هۆنراو عەبدوڵڵا ئەندازیاری كارەبا هەردوو سێكتەری بەرهەمهێنان و گواستنەوە كێشەیان نییە، بەڵام دەبێت لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبادا چاكسازی بكرێت
كەرتی كارەبا لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتووە، كە سێكتەرەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ سێكتەری دابەشكردنی كارەبا، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان ژێرخانی كارەبا گەیشتووەتە سەرووی 7000 مێگاوات كارەبا، بەڵام لەبەر بابەتی دارایی و سووتەمەنی لە ئێستادا لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە تەنیا 4500 مێگاوات كارەبا دابین بكات، ئەم بڕە كارەبایەش تا ڕاددەیەك بڕێكی باشە، بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی بەهار و پاییز و دەكرێت بەو داهاتەی كە لەنێوخۆی هەرێم لە كرێی كارەبا دەستمان دەكەوێت، بۆ هەردوو وەرزی هاوین و زستان بڕە كارەبایەكی زیاتر بەرهەم بهێنین. بەم شێوەیە تاڕاددەیەكی باش گرفتی سێكتەری بەرهەمهێنانی كارەبا چارەسەر بووە، بەتایبەتی وەزارەتی كارەبا و سامانە سرووشتییەكان ئاماژەیان بەوە داوە، لە ماوەیەكی كەمدا بڕی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە كۆرمۆر ڕوو لە زیادبوون دەكات. ئەوەی دەمێنێتەوە باس و گفتوگۆی لەسەر بكەین و هەنگاو بۆ چارەسەركردنی بنێین، كۆنتڕۆڵكردنی بەكارهێنانی كارەبا و بابەتی ڕێكخستن و شێوازی دابەشكردنەكەیەتی، كە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و دادپەروەرانە بەسەر هاوبەشی ماڵان و شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و میری و كشتوكاڵی دابەش بكرێت. هەرچەندە من زۆر لە وردەكاریی بونیادنانی ژێرخانی دابەشكردنی كارەبا نازانم، كە ئایا تا چەند ژێرخانی دابەشكردنی كارەبامان هەیە، یان نییە. لێرەدا پرسیار دێتە پێشەوە، ئایا لە كاتێكدا ئێمە ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنمان باشە، ئەی گرفت لە كوێیە؟ ئایا ژێرخانی كارەبا بە هاوشێوەی هەردوو سێكتەری دیكەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا هەنگاوی بۆ نراوە؟ كێشەمان لە چی هەیە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی كارەباوە بە ڕاشكاوانە وەڵاممان بداتەوە.
