بەهای خـــۆراكیی پەنیری چیدار
پەنیری چیدار Cheddar cheese بە ناوی ئەو گوندەی ئینگلتەرا كراوە كە لێیەوە سەرچاوەی گرتووە. پەنیری چیدار لە شیری مانگا دروست دەكرێت، ڕێژەیەكی بەرزی ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی پرۆتین و كالسیۆم، بە جۆری پڕ چەوری Full fat و كەم چەوری Low fat لە بازاڕەكاندا هەیە. سوودە تەندروستییەكان: دابینكردنی ڕێژەیەكی بەرزی ترشە ئەمینییەكان كە یەكەی بنچینەیی پرۆتینن و گرنگیی زۆریان بۆ تەندروستیی ماسوولكەكان هەیە، پاراستنی فرمانی دەمارەكان، پاراستنی تەندروستیی چاو بە هۆی ڕێژە بەرزەكەی ڤیتامین A، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو پووكانەوەی ئێسك، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە هۆی ڕێژە بەرزەكەی ڤیتامین D و كالسیۆم، بۆنموونە 28 گرام پەنیری چیدار نزیكەی 200 ملگم كالسیۆم لەخۆدەگرێت كە گرنگە بۆ بەهێزكردن و پاراستنی چڕیی ئێسك، باشتكردنی فرمانی گورچیلەكان و پاراستنی DNA بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی كانزای فۆسفۆر لە پەنیری چیداردا.
