باشترین بژاردە بۆ پشووی هاویـنەی منداڵان دەخرێنەڕوو
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی ئەنجام درا و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی لە پشووی هاوینەدان.
دەروونناسان و شارەزایانی بواری پەروەردە، جەخت لەوە دەكەنەوە، دەبێت بەخێوكاران پلانێكیان هەبێت بۆ منداڵەكانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینە و فێریان بكەن، چۆن پلان بۆ كاتەكانیان دابنێن و هەموو كاتەكانیان بە خەو و بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر نەبەن، بە شێوەیەك كە هیچ سوودی نەبێت و تەنیا بۆ كوشتنی كات بێت. بەشداربووان لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان باشترین بژاردە و ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوین و سوودوەرگرتنی قوتابی لە پشووەكە بە شێوەیەكی باش و تەندروست بۆ بەخێوكاران دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. بەهزاد تاهیر سەلیم، دكتۆرا لە كارگێڕی داهێنان و بازاڕگەری زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، بەمجۆرە باس لە شێوازە جۆراوجۆرەكانی سوودوەرگرتن لە پشووی هاوینەی منداڵان دەكات و دەڵێت: «لەگەڵ داخرانی دەرگای قوتابخانەكان بۆ پشووی هاوین، زۆرێك لە دایك و باوكان ڕووبەڕووی پرسیارێكی گرنگ دەبنەوە چۆن دڵنیا بین لەوەی منداڵەكانمان سوود لەم پشووە درێژە دەبینن؟ لە كاتێكدا نەریتیانە هاوین بە پشوو و كات بەسەربردنەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام پێویستە وەك دەرفەتێكی ناوازەش بۆ گەشەكردنی كەسی، پەرەپێدانی شارەزایی و دروستكردنی كەسایەتی سەیر بكرێت. لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە، پشووی هاوین تەنیا وەستانێكی كاتی نییە لە فێربوون، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ فێربوون بە شێوازێكی جیاواز.
یەكێك لە گەورەترین ئاڵنگارییەكان لە كاتی پشووە درێژەكانی قوتابخانەدا، لەدەستدانی گوڕوتینی ئەكادیمییە. توێژینەوەكان بەردەوام ئەوەیان سەلماندووە ئەو منداڵانەی لە ماوەی هاویندا بە تەواوی لە چالاكییە پەروەردەییەكان دادەبڕێن، زۆرجار كە دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە بەشێك لەو شتانەیان بیرچووەتەوە كە لە ساڵی خوێندنی پێشوودا فێری بوون. ئەمە بەو مانایە نایەت كە هاوین دەبێت لە وەرزی خوێندنی قوتابخانە بچێت. بەڵكو، پێویستە فێربوون بە شێوازی چێژبەخش، كرداری و ئاراستەكراو لەلایەن خودی منداڵەكەوە ئەنجام بدرێت.
خوێندنەوە وەك یەكێك لە بەنرخترین چالاكییەكان بۆ منداڵانی هەموو تەمەنەكان دەمێنێتەوە. چ لە ڕێگەی پەڕتووك، گۆڤار، ژیاننامە، یان چیرۆكی پەروەردەییەوە بێت، خوێندنەوە خەیاڵ دەوڵەمەند دەكات، توانای زمانەوانی بەرەوپێش دەبات، و مەودای زانیاری فراوان دەكات، ئەو دایك و باوكانەی هانی دروستكردنی خولیای خوێندنەوەی بەردەوام دەدەن، وەبەرهێنانێكی درێژخایەن لە گەشەی ژیریی منداڵەكانیاندا دەكەن.
بە هەمان شێوە، پەرەپێدانی كارامەییە كردارییەكان و شارەزاییەكانی داهاتوو زۆر گرنگن. ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە تایبەتمەندە بە گۆڕانكارییە خێراكانی تەكنەلۆژیا و كۆمەڵگە. هاوین دەرفەتێكی نایاب دەڕەخسێنێت بۆ منداڵان بۆ فێربوونی شارەزاییە دیجیتاڵییەكان، پڕۆگرامسازی (كۆدنووسین)، زمانە بیانییەكان، قسەكردن لەبەردەم جەماوەر، نووسینی داهێنەرانە، هونەر، مۆسیقا، یان كارسازی. ئەم جۆرە ئەزموونانە نەك تەنیا زانیارییەكانی منداڵ دەوڵەمەند دەكەن، بەڵكو یارمەتییان دەدەن بۆ دۆزینەوەی بەهرە و خولیاكانیان.
هەروەها پێویستە چالاكیی جەستەیی پێكهاتەیەكی سەرەكیی ئەزموونی هاوینەی هەر منداڵێك بێت. بەداخەوە، زۆرێك لە منداڵان كاتێكی لەڕادەبەدەر بەسەر ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە بەسەر دەبەن، كە ئەمەش دەكرێت كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی و گەشەی كۆمەڵایەتییان هەبێت. وەرزش، مەلەكردن، پاسكیل سواری، شاخەوانی، و یارییە دەرەكییەكان هاندەری لەشجوانی، كاری هەرەوەزی، ڕێكخستنی خودی، و تەندروستیی سۆزدارین. جەستەی تەندروست بەشێوەیەكی بەرچاو بەشدارە لە هەبوونی مێشكێكی تەندروستدا.
لەسەرووی گەشەكردنی ئەكادیمی و جەستەییەوە، پێویستە هاوین بەكاربهێنرێت بۆ پەروەردەكردنی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و كەسایەتی. بەشداریكردن لە چالاكییە خۆبەخشییەكان، دەستپێشخەرییە ژینگەییەكان، پڕۆژە كۆمەڵگەییەكان، یان بەرپرسیارێتییە خێزانییەكان منداڵان فێری هاوسۆزی، سەركردایەتی، و بەشداریكردنی مەدەنی دەكات. ئەم ئەزموونانە زۆرجار وانەیەك پێشكەش دەكەن كە ناكرێت تەنیا لە پەرتووكەكانی قوتابخانەوە فێریان ببن.
دایك و باوك ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە دەگێڕن لە بەرزكردنەوەی بەهای پشووی هاویندا، لەبری پڕكردنەوەی هەموو كاتژمێرێك بە چالاكییە داڕێژراوەكان، پێویستە ئامانجیان دروستكردنی ژینگەیەكی هاوسەنگ بێت كە فێربوون، كات بەسەربردن، كارلێكی كۆمەڵایەتی، و تێكەڵاوبوونی خێزانی لەخۆبگرێت. منداڵان پێویستیان بە دەرفەتە بۆ گەڕان و دۆزینەوە، بڕیاردان، چارەسەركردنی كێشەكان، و هەندێك جاریش ئەزموونكردنی شكست بۆ ئەوەی بتوانن خۆڕاگری و سەربەخۆیی گەشە پێبدەن.
وەك مامۆستایەكی زانكۆ، بەردەوام تێبینی ئەوە دەكەم سەركەوتووترین قوتابی مەرج نییە ئەو كەسانە بن كە لە كاتی منداڵیدا بەرزترین نمرەیان هەبووە. بەڵكو، زۆرجار ئەو كەسانەن كە حەزی زانین، خۆڕێكخستن، داهێنان، توانای پەیوەندیكردن، و خۆشەویستییەكی درێژخایەنیان بۆ فێربوون گەشە پێداوە، پشووەكانی هاوینیش ژینگەیەكی گونجاو دەڕەخسێنن بۆ پەروەردەكردنی ئەم خەسڵەتانە.
لەبەر ئەوە، نابێت وەك ماوەیەك سەیری پشووی هاوین بكەین كە تەنیا پێویستە پڕ بكرێتەوە. بەڵكو، پێویستە وەك وەبەرهێنانێكی بەنرخ لە داهاتووی منداڵەكانماندا سەیر بكرێت. ئەگەر خێزانەكان، پەروەردەكاران، و كۆمەڵگەكان پێكەوە كاربكەن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی مانادار بۆ گەشەكردن، دەكرێت پشووی هاوین ببێتە یەكێك لە قۆناغە هەرە كاریگەرەكان لە گەشەكردنی منداڵدا. ئەو ئەزموونانەی لەم مانگانەدا بەدەست دەهێنرێن لەوانەیە نەك تەنیا بەشداری لە سەركەوتنی ئەكادیمیدا بكەن، بەڵكو یارمەتیدەر بن لە پێگەیاندنی هاووڵاتیانی بەرپرسیار، لێهاتوو، و خاوەن متمانە بەخۆ كە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكانی داهاتوو».
ئیڤان مامەند وەك دایكێك و وەك چالاكێكی بواری كۆمەڵی مەدەنی سەبارەت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات: «لەگەڵ داخستنی دەرگای قوتابخانەكان، سارد و سوڕیەك بەرەو ماڵ دیتەوە، دەرگای قوتابخانەكان دادەخرێن و شەپۆلێكی گەورە ڕوو لە ژیانی منداڵەكانمان دەكات. ئەویش كاتێكی زۆرە، بۆ منداڵەكانمان ئەمە سەرەتای سەركێشی و ڕزگاربوونە لە ڕێكخستنی خودی توندی پۆلەكان، بەڵام بۆ دایكان و باوكان، هاوین زۆرجار دەبێتە دۆزەخێكی بێدەنگ لە پرسیارە بێوەڵامەكان، ئاخۆ چۆن ئەم هەموو كاتە درێژانە بەڕێ بكەین بەبێ ئەوەی ماڵەكە ببێتە گۆڕەپانی جەنگی دەروونی یان منداڵەكان لە پشت شاشە ڕووناكەكانی مۆبایل و تابلێتدا وەك مرۆڤێكی مۆمیاكراوی تەكنەلۆژی وشك ببن!
هاوین تەنها بۆ تێپەڕاندنی كات نییە، بگرە دەرفەتێكی دەگمەنە بۆ دۆزینەوەی ئەو بەشە شاراوانەی كە سیستەمی پەروەردەی كلاسیك یاخود بڵین ئەو سیستمە نوێیەی پەروەردە بەهۆی قورسی مەنهەجەوە فریا نەكەوتوون دەستیان لێبدات. كێشەی گەورەی ئێمە لەوەدایە كە هاوین وەك «پشوو دەبینین، كە لە بنەڕەتدا وا نییە، بەڵكو دەكرێت وەرزی گەشانەوەی هۆشیاری بێت.
جەستەیەك كە پێویستی بە توندكردنەوە و گەشەیە، منداڵان بەدەست قەیرانی كەم جوولەییەوە دەناڵێنێت. كورسییەكانی قوتابخانە و دواتر قەنەفەكانی ماڵەوە، لاشەیەك دروست دەكەن كە زوو ماندوو دەبێت و زۆریش تەمبەڵە. تۆماركردنی منداڵ لە خولێكی وەرزشیی وەك مەلەوانی، تۆپی پێ، یان هۆنەرە بەرگرییەكان، تەنها بۆ ڕیكخستنی ماسولكەكان نییە. لەوێدا، لە ناو هۆڵە وەرزشییەكاندا، منداڵ فێری كەوتن دەبێت و تامەزرۆی سەركەوتن دەكات، لەوێدا تێدەگات كە گەیشتن بە ئامانج و ئارەزووەكان ئارامگرتن و ئارەقڕشتن ماندووبون و خەرجی دەوێت.
ڕەنگە نەتوانین هەموو هاوینێك گەشتێكی دەرەوەی كوردستان بە منداڵەكانمان بكەین، بەڵام دەتوانین گەورەترین دوورگەیان پێ بناسێنین كە ئەویش دوورگەی كتێبە، خوندنەوە لە هاویندا نابێت تامی «خوندنەوەی قوتابخانە» یاخود ئەركی ماڵەوەی لێبێت. با پێكەوە بچینە كتێبخانەكان، با خۆیان بەرگی چیرۆكەكان هەڵبژێرن، كاتێك كچەكەت یان كوڕەكەت لە گۆشەیەكی ماڵەكەدا نوقمی خوندنەوەی چیرۆكێك دەبێت، ئەو لە ڕاستیدا لە پرۆسەی دروستكردنی خەیاڵدانێكی فراواندایە كە لە داهاتوودا دەبێتە مایەی داهێنان لە هەر بوارێك كە ئارەزووی دەكات و هەڵیدەبژییریت.
ناتوانین بەربەست لەبەردەم شەپۆلی تەكنەلۆژیادا دروست بكەین و مۆبایل لە منداڵ قەدەغە بكەین، چونكە ئەمە شەڕێكی دۆڕاوە بۆ دایك و باوكان لە سەردەمی ئیستادا، بەڵام دەكرێت ئاڕاستەكەی بگۆڕین. خولەكانی فێربوون یارییە ئەلیكترۆنییەكان، بكەین بە خۆشنوسی یان داهێنان یان فیزیا و كیمیایان تامەزرۆی فیربوونی زیاتر و بنەماكانی ڕۆبۆتێك، مێشكی منداڵ لە تەمەشاكەرێكی سادەی یوتیوب و تیكتۆكەوە، دەگۆڕێت بۆ ئەندازیارێكی بچووك كە لە پشت پەردەی ئەو بەرنامانەوە تێدەگات.
هاوكات قوتابخانە ڕاستەقینەكە لە چێشتخانەكەتاندایە، لە ناو باخچە بچووكەكەی حەوشەدایە، لە شێوازی كۆكردنەوەی جانتا و پێڵاوەكاندایە. هاوین كاتی ئەوەیە منداڵ فێری «بەرپرسیارێتی» بێت. كاتێك منداڵێك فێری كەمێك چێشت لێنان دەبێت، یان فێری ئاودانی گوڵەكان و پاككردنەوەی ژوورەكەی خۆی دەبێت، ئەو لە ڕاستیدا لێهاتووییەكانی ژیان فێردەبێت، دوای چەندین ساڵ ئەگەر ناوی لە دەرەوەی شار بگەڕیتەوە دەچیتە بەشەناوخۆیی، ئەو كات هەموو ئەركەكانی خۆی بە زیرەكی دەزانێت جا بزانن فیربوونی ئیستایان چەندە بەسوودە كە هیچ بڕوانامەیەكی زانكۆ ناتوانێت پێی ببەخشێت.
وتەی كۆتایی بۆ هەموو دایك و باوكێكی ئازیز ئەوەیە كە پێش ئەوەی پارەیەكی زۆر لە خولە گرانبەهاكاندا خەرج بكەن، چەند خولەكێك لەگەڵ منداڵەكەتاندا دانیشن و گوێیان لێبگرن. هاوینی ئەوان بەو شتانە مەڕازێننەوە كە خۆتان ئارەزووی دەكەن، بەڵكو بزانن خولیای ئەوان لە كوێدا قەد و گەڵای دەردەكات، منداڵێك كە بە زۆر بنێردرێتە خولی زمان، ڕەنگە فێری چەند وشەیەك بێت، بەڵام منداڵێك كە بە عەشقەوە دەچێتە خولی شێوەكاری، جیهانێك لە جوانی دەخولقێنێت. با هاوینی ئەمساڵ نەكەینە كاتكوشتن، بەڵكو بیبەكەنە وەرزێك بۆ ناسینی دووبارەی منداڵەكانمان. فێربوونی هەموو ئەو ساڵانەی كە ئەگەر خودا ویستی لەسەر بێت دێت».
فەرهەنگ محەمەد نووسەر و خاوەن پڕۆژەی هێلانەی كتێب كە تایبەتە بە چیرۆكی منداڵان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بۆ ئەم پشووی هاوینە باشترین بژاردە بۆ بەخێوكاران ئەوەیە كە ئەو هەلە زێڕینە بقۆزنەوە، ئەویش بۆ سوود گەیاندن بە منداڵەكان بۆ باشتركردنی بیركردنەوە و سوودی جەستەییان.
پشووی هاوینە یەكێكە لە باشترین كاتەكان بۆ منداڵان تاكو پشوو لە خوێندن وەربگرن و بە چالاكییە جیاوازەكان خۆیان خەریك بكەن. لە ماوەی ئەم پشووەدا، گرنگە دایك و باوك هەوڵ بدەن كاتی منداڵەكانیان بە شێوەیەكی سوودبەخش بەكاربهێنن».
