ئایا برنجی قاوەیی لە برنجی سپی باشترە؟
زۆر كەس ئەم پرسیارە دەكەن، كە ئایا جیاوازی هەیە لە نێوان برنجی قاوەیی و برنجی سپیدا، كامیان تەندروستترە؟ برنجی قاوەیی Brown rice دانەویڵەی تەواوە، واتە ساف نەكراوە وەكو برنجی سپی، بەمانایەكی دی برنج بە هەموو پێكهاتەكانەوە وەكو توێكڵ و بەشەكانی دیكەی، بەمەشەوە ماددە خۆراكییەكانی وەكو ڤیتامین و كانزاكان بە ڕێژەیەكی زیاتر پارێزراو دەبن، ئەگەرچی برنجی قاوەیی كاتی زیاتری بۆ كوڵاندن پێویستە.
ئایا برنجی قاوەیی لە برنجی سپی تەندروستترە؟ لە لایەنی تەندروستییەوە، هەر جۆرێكی دانەویڵەی تەواو Whole grain باشترە لە دانەوێڵەی سافكراو Refined كە برنجی سپی دەگرێتەوە. لایەنە ئەرێنییەكانی برنجی قاوەیی: ڕیشاڵ لەخۆدەگرێت كە لە برنجی سپیدا نییە، بۆیە هەرسكردنی لەسەرخۆیە و بە پێچەوانەی برنجی سپی نابێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەكری خوێن، هەروەها ڕێژەیەكی بەرزتر لە كانزاكانی مەگنسیۆم و ئاسن و زینك لەخۆ دەگرێت. لایەنە نەرێنییەكانی برنجی قاوەیی بریتین لەوەی كە ڕێژەیەكی بەرزی ئارسنیك لەخۆ دەگرێت كە لە كانزا قوڕسەكانە و زیانبەخشە بۆ تەندروستی، هەروەها برنجی قاوەیی دەوڵەمەندە بە ترشی فایتیك Phytic acid كە ئەگەرچی سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، بەڵام هەڵمژینی كانزای ئاسن و زینك لە كۆئەندامی هەرسدا كەم دەكاتەوە.
