دیمەن محەمەد: زۆربـــوونـــی كـــافــتــریــا و یانەكانی شەوان وای كردووە، نەتوانین كۆنتڕۆڵی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان بكەین
دیمەن محەمەد وەك توێژەری كۆمەڵایەتی لە ماوەی كاركردنیدا ئەزموونێكی زۆری لە بواری خزمەتكردندا لە ناوەندە چاكسازییەكانی هەولێر هەیە، ماوەی چوار ساڵ و نیو بەڕێوەبەری چاكسازی ئافرەتان و نەوجەوانانی هەولێر بووە، لە ئێستاشدا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر خزمەت دەكات، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان وەڵامی چەند پرسێكی هەنووكەیی پەیوەست بە دۆخی ئافرەتان و نەوجەوانان دەداتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* لە هەلومەرجی ئێستادا دۆخی ئافرەت لە ڕووی بنیاتنانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێشخستنی كۆمەڵگە چۆن دەبینیت؟
- ئافرەت ئەو بوونەوەرە هەستیار و ناسكەیە كە خوا بە گەردوونی بەخشیوە، تەژییە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی، وەك دایك و مامۆستا و پزیشك و ئەندازیار و بەرپرس لە پەروەردەكردنی نەوەی نوێ بە ئامانجی بنیاتنانی وڵاتێكی پێشكەوتوو ڕۆڵی كارای هەیە، ناكرێت نكۆڵی لە ڕۆڵی ئافرەت بكرێت، ئەو وەك بەردی بناغەی خێزانە و هەڵگری بەرپرسیارییەتییە لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئابووری ماڵ، ئافرەت بەشداری لە بەرزنرخاندن و پاراستنی كلتوور و بەها و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان و ناسنامەی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستە نوێیەكان دەكات، لە ڕێگەی پلانی كاری نێودەوڵەتی كە چوار بواری دیاریكردووە دەكرێ ئافرەت سەركەوتوو تر بێت، كە بریتین لە پەسەندكردن و بەشداریپێكردنی ئافرەت لە سیاسەتدا، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و پاراستنی لە توندوتیژی، بەهێزكردن و گەشەپێدانی ئافرەت بە ڕێگەی جیاواز. لێرەدا ناكرێت ڕۆڵی پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لەبیر بكرێت كە ڕۆڵی سەرەكییان لە بەرەو پێشچوونی بارودۆخ و ڕەوشی ئافرەت بە گشتی هەیە.
* پرسی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و تەنانەت ڕێژەیەكی ئافرەتان و نەوجەوانان ئالوودە و گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بوون، خوێندنەوەت لەسەر ئەمە چییە؟
- كێشەی ئالوودەبوون و هەڵكشانی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بووەتە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ژیانی زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵگە وەك چەكێكی شاراوەیە كە بە هێواشی ئەندامانی كۆمەڵگە لەناو دەبات. بە جۆرێك كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەم بووە و بەرەو هەڵكشان دەچێت و خەریكە داڕمانی كۆمەڵگەی لێ دێتە كایەوە.
بەپێی چەندین توێژینەوە كە كۆمەڵناسان ئەنجامیان داوە، هۆكارگەلێك هەن كە بوونەتە هۆی هەڵكشان و زۆربوونی ئەو دیاردەیە، وەك كرانەوەیەكی بێ بەرنامە و بێ سنووری كۆمەڵگە و تێكەڵبوون بە كۆمەڵگەكانی دی لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و گواستنەوەی دابونەریتە ناباوەكان بۆ ناو كۆمەڵگە، لە لایەكی دیكەوە بارودۆخی خێزانی و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو و شڵەژاو وەك لە دەستدانی كۆنتڕۆڵی باوان لەسەر منداڵ و هەستنەكردن بە بەرپرسیاریەتیی باوان بەرامبەر منداڵەكانیان و فەرامۆشكردنیان و نەمانی پەیوەندی جوانی نێوان ئەندامانی خێزان و كۆنەبوونەوەی ئەندامانی خێزان لەسەر یەك مێز و سفرەی خێزان و ئاگاداربوون لە ڕەوش و داواكاری و كێشەكانی یەكتر، هەروەها لێكترازانی باوان و پەرتەوازەبوونی خێزان و هاوڕێیەتی كەسانی خراپ و دوور لە بەها جوانەكان، هۆكاری سەرەكین بۆ دیاردەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەر.
زۆربوونی كافتریا و یانە شەوانەكان وای كردووە، نەتوانین كۆنتڕۆڵی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان بكەین. بۆ كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشە و دیاردە مەترسیدارە پێویستە لایەنەكانی پەیوەندیدار كۆك بن لەسەر هەماهەنگیكردن و كاركردنی جددی و گرنگیدان بە توێژینەوەی كۆمەڵناسان، بۆ ئەوەی پەنجە لەسەر برینەكان دابنرێت و تا ڕاددەیەك بتوانین لەو تیرۆرە سپییە ڕزگار بین، ناكرێت ڕۆڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی و مینبەر لەو بوارەدا لە یاد بكەین.
* ئایا بێكاری تاچەند دەبێتە هۆكاری كێشە كۆمەڵایەتییەكان؟
- پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگەكان لە سەردەمی تەكنەلۆژیا و ئاڵۆزبوونی ژیان (بە وڵاتانی دواكەوتوو و پێشكەوتووشەوە) كێشە و گرفتی زۆری هێناوەتە نێو كایەكانی ژیان، بەتایبەت كێشە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هەواڵی دڵتەزێن و سەخت و كارەساتباری ڕۆژانە، ڕێژەكەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بە جۆرێك چارەسەریان بووەتە كارێكی ئەستەم و جێی سەرنج و تێڕوانینی گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان.
هۆكارگەلێك هەن تاك ڕووبەڕووی كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەنەوە، یەكێك لە هۆكارەكان بێكارییە و دەتوانین بە ئافاتی سەردەم ناوی بنێین كە ڕووبەڕووی ڕێژەیەكی زۆری تاكەكانی كۆمەڵگەكان بووەتەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چ وڵاتانی پێشكەوتوو، یان دواكەوتوو، گەنجان كە توێژێكی گرنگ و كاریگەری كۆمەڵگەن و بە ژێرخانی مرۆیی كۆمەڵگەكان دادەنرێن، بێبەشن لە ژیانێكی شایستە و بە هۆی خراپی باری گوزەرانیان توانای بنیادنانی ژیانی هاوسەری و پێكهێنانی خێزانیان نییە و پێداویستییەكانی ژیانیان پێ دابین ناكرێت، ئەمەش هانیان دەدات پەنا ببەنە بەر كاری ناڕەوا و تووشی لادانی كۆمەڵایەتی ببنەوە و لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی كێشە و گرفتی قورس ببنەوە و توانای چارەسەركردنیان ئەستەم دەبێت.
ئەگەر سەیری دادگاكان بكەین، ڕۆژانە دەیان جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار دەكرێن و لە ئەنجامی تێكچوونی شیرازەی خێزاندا منداڵان قوربانیی سەرەكیی ئەو لێكترازانە دەبن و پەرتەوازە و بێبەش دەبن لە سۆز و باوەش و گرنگیپێدانی دایك و باوك، بەوەش نەوەیەك و تاكێكی پر كێشە و ناتەندروست پێشكەشی كۆمەڵگە دەكرێت و، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پێیەوە سەرقاڵ و ماندوو دەبن بۆ چاكسازكردنی ئەو تاكە. لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار لە دەسەڵات و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵی جددی بدەن بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێكاری و دۆزینەوەی هەلی كار و دەست خستنە سەر برینەكان و هەوڵدان بۆ باشتركردنی باری ئابووری و گوزەرانی تاكەكانی كۆمەڵگە و سەرەنجام بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دوور لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەبەر ئەوەی ئەگەر تاكێك چاكساز و ئارام و ژیان تەندروست بێت، خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە كۆمەڵگە كراوە.
