پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   كارەبای حكوومی بە نرخێكی زۆر كەم دراوە بە خەڵك، بۆیە هاووڵاتی ڕاهاتووە بە ڕەهایی بەكاری بهێنێت و دەستی پێوەنەگرێت

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     كارەبای حكوومی بە نرخێكی زۆر كەم دراوە بە خەڵك، بۆیە هاووڵاتی ڕاهاتووە بە ڕەهایی بەكاری بهێنێت و دەستی پێوەنەگرێت

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆیە و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆپ چاپی ئینگلیزییە و مامۆستایە لە بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا «خزمەتگوزاریی كارەبا و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان» بەم جۆرە بیر و بۆچوون پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

هاووڵاتی و بەكاربەری هەر خزمەتگوزارییەك جۆرێكە لە ڕەفتاری بەكاربەر، ڕەفتاری بەكاربەر ئەمڕۆ زانستێكە دەخوێندرێت و بایەخی پێ دەدرێت، ئیتر بۆ هەر جۆرە بەكارهێنراوێك بێت، بیركردنەوە و سایكۆلۆژیا و پەروەردە و كەلتوور ڕۆڵ دەبینن لەگەڵ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوشتەدا دەكات. كارەبا یەكێكە لە خزمەتگوزارییەكان كە پێشكەشی هاووڵاتی دەكرێت و پێداویستیی هەرە سەرەكییەتی، كە بۆ زۆرینەی كارەكانی لە ماڵەكەی، یان لە شوێنی كارەكەی پێویستیەتی، ئەم خزمەتگوزارییەش پشت بە هەردوو ئاستی دابینكردن و بەكارهێنان دەبەستێت، واتە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دابین دەكرێت و سەرچاوەكەی چییە و كێ بەرپرسە لە دابینكردنی، كەرتی گشتی، یان حكوومی، یان تێچووی چەندە؟ سەبارەت بە بەكارهێنانیش، لە مێژوودا ئەو خزمەتگوزارییە چۆن دراوە بە خەڵك و پێداویستیی ڕابردوو هەنوكەی ئێستای خەڵك چییە، دەبێت كە دیراسە بكرێت؟ ئەگەر لە دابینكردنەوە بڕوانین لە مێژووی دابینكردنی ئەم خزمەتگوزارییە لەم هەرێمەدا، لە سەردەمی ڕژیمی پێشوو و سەردەمی حكومەتی هەرێم لای كەرتی گشتی بووە و ئەركی حكومەت بووە، چەند ساڵێكە موەلیدە و كەرتی تایبەت بەشێكی دابین كردوە، تێچووی ئەو كارەبایەش كە حكومەت دابینی كردووە، لە ئەستۆی حكومەتدا بووە و كارەبای حكوومی بە نرخێكی زۆر كەم دراوە بە خەڵك، بۆیە هاووڵاتی ڕاهاتووە بە ڕەهایی بەكاری بهێنێت و دەستی پێوەنەگرێت. لە سیستمی پەروەردە و كەلتووریشدا وەك وڵاتانی پێشكەوتوو خەڵك ڕانەهێنراون كە دەستی پێوە بگرن و بزانن ئەمە موڵكی گشتییە و دەبێت پارێزگاریی لێ بكەن. دەبێت ئەوەش بڵێین كە پارێزگاریكردن لە موڵكی گشتی بەشێكی پەیوەستە بە ناسنامە و خۆشەویستیی هاووڵاتییەوە بۆ خزمەتگوزارییەكە و بۆ نیشتمان، كە بەداخەوە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا هێندە زوڵم لە هاووڵاتی كراوە، هاووڵاتی دژی هەموو شتە گشتی و حكوومییەكان بووە، تەنانەت زۆرجار تۆڵە و ڕقی خۆی لە شتە گشتییەكان كردووەتەوە لە دژی حكومەت. لەسەردەمی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانیشدا ساڵانێكی كەم نەبێت كە خەڵك ئینتیما و ناسنامەی بۆ نیشتمان بەهێز بوو، سەرهەڵدانی هەندێك لایەن بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە هەمووكات كاریان ئەوە بووە كە خەڵك ڕابهێنن دژی حكومەت و خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بێت و خەڵك موڵكی گشتی نەیپارێزێت، ئەمانە هەموو وایان كردووە كە ڕەفتاری هاووڵاتی بەرانبەر خزمەتگوزارییەكان بشێوێت و هەمیشە حكومەت لەبەر چاوی هاووڵاتی لەكەدار بكرێت. لە كەمی، یان لاوازیی هەندێك لەو خزمەتگوزارییانە لەلایەن حكومەتەوە، لەبری ئەوەی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بێت، شیكاری بۆ هۆكاری لاوازییەكەی بكات و چارەسەر پێشنیار بكات، ناشیرینی دەكات و لێی دەدات و كردوویەتە یەكێك لە ئامرازەكانی دەستی بۆ گەرمكردنی شەقام، ئەمانە ڕەفتاری ئەمڕۆی بەكاربەریان گۆڕیوە و چەندە شتی باشی بۆ بكەیت، ئەو هەر ڕەتی دەكاتەوە. بۆیە گۆڕین، یان پێشكەشكردنی هەر خزمەتگوزارییەك دەبێت بازاڕسازیی بۆ بكرێت و ڕاگەیاندن ئیشی لەسەر بكات و، شیكردنەوەی بۆ بكات و ڕای گشتیی لەسەر دروست بكات و، بوار نەدات ئەوانەی دەیانەوێت خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بشێوێنن، كار لەسەر ئەندێشەی هاووڵاتی بكەن. واتە تەسویقێكی كۆمەڵایەتیی بۆ بكەین و شی بكەینەوە تاكو قەناعەت دروست بكەین، لە هەمان كاتدا دەبێ ڕەچاوی ئەوەش بكەین كە لە ڕابردوودا خەڵك چۆن ڕاهاتووە لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییەدا، ئەنجا وردە وردە هەنگاو بۆ شێوازێكی نوێ ببرێت، ئیتر لە نرخدا بێت، یان لە بەكارهێنان، تاكو خەڵك هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا ڕابێت، لەهەمان كاتدا دەبێت لایەنی ئەرێنیی ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە زەق بكرێتەوە، تاكو خەڵك و میدیا بە تەنیا لایەنی نەرێنی نەبینێت و زەقی نەكاتەوە.

 

Top