خەنجەرەكەی فیرعەون
لە ساڵی 1925 زانای شوێنەوارناس (هاورد كارتەر) دوو خەنجەری لە نێو ئەو تابووتەدا دۆزییەوە كە جەستەی (تووت عەنخ ئاموون) ی تێدا بوو، كە مێژووەكەیان بۆ سێ هەزار و 300 ساڵی پێش زایین دەگەڕایەوە و یەكێكیان ئاسن بوو و ئەوەی تریشی لە زێر پێك هاتبوو، لەو كاتەوە زانایان بەردەوام بەدوای نهێنییەكانی ئەو خەنجەرە ئاسنینەی فیرعەون ئامووندا دەگەڕێن، چونكە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكانیان، دروستكردنی خەنجەر لەو كاتەدا بەو جۆرە ئاسنە كە جیاوازە لە ئاسنەكانی دیكە، زۆر جێی سەرنج و تێڕامان بووە، ئەو خەنجە بە دەسكێكی زێڕینەوە و لەسەریدا نەخشەی جۆراوجۆر كێشرابوو، ئەوەشی لە هەمووی سەیرتر بوو، ئەوەیە كە ئەو ئاسنەی خەنجەرەكەی پێ دروستكراوە، چینێكی بەردینی تێدا بووە، كە سەری لە هەموو زانایان تێك دابوو و نهێنی و چۆنیەتیی دروستكردنی ئەو خەنجەرەیان بۆ نەدۆزرایەوە.
تا لە رێی پێكهاتەی كیمیایی خەنجەرەكەوە توێژینەوەیان كرد و لە رێی وێنەی تیشكییەوە پشكنینیان بۆ خەنجەرەكە كرد، ئەوان لە پێكهاتەی خەنجەرەكەدا رێژەیەكی زۆری نیكل و كۆباڵتیان بینی، ئەمەش بووە جێی سەرسوڕمان، چونكە ئەم جۆرە ئاسنە تەنیا لە بۆشایی ئاسماندا هەیە، بۆیە ئەوان پێكهاتەی ئەو خەنجەرەیان بەراورد كرد لەگەڵ پێكهاتەی بەردێكی نەیزەكی و، ئیتر نزیكییەكی یەكجار زۆر لە نێوان پێكهاتەی هەردووكیاندا دۆزرایەوە، لەوەیان كۆڵییەوە كە ئاخۆ ئەو خەنجەرە لە بەردی نەیزەك دروستكراوە، یان پێكهاتەكەی هاوشێوەی ئەو لێ كراوە، بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوە مێژووییەكان بۆیان دەركەوت لە دووریی دوو هەزار كیلۆمەتر لە دەوروبەری ئەو مێژووەی كە خەنجەرەكەی لێ دروستكراوە، بەردێكی نەیزەكی لە كەناراوەكانی دەریای سوور كەوتووەتە خوارەوە، دواتریش لە شاری مرسی لە دووریی 240 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری ئەسكەندرییە شوێنەواری بەردێكی نەیزەكی لەسەردەمی ئەسكەندەری مەكدۆنی دۆزراوەتەوە.
