قاوەی سەوز بۆ دابەزاندنی كێش
قاوەی سەوز Green coffee واتە دەنكی قاوەی خاو كە بێ برژاندن بە شێوەی كەپسوول، پاودەر، شلە یان وەك چای قاوەی سەوز بۆ خواردنەوە ئامادە كراوە، هەروەها لە ئاوێتەكانی جوانكاریدا بۆ چەند حاڵەتێكی پێست بەكار دێت. قاوەی سەوز ترشی كلۆرۆجێنیك Chlorogenic acid لەخۆدەگرێت كە سیفەتی دژەئۆكسان و دژهەوكردنی بەهێزی هەیە و گەلێك سوودی تەندروستیی هەیە. سوودە تەندروستییەكانی قاوەی سەوز: وەكو یاریدەدەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش سوودبەخشە، ڕۆڵی هەیە لە ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن، هەروەها كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ. پسپۆڕان ڕێنمایی دەكەن كە خواردنی قاوەی سەوز لە 400 ملگم بۆ دوو جار لە ڕۆژێكدا زیاتر نەبێت، چونكە زیاد خواردنی قاوەی سەوز واتە زیاد وەرگرتنی ماددەی كافائین، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی بۆ تەندروستی دەبێت بە شێوەی: پەستی، تێكچوونی خەو، ناڕەحەتیی گەدە، سەرئێشە، دڵەكوتێ، هەروەها بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
