د. چرۆ حەمە فەرەج پسپۆڕ و تایبەتمەند لەسەر متمانە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان بەرانبەر كەرتی تەندروستی: ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی كە بۆ چارەسەری نەخۆشی پشت بە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی دەبەستن لە ئاستێكی زۆر باشدایە
د. چرۆ حەمە فەرەج، یەكێكە لەو توێژەرانەی كە كاری ڕاشكاو و مەیدانی لەسەر متمانە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان بەرامبەر بە كەرتی تەندروستی لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا كردووە. لەسەر ئەم پرسە ماوەی چوار ساڵ لەسەر ئاستی تیۆری و مەیدانی كاری كردووە و پاشان وەك تێزی دكتۆرا، ئەم توێژینەوەیەی پێشكەشی زانكۆی سلێمانی كردووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا»، بەم جۆرە هەڵوەستەی لەسەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خزمەتگوزاریی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت كرد و، بەم جۆرە دید و تێڕوانینی خۆی خستە ڕوو.
ئەوەی لە گفتوگۆكەمدا دەیخەمە ڕوو، بەشێكە لەو ئەزموونەی كە ماوەی چوار ساڵ بۆ ئامادەكردنی تێزی دكتۆراكەم كارم لەسەر كردووە و، تایبەتە بە «متمانە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان بەرامبەر نەخۆشخانە حكوومییەكان». لە ناو نەخۆشخانە حكوومییەكاندا كاری تیۆری و مەیدانیم لەسەر كردووە و بەو ئاكامانە گەیشتم كە ئێستا لێرە بە پوختی دەیانخەمە ڕوو:
• لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین ڕووداو و قەیران بووەتەوە و كاریگەریی لەسەر هەموو كەرتەكانی كۆمەڵگە هەبووە، بە كەرتی تەندروستییشەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی كە بۆ چارەسەری نەخۆشی پشت بە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی دەبەستن، لە ئاستێكی زۆر باشدایە، تەنانەت ئێستاش خەڵك متمانەیەكی باشی بەم كەرتە هەیە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتیشیان لە ئاستێكی بەرزدایە.
• خاڵە بەهێزەكانی نەخۆشخانە حكوومییەكان یان كەرتی تەندروستیی گشتی، بە پلەی یەكەم لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە كاركردن لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتیدا بەردەوامە، هەر بۆیە بەردەوام ئیشكردنی ئەو نەخۆشخانانە سەرباری هەموو قەیرانەكان، خاڵی بەهێزی متمانەی خەڵكە بە كەرتی تەندروستیی گشتی.
• خاڵێكی دیكەی كەرتی تەندروستیی گشتی لەوەدایە كە تێچووی چارەسەر لە ئاستی گیرفانی خەڵكەكەدایە و بەراورد بە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت، تێچووی چارەسەر لە نەخۆشخانەكانی حكومەتدا زۆر زۆر كەمە.
سەبارەت بەو دوو خاڵەی كە بە خاڵی ئەرێنی بۆ كەرتی تەندروستیی گشتی لە قەڵەم دەدرێن، ئەمە ئاكامی دیراسەتێكی وردی مەیدانییە لە ناو نەخۆشخانەكاندا، كە هەتا چەند بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانیان سەردانی نەخۆشخانەی حكوومی یان نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت دەكەن. لەم دیراسەتەدا كە بە شێوەی مەیدانی چاوپێكەوتنم لەگەڵ 637 نەخۆش كردووە و لە نەخۆشخانەكان لەگەڵیاندا ماومەتەوە، لە كۆی ئەم ژمارەیە، 237 كەسیان بەو جۆرە وەڵامیان داوەتەوە كە بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە حكوومییەكان دەكەن و هەرگیز سەردانی نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتیان نەكردووە. خاڵێكی دیكە كە خەڵكانێكی دیكە لە ناو نەخۆشخانەكاندا قسەم لەگەڵ كردوون و پرسیاری ئەوەم لێ كردوون «ئەگەر تۆ ئاستی داراییت بەرز بێت و بتوانیت لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت چارەسەری خۆت بكەیت، هەر سەردانی نەخۆشخانەی كەرتی گشتی دەكەیت، یان دەچیت بۆ نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت؟» لە وەڵامدا پێیان گوتووم «ئەگەر نەخۆشخانە حكوومییەكان بەردەوام كراوە بن و پێداویستییەكانی چارەسەر هەبێت، من هەر چارەسەری نەخۆشخانە حكوومییەكانم لا پەسەندترە و هەرگیز بیر لە چارەسەری نەخۆشخانە تایبەتەكان ناكەمەوە.»
بێگومان، هەر لەم توێژینەوەیەدا هەڵسەنگاندمان بۆ لایەنە نەرێنییەكانی نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی كردووە، كە ئەم لایەنە نەرێنییانە دەبنە هۆكاری ئەوەی كە متمانە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیان بێنێتە خوارەوە، لەوانە:
1- ئەو خەڵكەی بەشداریی توێژینەوەكانیان كردووە، گلەییان لە كەموكورتی لە بواری دابینكردنی دەرمان لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا هەبووە، كە وەك پێویست دەرمان بۆ نەخۆش دابین ناكرێت.
2- كەموكورتی لە ئامێری پزیشكی و بەردەوامی و چاككردنەوەی ئامێرەكان هەیە، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك ئامێرێكی پزیشكی تێك دەچێت، یان لە كار دەكەوێت، زوو چاك ناكرێنەوە.
3- بایەخ نەدان بە سەرچاوەی مرۆیی (پزیشك و كارمەندانی تەندروستی). ئەو كاتەی لە نەخۆشخانەكاندا خەریكی توێژینەوەكەم بووم، دوو خانمم لەگەڵ بوو، كە بە شێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەكان كاریان دەكرد. بەڕاستی كەسانێكی زۆر وریا و چالاك بوون و ببوونە كۆڵەگەیەكی زۆر سەرەكی بۆ كاری ڕۆژانەی نەخۆشخانە و سەرپەرشتیكردنی نەخۆشەكان. لە ئێستادا ئەو خۆبەخشانە بوونەتە پێویستییەك و ئەزموونی تەواویان پەیدا كردووە، بۆیە نابێت دەستبەرداریان بین و دەبێت دایانبمەزرێنن، ئەگەرنا نەمانی ئەو خۆبەخشانە كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر ئەدای كاركردنی نەخۆشخانەكان دروست دەكات.
سەرەڕای بوونی ئەم لایەنە نەرێنییانە لەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان، بەڵام هێشتا لای هاووڵاتیان متمانە و بەرپرسیاریەتییان لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بەرزترە. ئەوجا لەگەڵ ئەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نەخۆشخانە حكوومییەكان و نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت تەواوكاری یەكترن و، هەردوولایان خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن، بەڵام ئەگەر بایەخی زیاتر بە نەخۆشخانە حكوومییەكان بدرێت و ئەو كەموكورتییانەی لە بواری دەرمان و ئامێری پزیشكی هەیە، چارەسەر بكرێت، هەروەها سەرچاوەی مرۆیی تەواو لە «پزیشك و كارمەندانی تەندروستی» دابین بكرێت، ئەوا خەڵك هێندەی متمانە و بەرپرسیاریەتیی كۆمەڵایەتی بەرانبەر بە نەخۆشخانە حكوومییەكان هەیە، ئەوەندە بە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت نییەتی.
