د. هالە جەودەت پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون:   ئامانج لە هەمواری یاسای باری كەسیی عێراق ئەوەیە ڕۆڵی دادگاكان لاواز بكرێت و مارەكردن لە دەرەوەی دادگا ببێتە شتێكی ئاسایی

د. هالە جەودەت  پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون:     ئامانج لە هەمواری یاسای باری كەسیی عێراق ئەوەیە ڕۆڵی دادگاكان لاواز بكرێت و مارەكردن لە دەرەوەی دادگا ببێتە شتێكی ئاسایی

 

 

د.هالە جەودەت پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوونە و لەم بوارەدا خاوەنی ئەزموونێكی بەرچاوە، باس لەوە دەكات كە یەكێك لە دەرهاویشتە خراپەكانی بەشوودانی كچ بە منداڵی یان خوار تەمەنی 18 ساڵی، ئەوەیە كۆمەڵێك دەرهاویشتەی خراپی بایۆلۆژی و جەستەیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە گفتوگۆ ئەم جارەدا «هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراق و هۆكارەكانی» وەك پزیشكێكی پسپۆڕ لەسەر دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە، بەم جۆرە بۆچوونی خۆی خستە ڕوو.

 

من وەك پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون لەسەر ئەم پرسە قسە دەكەم و بێگومان بە شوودانی كچ بە منداڵی خوار 18 ساڵ، ناڵێم 9 ساڵ كە لەم گفتوگۆیەدا زۆر قسەی لەسەر كرا، دەرهاویشتەی خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنیت.

لە هەرێمی كوردستان دیاردەی بەراورد بە پارێزگاكانی عێراق بە شوودانی كچانی خوار هەژدە ساڵ كەمترە، بەڵام لێرەش هەیە كە لە دەرەوەی دادگا مارە دەكرێن، بۆیە كچ هەیە لە تەمەنی 14 و 15 ساڵدا بەشوو دراوە و هێشتا نەبووەتە 18ساڵ تەڵاقدراوە و شووی دووەمی كردووەتەوە.

لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی باشی باری كەسی هەیە و دادگاكانیش زۆر باش كار بەو یاسایانە دەكەن، هەر بۆ نموونە ئێستا لە هەرێمی كوردستان ناتوانرێت هیچ گرێبەستێكی هاوسەرگیری ئەنجام بدرێت هەتا پشكنینی پزیشكی بۆ چەندین نەخۆشی بۆماوەیی نەكرێت، ئەم پشكنینە هەم بایەخدانە بە تەندروستی كچەكە كە پاشان دەبێتە دایك، هەمیش بایەخدانە بەو كۆرپەی لە ئایندە لە دایك دەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەك دەركەوتووە بەشێكی زۆری ئەو كچانەی لە خوار 18 ساڵییەوە بەشوو دەدرێن، تووشی كۆمەڵێك كێشەی دەروونیی گەورە دەبنەوە، هەر بۆ نموونە خێزان هەیە دێنە لامان ئەو كچەی بۆ كوڕەكەیان هێناوە تەمەنی 15 ساڵە و منداڵی نابێت، هاتوون پێمان دەڵێن دكتۆر ئەو ژنە نەزۆكە و منداڵی نابێت و دەبێت تەڵاقی بدەین، كاتێك پشكنینی بۆ دەكەین دەبینین ئەو ژنە هیچ كەموكورتییەكی نییە، بەڵكو هی ئەوەیە ئەو ژنە جارێ منداڵە و جەستەی بە تەواوەتی گەشەی نەكردووە كە توانای منداڵبوونی هەبێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر بە نەزانی ئەم ژنە منداڵە تەڵاق بدرێت ئایا چارەنووسی ئەم ژنە گەنجە چی بەسەر دێت.

ئەو حاڵەتەی ئاماژەم پێ كرد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هاوسەرگیرییە لە دەرەوەی دادگاكان كراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە یاساكانی كوردستان ڕێگە نادەن كچ لەخوار تەمەنی 18ساڵ لەدادگاكان مارە بكرێت، بۆیە وەك ئێستا لەم گفتوگۆیە زۆر بە چڕی باسی لێوە كرا، ئامانج لەو هەموارەی یاسای باری كەسیی عێراق ئەوەیە كە ڕۆڵی دادگاكان لاواز بكرێت و مارەكردن لە دەرەوەی دادگا ببێتە شتێكی ئاسایی، بە ڕاستی ئەمە حاڵەتێكی زۆر خراپ لە كۆمەڵگەدا دروست دەكات، جیا لەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیابووونەوە زیاد دەكات، لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە ئافرەت چەند جارێك منداڵی لەبار بچێت لەبەر ئەوەی جەستەی بە تەواوەتی گەشەی نەكردووە تا بتوانێت منداڵەكە هەڵبگرێت.

لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە، هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا هەنگاوی زۆر باشی هەڵگرتووە، یاسای باشی بۆ ڕێكخستنی باری كەسی دەر كردووە، بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت كۆمەڵگەی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ دواوە، بە پێچەوانەوە دەبێت هەموو هەوڵەكان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی توندوتیژیی خێزانی نەهێڵین و مافەكانی ئافرەت باشتر بسەلمێندرێت، مافی منداڵ بپارێزرێت و كۆمەڵگەیەكی تەندروست بونیاد بنێین.

Top