كاركەر خلیل لە دهۆك: گەورەترین مەترسیی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ئەوەیە كە ڕێژەیەكی زۆر و بەرچاو لە خەڵك بە شێوەیەكی نادروست ئەم ئامرازانە بەكاردێنن

كاركەر خلیل  لە دهۆك:  گەورەترین مەترسیی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ئەوەیە كە ڕێژەیەكی زۆر و بەرچاو لە خەڵك بە شێوەیەكی نادروست ئەم ئامرازانە بەكاردێنن

 

 

 ئەگەر بە وردی لە ئاستی هۆشیاریی ئێستای كۆمەڵگە بڕوانین، دەبینین دۆخەكە لە نێوان باشی و خراپیدا دابەش بووە. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە لایەنە نەرێنییەكانی بەكارهێنانی ئەم تەكنەلۆژیایە لە ئێستادا زاڵترن بەسەر لایەنە ئەرێنییەكانیدا، ئەمەش ئەركێكی قورس دەخاتە سەر شانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن. دەزگاكانی ڕاگەیاندن وەك سەكۆیەكی كاریگەر، پێویستە بەرپرسیاریەتییە مێژوویی و ئەخلاقییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن. ناكرێت ڕاگەیاندن تەنیا بینەر بێت، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بەرنامەی هەمەجۆر و هۆشیاركەرەوە، تیشك بخاتە سەر باشی و خراپییەكانی سۆشیال میدیا.

یەكێك لە دیارترین مەترسییەكانی ئەم سەردەمە، پرسی ئالوودەبوونی بێشومارە بە ئینتەرنێتەوە. ئەم ئالوودەبوونە گەیشتووەتە ئاستێك كە مرۆڤ هەر كە لە خەو هەڵدەستێت، پێش ئەوەی پێویستییە سەرەتاییە جەستەییەكانی وەك شتنی دەست و دەموچاو جێبەجێ بكات، یەكسەر ڕوو لە شاشەی تەلەفۆنەكەی دەكات. ئەم ڕەفتارە نیشانەیەكی ڕوونی ئالوودەبوونێكی قووڵە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئارامیی دەروونی مرۆڤەكان داناوە. كاتێك مرۆڤێك لە كۆی ٢٤ كاتژمێری شەو و ڕۆژ، نزیكەی ١٢ بۆ ١٨ كاتژمێر لەناو جیهانی مەجازی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نوقم بێت، بێگومان ناتوانێت پارێزگاری لە هاوسەنگیی دەروونی خۆی بكات.

 

Top