ئەحمەد ڕۆژ بەیانی ئەندازیاری كارەبا : پڕۆژەی ڕووناكی قۆناغی ئەزموونی تێپەڕاندووە و ئێستا بە سەركەوتوویی جێبەجێ دەكرێت
وەزارەتی كارەبا توانیویەتی لە ڕێگەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتەوە ژمارەیەكی زۆری وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بونیاد بنێت، كە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و بە شێوازی جۆراوجۆر كارەبا بەرهەم دەهێنن، بەتایبەتی كە وەزارەتی كارەبا باس لەوە دەكات، ژێرخانی كارەبا بۆ سەرووی 7000 مێگاوات كارەبا هەڵكشاوە و ئەم بڕە كارەبایەش بۆ ژمارەی هاوبەشانی كارەبا و پێداویستییەكانی مێگاواتێكی كەم نییە. دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی كارەبا لەم سێكتەرەدا بەرەو پێشەوە چووە، بەڵام لە ڕووی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا و ئیدارەدانی ئەو مێگاواتە كارەبایەی كە وەزارەتی كارەبا لە توانایدا هەیە بەرهەمی بهێنێت، بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی ساڵ، هاوین و زستان دابەشی بكات، ئالێرەدا گرفت و كێشەمان هەیە، چ لەڕووی ژێرخانی دابەشكردنی كارەباوە بێت، یان لە شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێگەگرتن لە سەرپێچییەكان و دابەشكردنی كارەبایەكی باش و سەقامگیر. وا پێدەچێت لە دوای دانانی 1،350،000 پێوەری زیرەك، وەزارەتی كارەبا بەرەو هەنگاوێكی دیكە دەچێت، ئەویش جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كارەبایە، چونكە تاوەكو ئێمە نەگەینە ئەو واقیعەی كە كارەبایەكی 24 كاتژمێری بە هاوبەشانی كارەبا نەدەین، هەر چارەسەرنەكردنی كێشەی كارەبا دەمێنێتەوە.
من پێم وایە دوای ئەوەی پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری كارەبا لە هەندێك گەڕەكی ناو سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ كرا و لە قۆناغی ئەزموونی تێپەڕ بوو، بەرەو چەندین گەڕەك و بازاڕ چوو، تا ئەو كاتەی زیاتر لە 100 هەزار هاوبەش لە دەیان گەڕەك و بازاڕی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی لێی سوودمەند بوون. ئەمە پڕۆژەیەكی ئومێدبەخشە، هەرچەندە بە فەرمی داتا و نرخەكانمان بۆ نەهاتووە، تاوەكو هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، بەڵام وەكو پڕۆژە كارێكی باشە، بەتایبەتی ئەگەر نرخەكەی كەم بكرێتەوە، چونكە خەمڵاندنی یەكەیەكی كارەبا بۆ هاوبەشانی كارەبا بەتایبەتی لە پۆلی ماڵان گرنگە، ڕاستە تیمی پڕۆژەی ڕووناكی لە ئەنجومەنی وەزیران بە توندی ڕەتیان كردووەتەوە كە ئەو نرخانە بەم شێوەیە بەرز بێت و بۆ وەحدەیەكی بەكارهێنانی كارەبا 156 دیناریان دانابێت و گوایە ئەوان نرخێكی تەساعودیان داناوە. پێشتر كارەبای موەلیدە نرخی ئەمپێرەكانی لەسەر هاووڵاتیان زۆر بوو، كارەبایەك لە موەلیدەوە دەدرا كە جگە لە گڵۆپ و هەندێك ئامێری كارەبا نەدەتوانرا هەموو ئامێرەكان بەو ئەمپێڕە كەمە ئیشی پێبكرێت، ئەمە جگە لەو هەموو دووكەڵ و پیسبوونەی ژینگە. بەو ئومێدەین كە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەی ڕووناكی بەپێی پلانی خۆی و لەكاتی خۆیدا بگاتە هەموو شار و شارۆچكە و گەڕەك و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و، ئێمەش وەكو وڵاتانی پێشكەوتوو ببینە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری و لە كوژانەوە و هەڵكشانی نرخی ئەمپێڕی كارەبای موەلیدە دەربازمان بێت، هاووڵاتیانیش بتوانن لە ڕێگەی توانای دارایی خۆیان و بە دادپەروەرانە كارەباكەیان بەكار بهێنن و نرخی كارەبای 24 كاتژمێریش بەپێی پلان و دیراسەتێكی ورد و بە ڕەچاوكردنی باروگوزەرانی بژێویی هاووڵاتیانی كەم دەرامەت و هەژار بێت.
