دلیڤان خان مەیكئەپ ئارتێست: لە سەردەمێكداین زۆربەی خانمان حەز بە نەشتەرگەریی جوانكاری دەكەن

دلیڤان خان مەیكئەپ ئارتێست:  لە سەردەمێكداین زۆربەی خانمان  حەز بە نەشتەرگەریی جوانكاری دەكەن

دلیڤان خان، خانمە مەیكئەپ ئەرتێست و ئارایشتكارێكی لووتكە، كارەكانی هەمیشە بووەتە جێگەی خواست و داواكاریی خانمان لە جوانكردن و ئارایشت و ماكیاژكردندا، دلیڤان خاوەنی ساڵۆنی سەربەخۆی خۆیەتی و ڕۆژانە ئافرەتان بۆ كاری جوانكاری و ڕازاندنەوە سەردانی دەكەن، دەسترەنگینییەكەی بۆتە جێگەی ڕەزامەندی زۆربەی هەوادار وئەوانەی سەردانی دەكەن، چەند پرسێكمان ئاراستە كرد و وەڵامەكانی بەم جۆرە بوون:

 

* كاری ئاریشت و ماكیاژكردن پێویستی بە لێهاتوویی و زانینە یان بڕوانامە و خوێندن؟

- كاری مەیكئەپ ئەرتێست، هەم لێهاتوویی دەوێ و هەروەها بڕوانامەشی پێویستە، كەسێك بڕوانامەی نەبێت، ناتوانێت ئەو كارە بكات، هەر كەسێك فڵچەی ماكیاژ بگرێت مانای ئەوە نییە ببێتە مەیكئەپ ئارتێست، چونكە لێزانین لەو كارەدا پێویستی بە پسپۆری هەیە كە چۆن بتوانی كاری ڕازاندنەوە بۆ دەموچاوی مرۆڤەكان بكەیت و دەبێ بزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەیت، بۆ نموونە كەسێك دەموچاوی باریك بێت، بتوانی دەموچاوی زیاتر گەورە بكەیت، خۆم بڕوانامەم لە وڵاتی لوبنان پێش 14 ساڵ بەدەست هێناوە، كە دبلۆمی مەیكئەپم لە سەنتەرێكی جوانكاری هەیە.

* چەند جۆرە كاری ماكیاژ دەكەیت؟ تەنیا ماكیاژ دەكەین یان ئارایشت و نەشتەرگەریی جوانكارییش؟

- بۆ ماوەی 14 ساڵە كاری ماكیاژ و ئارایشتم لە شوێنی دیكە كردووە و پێشتر ساڵۆنی خۆم نەبوو، بەڵام ئێستا ساڵۆنی خۆم هەیە.

* نەشتەرگەریی جوانكاری تا چەند كاریگەری لەسەر جوانیی ئافرەتان دەبێت؟

- من تەنیا ماكیاژ دەكەم، چونكە شوێنەكەی من تەنیا ساڵۆنە، هەر شتێك پەیوەندی هەبێت بە قژ و ماكیاژ و نینۆكەوە و، بووكیش دەڕازێنینەوە، جوانكاریی ئاهەنگی دەرچوون و ساڵرۆژی لەدایكبوون و خەنەبەندان و زۆربەی بۆنەكان ئێمە كاری ڕازاندنەوە بۆ خانمان دەكەین.

* داواكاریی خانمان لە ئێستادا بۆ ماكیاژەكان كامەن و كامەیان زیاتر باون؟

- لە سەردەمێكداین زۆربەی خانمان حەز بە نەشتەرگەری دەكەن و بووەتە ترێنتد و عادەت، كچەكان هەندێك گەورە دەبن كە داوای نەشتەرگەری و برۆ و جوانكاری دەكەن، من لەگەڵ ئەوەم كە كەسێك عەیبێكی هەبێت، چاكی بكات نەوەك لاسایی بكاتەوە، لە دوای ساڵی 2023 زۆربەی خەڵكەكە حەز دەكەن خاوەنی جوانییەكی ئاسایی و سروشتی بن، خودای گەورە چۆن خەلقی كردووی و خۆی نەگۆڕێت.

* ماكیاژكردنی كچان ئاسانترە یان خانمانی بە تەمەن و، كامەیان زیاتر ناڕازین لە ماكیاژەكانیان؟

- ئافرەتانی بەتەمەن حەزیان بە ماكیاژی ناسك و سادەیە، بەڵام كۆمەڵێك هەیە حەز بە ماكیاژی تۆخ و پڕ دەكەن، من یەك بە خۆم پێم جوانە ناسك بێت، من ڕۆژانە لەسەر سناپەكانم بە خانمان دەڵێم: ماكیاژەكانتان جوان و ناسك بكەن و سرووشتی و ناسكت بن، نەك قەبەو و گەورەت بكات، هەر خۆشی زیاتریش پیاوان ئەو ئافرەتانەیان لا جوانە كە ماكیاژی ناسك دەكەن.

* بەشداریی هیچ خول و ڕاهێنانێكی تایبەت بە ئارایشت و ماكیاژت كردووە؟

- بەشداریم لە زۆر خول كردووە، بۆ ماكیاژ و بۆ ئارایشتگاش، بەتایبەتی لە دەرەوە خولم بینیوە، چونكە زۆربەی ئەو خولانە لە كوردستان نییە، چەند خولی ڕاهێنان بۆ كچە بچووكان و ئەو خانمانەی حەز دەكەن بە جوانی دەربكەون كردوونەتەوە.

* كەسێكی كارا و چالاكی لە سۆشیامیدیادا، چۆن ئەو بیرۆكەیەت بۆ هات؟

- من ئافرەتێكم (4) منداڵم هەیە و كاتێكی تایبەتم بۆ خێزان و كار و هاوسەرم داناوە، كە كارەكەم زۆر سەرقاڵم دەكات، ئەو ناوبانگەی هەمە لە سۆشیاڵ میدیادا بەدەستم هێناوە، هەروەها كارەكانم بوونەتە شاهێدێك بۆ ناوبانگم لە نێو هەواداران و جەماوەرەكەمدا.

* پرۆژەی داهاتووت چییە بۆ كاری جوانكاری و ماكیاژ و ئارایشت ؟

- بەردەوام دەبم و لە داهاتوودا زیاتر هاوكاریی زیاتری خەڵك بكەم، ئەو ئافرەتانەی كە ناتوانن بگەنە خەونەكانیان، من لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و كاری ساڵۆنەوە هاوكارییان دەكەم تاوەكو فێری ماكیاژكردن ببن، خەونم ئەوەیە سەنتەرێكی گەورە بكەمەوە و حەزیش دەكەم كارەكانم بگاتە وڵاتانی دەرەوەش، زۆر یارمەتی ئەوانەش دەدەم كە باری داراییان باش نییە، من پێیان دەڵێم نرخێك دابنێ بە پێی توانای خۆت، جگە لەوەش لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاشەوە یارمەتی ئەوانەم داوە كە ئافرەتانی ماڵن، تاوەكو بتوانن ماكیاژ بكەن كە ناتوانن بگەن بە ئێرە، لە ساڵۆنەكەشم هەر خزمەتێك بكەم یارمەتی خەڵك دەدەم.

Top