برایەتی لە ئیسلامدا گەنجینەیەکی گرانبەهای مرۆڤایەتییە

برایەتی لە ئیسلامدا گەنجینەیەکی گرانبەهای مرۆڤایەتییە

 

مرۆڤ بە سروشت خۆی پێویستی بە ژیان لەگەڵ خەڵکدا هەیە، چونکە ناتوانێت بە تەنها لەژیانێکی ئارام سەرکەوتووبێت لە نێوان ئەو پەیوەندییانەی کە مرۆڤ دروستی دەکات، برایەتی و هاوڕێیەتی جێگەیەکی تایبەتی هەیە.

ئیسلام وەک ئایینی میهرەبانی و مرۆڤایەتی، گرنگییەکی زۆری داوە بە برایەتی و کردوویەتی بە بناغەی دروستکردنی کۆمەڵگە پێشکەوتوو.برایەتی یەکێکە لەو بەها بەرز و جوانانەی کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگی پێداوە، چونکە مرۆڤ بە سروشتە کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە تەنها بژی. هاوڕێ و برایەتیی چاک دەبێتە هۆی ئارامی دەروون و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن. بۆیە ئیسلام هانی داوە کە پەیوەندیی برایەتی و خۆشەویستی لەنێوان تاک وکۆمەڵگا بەهێز بکەن.خواى گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ﴾واتە:بێگومان ئیوەی باوەڕداران هەموتان برای یەکترن.

ئەم ئایەتە ڕوونی دەکاتەوە کە بنەمای پەیوەندیی نێوان موسڵمانان بریتییە لە برایەتی، نە دوژمنایەتی و جیابوونەوە.برایەتیی ڕاستەقینە ئەوە نییە تەنها لە کاتی خۆشی و شادیدا هاوڕێی یەکتر بین، بەڵکو لە کاتی ناخۆشی و تاقیکردنەوەی ڕۆژانە پشتگیری و یارمەتی یەکتر بکەین. هاوڕێی چاک و دڵسۆز وەک چرایەکی رووناکی بەخش وایە کە ڕێگای چاکە و ڕاستی پیشان دەدات. پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی:(الرَّجُلُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ، فَلْيَنْظُرْ أَحَدُكمْ مَنْ يُخَالِل) مرۆڤ لەسەر ئایینی هاوڕێکەیەتی، بۆیە با هەر یەکێکتان بزانێت کێ دەکاتە هاوڕێی ڕۆژانەی خۆی.

ئەم فەرموودەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هاوڕێی چاک کاریگەرییەکی گەورە لەسەر رەوەشت و ڕەفتاری مرۆڤ هەیە.لە مێژووی ئیسلامدا نموونەی زۆری برایەتیی ڕاستەقینە هەبووە. برایەتیی نێوان موهاجیر و ئەنسار نموونەیەکی بەرزی خۆشەویستی و فیداکاری بوو، تا ڕادەی ئەوەی ئەنسارەکان ماڵ و سامانی خۆیان لەگەڵ براکانیان دابەش دەکرد. ئەمەش وانەیەکە بۆ هەموو کۆمەڵگەکان کە بە یەکگرتوویی و خۆشەویستی دەتوانرێت کێشە و ناخۆشییەکان چارەسەر بکرێن.هاوڕێی خراپ بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کەسایەتی و دورکەوتنەوە لە تاک وکۆمەڵگە. زۆرێک لە گەنجان بەهۆی هاوڕێی نادروست کەوتوونەتە ناو هەڵە و تاوان و کێشەوە.


بۆیە ئیسلام فێرمان دەکات کە هاوڕێی چاک هەڵبژێرین؛ ئەو هاوڕێیەی کە بەرەو چاکە و خواپەرستی وخواناسی مان دەبات.


برایەتی لە ئیسلامدا تەنها وشەیەک نییە لەسەر لێوەکان بێت، بەڵکو کردار و بەرپرسیارێتییە. برایەتی واتە یارمەتیدانی هەژار و سەردانکردنی نەخۆش و


چارەسەری کێشەکانی یەکتر لەسەر بنەمای ڕاستەقینە، پاراستنی ڕێز و شەرەفی براکەت و نزا کردن بۆ یەکتر. کاتێک ئەم بەهاو هۆشیارانە لە کۆمەڵگەدا بڵاودەبنەوە، دڵەکان نزیک دەبنەوە و ئارامی و ئاسوودەیی زاڵ دەبێت


لە کۆتاییدا؛ برایەتی گەنجینەیەکی گرانبەها و پیرۆزە کە ژیانی مرۆڤ جوانتر دەکات. هانی مرۆڤایەتی دەدات بە خۆشەویستی، هاوکاری بژین، چونکە کۆمەڵگەیەکی بەهێز ئەوەیە کە تاکەکانی وەک برا و هاوڕێ لەگەڵ یەکتر مامەڵە بکەن. بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین برایەتیی ڕاستەقینە لە نێوان خۆماندا بەهێز بکەین و بە کردار پیشانی بدەین.

د. عەبدولعەزیز مەنتك.

بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

Top