پاراسیتۆل: زانیاری بۆ بەكارهێنەران
پاراسیتۆل كە بە پاراسیتامۆڵ Paracetamol یان ئەستامینۆفین Acetaminophen ناسراوە، دەرمانێكی ئازارشكێنە، بۆ سووككردنی ئازاری سادە بەكار دێت لە حاڵەتەكانی: سەرئێشە، پشت ئێشە، ئازاری ماسوولكە، هەڵامەت، ئازاری ددان، یان ئازاری جومگە، هەروەها بۆ دابەزاندنی كاتیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. پاراسیتۆڵ كە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیهاندا بەكار دەهێنرێت، بە گشتی دەرمانێكی بێ زیانە هەتا لەكاتی دووگیانی و شیردانی سرووشتیدا ئەگەر بە ژەمی زیاد بەكار نەهێنرێت، بەڵام ژەمی زیاد كە زیاتر بێت لە 3،000 میللیگرام لە ڕۆژێكدا بەتایبەتی لەو كەسانەی كە نەخۆشیی جگەریان هەیە، دەبێتە ئەگەری تێكدان و پەككەوتنی جگەر، پەككەوتنی گورچیلە، هەروەها هەوكردنی پەنكریاس، كە ژیان دەخەنە مەترسییەوە. بە گشتی زیانە لابەلاكانی پاراسیتۆڵ سووك و سادەن ئەگەر بە ژەمی بچووك بەكار بێت، بە شێوەی: سەرسووڕان، خورشتی پێست، كۆكە، هەناسەراوكێ، بەڵام لەكاتی بەكارهێنانی ژەمی گەورەی پاراسیتۆڵ لەوانەیە كە زیانی لابەلای توندتر بەدی بكرێن، وەكو: ژاراویبوونی جگەر یان پەككەوتنی جگەر، ژاراویبوونی گورچیلەكان، خوێنبەربوون لە ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا، ئاوسانی قوڕقوڕاگە، كەمبوونەوەی ڕێژەی خەپڵەكانی خوێن Platelets، هەورەها كەمبوونەوەی ڕێژەی خڕۆكە سوور و سپییەكانی خوێن.
