گرنگیی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا
هەموو ڤاكسینەكان بە كلیلی خۆپاراستن لە نەخۆشییە هەوكردنەكان دادەنرێن، ڤاكسینی ئەنفلوەنزاش Flu vaccine ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە ئەنفلوەنزا، هەروەها لەكاتی تووشبوون بە ئەنفلوەنزا نیشانەكان سووك دەبن و ئەگەری ئاڵۆزییەكان كەم دەبێتەوە. پاش وەرگرتنی ڤاكسین بە دوو هەفتە دژەتەن بۆ ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا لە لەشدا پەیدا دەبن، ئەم كاریگەرییە بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە كە ساڵانە وەربگیرێت. ڤاكسینی ئەنفلوەنزا لە تەمەنی شەش مانگ و بەسەرەوە وەردەگیرێت، هەروەها ئافرەتی دووگیانیش دەگرێتەوە. زیانە لاوەكییەكانی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا: سووربوونەوەی شوێنی لێدانی دەرزی هاوكات لەگەڵ ئازارێكی كەم كە بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبێت، هەستكردن بە بێهێزیی لەش، هەروەها پەیدابوونی هەستیاری بۆ ڤاكسین كە بە شێوەیەكی دەگمەن ڕوو دەدات. بۆ وەرگرتنی سوودی تەواو، پێویستە كە پاش وەرگرتنی ڤاكسینی ئەنفلەوەنزا پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكرێت: خۆ بەدوورگرتن لە مەشقی وەرزشیی توند بۆ ماوەی 24-48 كاتژمێر، دووركەوتنەوە لە خواردنەوە ئەلكهولییەكان، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خۆراكی خێرا بۆ ماوەی دوو هەفتە.
