خاوەنكارە دایكی پێنج منداڵە و ئەركی دایكایەتی نەیتوانیوە ڕێگر بێت لەبەردەم حەز و خولیای بڕین و دورمان.
پەخشان فەتاح ساڵی1983 لە تەكیەی كاكەمەند سەر بە قەزای چەمچەماڵ لەدایك بووە، لە ئێستادا دانیشتووی قەزای ڕانیەیە و وەك خۆی باسی دەكات تا پۆلی نۆی بنەڕەتی خوێندووە و لەبەر بارودۆخی ناهەمواری ئەو كاتەی كوردستان و سەختی ژیان نەیتوانیوە لە خوێندن بەردەوام بێت. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی كاركردنی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«من لە تەمەنێكی بچووكدا خولیای دورمانم لا دروست بوو، ئەویش بە حوكمی ئەوەی لە خێزانێكدا گەورە بووم كە تەواوی خانمەكان خەیات بوون، دایكم، نەنكم، خوشكم، پوورم، براژنم و خاڵۆژنەكانم هەر هەموویان دەستی خەیاتییان هەبوو.
بەداخەوە زوو لە خوێندن دابڕام و نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم، دەرچووی پۆلی نۆی بنەڕەتیم و لەبەر بارودۆخی ناهەمواری كوردستان و سەختی ژیان نەمتوانی لە خوێندنەكەم بەردەوام بم، لە ساڵێ 1997 بەشداری دەورەیەكی ئەكادیمیم كرد لە بواری بڕین و دوورمان و ئیشی دەستی توانیم پلەی یەكەم بەدەست بێنم، بۆیە مامۆستاكەم داوای لێ كردم لای خۆی ئیش بكەم، بەڵام ئەوكات بارودۆخ وابوو ئەگەر ئافرەت لە دەرەوە كاری بكردبا عەیبە بوو، بۆیە ماڵەوەمان ڕازی نەبوون لەگەڵ مامۆستاكەم كار بكەم، بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەوەی كە كاری خۆم بكەم، چونكە متمانەم بە تواناكانی خۆم هەبوو، دەمزانی لە بوارەكەمدا سەركەوتوو دەبم، بۆیە كە پێداگریم كرد دایك و باوكم تەمەنیان درێژ بێت بڕیاریاندا دوكانێكم بۆ دابنێن، ئەو ڕۆژەش خۆشترین ڕۆژی ژیانم بوو، قەت قەت ئەو هەستە خۆشەم بیرناچێتەوە.
یەكەم هەنگاوی كاركردنم لەوێوە دەستی پێكرد و دوكانێكی بچكۆلانەی خۆمم دانا، ڕێك بەرامبەر خەستەخانەی گشتی ڕانیە بوو، ناوم لێنا بەرگدووری نیشتمان، بەردەوام ئیشمان تێدا دەكرد خوای گەورە بەرەكەتی خستە ئیشەكەمەوە چوار كەس بەردەوام ئیشمان تێدا دەكرد خۆم، دایكم بەهار خان، پورە نازدارەكەم ئایشە خان و خوشكە دەستڕەنگینەكەم كەژاڵ خان، تا ساڵی 2002 بەردەوام بووم ئیدی لەو ساڵەدا ژیانی هاوبەشیم پێكهێنا، هەر لە ڕانیە مامەوە بەڵام كارەكەم گواستەوە بۆ گەڕەكی ڕاپەڕین.»
پەخشان فەتاح لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «ئینجا لە گەڕەكی ڕاپەڕین دەستم بەئیش كردەوە، دوای پێكهێنانی ژیانی هاوبەشمان لەگەڵ هاوسەرەكەم دەستم كرد بەكار لە ماوەیەكی كورتدا ئەو توانی ئیشێكی زۆر جوانتر و باشتر لە من ئەنجامبدات، ئەوەندە بەلێهاتوویی ئیش دەكات هیچ كات نەم توانیوە ڕەخنە لە دوورمانەكانی بگرم، سوپاس بۆخوا هەتا ئێستاش هەر هاوكارە لە هەموو بوارەكانی ژیانمدا.
لە ساڵی2004 خوای گەورەرە كچێكی نازداری پێ بەخشیم ناومان نا سانا خان هەر لەو ساڵەدا ناوی دوكانەكەم كرد بە بەرگدووری سانا و بەردەوام بووم لە كاركردن تا ساڵی 2019 قەدری خوای گەورە وابوو تووشی نەخۆشییەكی قورس و ناڕەحەتییەكی سەخت بووم، بەڵام لە كارەكانم دانەبڕام بەردەوام ئیشم دەكرد و چارەسەریشم وەردەگرت، ئەوەندە ئیشەكەمم خۆشدەویست نەمدەتوانی دەستبەرداری بم و فرمێسكی چاوەكانم لەگەڵ تەقەڵی داوەكە ڕژاونەتە سەر پارچە قوماشەكان، بەڵام هەر كۆڵم نەدا یەقینم هەبوو كە دوای هەموو ناخۆشییەك خۆشی لەدوایە، دوای چەندین جەلسەی چارەسەری و چەندین نەشتەرگەری توانیم نەخۆشییەكە تێپەڕێنم، سوپاس بۆ خوای گەورە كە تێپەڕی.
لە ساڵی2024 تەندروستیم باش بوو بە گوڕوتینی زیاتر كەوتمە ئیشكردن دوكانی قوماشم دانا وگرنگی زیاترم بە ئیشەكەمدا تا ئێستاش هەر بەردەوامم بە فەزڵی خوا هەر بەردەوامیش دەبم، دواجار ناوی دوكانەكەم كرد بە كەزی چونكە دەمەوێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا پڕۆژەیەك پێك بێنم چەندین خانمی بە ئەزموون بخەمەسەر كار ناوی پڕۆژەكەشم كەزی دەبێت، چونكە كەزی جوانی ئافرەتە بۆیە ئەو ناوەم هەڵبژارد».
