نامەیەک لە شاخەوە بۆ کۆشکی ئەلیزێ بارزانی نه مر و دیگۆل مێژوویان دواخست

نامەیەک لە شاخەوە بۆ کۆشکی ئەلیزێ بارزانی نه مر و دیگۆل مێژوویان دواخست

 

 

پاشکاتێک نزیکەی شەست ساڵ لە پاراستنی لە ئەرشیڤە تارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا جارێکی تر نامەیەکی مێژوویی (بارزانی نەمر)بۆ جەنەڕاڵ (چارل دیگۆل) دێتەوە ناو رووناکی.
ئەم نامەیە تەنها پارچە کاغەزێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو مانیفێستۆیەکی سیاسی و نەتەوەییە کە تێیدا پێشەوایەکی ماندووی شاخ ڕوو لە ڕزگارکەرێکی گەورەی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی ویژدانی جیهان بەئاگا بهێنێتەوە.

دیالۆگی دوو سیمبولی ئازادی

کاتێک مستەفا بارزانی لە ساڵی ۱۹٦٨دا ئەم نامەیەی دەنووسی کوردستان لە ناو جەرگەی (شۆڕشی ئەیلوول)دا بوو. بارزانی لێرەدا وەک سیاسەتمەدارێکی زیرەک دەردەکەوێت؛ ئەو ڕوو لە (دیگۆل) دەکات نەک تەنها وەک سەرۆکی فەڕەنسا، بەڵکو وەک (هاوسەنگەرێکی ئازادی) ئەو دەزانێت دیگۆل کێیە ئەو پیاوەی نازییەکانی تێکشکاند و فەڕەنسییەکانی بەرەو سەرفرازی برد. بارزانی بەم بەراوردکارییە دەیەوێت بڵێت: (ئەوەی تۆ بۆ فەڕەنسا کردت من بۆ کوردستانی دەکەم )

هاوارێک دژی بێدەنگیی نێودەوڵەتی :

لە دەقی نامەکەدا غەدرێکی مێژوویی بەدی دەکرێت. بارزانی بە ڕاشکاوی دەڵێت: (ئێمە بەتەواوەتی تاک و تەنیاین ) ئەم ڕستەیە گوزارشتە لەو تەنیاییە سیاسییەی کە هەمیشە کورد تێیدا ژیاوە. لە کاتێکدا زلهێزەکان پێشبڕکێیان بوو بۆ پڕچەککردنی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بە (نوێترین چەکی وێرانکەر) بارزانی داوای لە دیگۆل دەکرد کە فەڕەنسا نەبێتە بەشێک لەو مەکینەی کوشتنە.

(هەر چەک ناردنێک بۆ عێراق، تەنیا دەبێته هۆی کاولکردنی وڵاتمان و کوشتنی بەکۆمەڵی ئافره‌ت و منداڵانمان)

ئەم ئاگادارکردنەوە پێشوەختەیە گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە کە بارزانی نه مر دەیزانی چەکەکانی دوژمن پێش هەموو شتێک جەستەی مەدەنییەکان دەپێکێت.

ئایین و مرۆڤایەتی لە یەک چوارچێوەدا :

کۆتایی نامەکە یەکێکە لە جوانترین و کاریگەرترین کۆتاییەکان لە مێژووی دیپلۆماسیی کوردیدا. بارزانی بە بەکارهێنانی دەقێکی ئایینی و گۆڕینی بۆ وێنایەکی سیاسی، دەڵێت: (ئێوە و فەڕەنسا بەهەشتی ئاسمانی ئێمەن) ئەمە نیشانەی ئەو ئومێدە گەورەیە بوو کە کورد بە فەڕەنسا و پرەنسیپەکانی شۆڕشی فەڕەنسی (ئازادی، یەکسانی، برایەتی) هەبوو.

گرنگیی نامەکە لە ئێستادا :

گەیشتنی ئەم نامەیە لە ئێستادا بۆ دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوە، تەنها گەڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی ئەو دۆستایەتییە مێژووییەیە کە لە شاخەکانەوە دەستی پێکرد و ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتداری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە.

ئەم نامەیە پێمان دەڵێت : ڕێگای ئازادی تاقەتپڕوکێنە، بەڵام کاتێک ڕاستگۆیانە خەبات دەکەیت، تەنانەت دوای نیو سەدەش، جیهان ناچار دەبێت ئەرشیفەکانی هەڵ بداتەوە و دان بە شکۆی خەباتەکەتدا بنێت.

نامەیەک لە شاخەوە بۆ کۆشکی ئەلیزێ بارزانی نه مر و دیگۆل مێژوویان دواخست
Top