زیانی جگەرەی مەنتۆڵ لە زیانی جگەرەی ئاسایی زیاترە!
مەنتۆڵ Menthol ئاوێتەیەكی كیمیاییە كە بە شێوەیەكی سرووشتی لە ڕووەكی نەعناعەوە Mint سەرچاوە دەگرێت. زیانی جگەرەی مەنتۆڵی لە جگەرەی ئاسایی زیاترە، چونكە دوكەڵەكەی ئاسانتر و زیاتر هەڵدەمژرێت، واتە هەڵمژینێكی قووڵتر و گەیشتنی زیاتری ماددە زیانبەخشەكان، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری ڕاهاتن و سەختتربوونی وازهێنان لە جگەرە. ئەوە سەلمێندراوە كە ئاوێتەی مەنتۆڵ هاندەرە بۆ ڕاهاتنی مێشك لەسەر ماددەی نیكۆتین، كە وا لە جگەرەكێش دەكات نەتوانێ بە ئاسانی واز لە جگەرە بهێنێت، واتە زیاتر پێیەوە پەیوست دەبێت و ژمارەیەكی زیاتر جگەرە دەكێشێت. لە لایەكی دیكە، هەستی فێنكی قوڕگ بە جگەرەی مەنتۆڵی، هەستی ناڕەحەتیی هەڵمژینی دوكەڵی جگەرە و كۆكە كەم دەكاتەوە، بەمەش هەڵمژینی دووكەڵ قووڵتر دەبێت و بۆ ماوەیەكی زیاتر لە ناو سییەكاندا دەهێڵدرێتەوە، دەرەنجام هەڵمژینی قەتران و ماددە زیانبەخشەكانیتری ناو دووكەڵی جگەرە زیاتر دەبێت، هەروەها چێژ و بۆنی نەعناع سەرهەڵدانی هەر نیشانەیەكی نوێی كۆئەندامی هەناسەی پەیوەست بە جگەرەكێشان دەشارێتەوە، ئەمەش كاتی چارەسەركردن دوادەخات.
