(1 تا 7) هونەر

(1 تا 7) هونەر

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

بە گوێرەی شرۆڤەی فەیلەسووفی جوانناسی فەرەنسی (ئێتیان سۆریو/ 1892- 1979)، هەر كۆمەڵە خەسڵەتێكی پلەبەندی هەست بزوێن، كە دەكرێت هونەركارانە گەڵاڵە بكرێن، بۆ نموونە (هێڵ، ڕەنگ، پنت، گۆپكە، ڕووناكی، جووڵە، گۆ كردن، ریتمی ڕووت)، دوو جۆر هونەریان لێ دەكەوێتەوە:
یەك: هونەری ناوێنە.
دوو: هونەری وێنە.
لە ڕووی كولتووری باوی گشتییەوە، هونەر لەسەر ئاستی كولتووری جیهاندا، بۆ (7) جۆر پۆلێن كراوە. من پەیوەست بەو پۆلێنە ڕەخنەم هەیە، ریشەی ئەم پۆلێنە بۆ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی وردتر هونەر پۆلێن بكەین، پێویستە ڕشتە و پۆلێنێكی دیكە بخەینە ڕوو.
بەدەر لە ڕەخنەكەی خۆم، قسەی من لێرەدا، دووبارە كردنەوەی پۆلێنە باوەكەیە. هونەر هەیە ئاوێتەیەكە لە چەندین هونەر، گۆرانی دوو هونەرە (شیعر، مووزیك)، شانۆ گورزەیەك هونەر دەگرێتە خۆ (دەق، نواندن، سەما، ڕەنگسازی، پەیكەرسازی، تەلارسازی، مووزیك).

(1 تا 7) هونەر

هونەر، كاری بەرز و دانسقە و پڕ لە جوانییە، كارامەیی و داهێنان لە پاڵ خەیاڵ و ئەندێشە بەرجەستە دەكات. هەر هونەرە بە گوێرەی تایبەتمەندییەكەی، مرۆڤ بە هەستی جۆربەجۆر چێژی لێ وەردەگرێت. هەیە بە چاو، هەیە بە دەست لێدان، هەشە بە گوێ، چێژی لێ وەردەگیرێت. بەرزی و شكۆی دەق یان بەرهەمی هونەر، پەیوەستە بە جوانی و بەرزی و تەوژم و پەیامەكەیەوە.
لە ناوەندی هونەر لە ئاستی جیهاندا، پۆلێنی هونەر بە دەوری حەوتەوانەی (نیگار، پەیكەر، تەلارسازی، شیعر، مووزیك، سەما، سینەما)دا دەخولێتەوە. هونەری حەوتەمی لێ دەربكە، شەشەوانەی هونەر بۆ سەردەمی گریك لە دوایین سەدەكانی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، ئەوان ڕیزبەندی شەشەوانەی هونەریان بەم جۆرە دانا (تەلارسازی، مووزیك، نیگار، پەیكەر، شیعر، سەما). پۆلێنێكی دیكە هەیە، شیعر دەباتە دەرەوەی هونەر، (گۆزەكاری: سیرامیك)ی دەخاتە جێ، ئەمیان وەك یەكێك لە شەشەوانە و حەوتەوانەی هونەر دادەنێت.

(1 تا 7) هونەر

فەیلەسووفانی جوانناسی و ڕەخنەگران، ڕشتەكانی هونەر دەخەنە نێو ڕیزبەندییەكەوە، بۆ نموونە هونەرەكان بەم جۆرە دادێت، پۆلێن دەكەن:
یەكەم: هونەری تەلاسازی، پەیوەستە بە نەخشە و دیزاین و دروست كردنی بینا و تەلار، ژینگەیەكی گونجاو بە ژیانی مرۆڤی تێدا بەدی دێت، لەگەڵ ژینگەی دەرەوەش كۆك و سازە.
دووەم: هونەری مووزیك، سروشت سەرچاوەی مووزیكە، بریتییە لە كۆمەڵێك ڕیتم و تۆن و ئاواز، بە گوێرەی پەیژەی مووزیك دابەش دەبێت.
سێیەم: نیگار، بە جووتە ڕەگەزی هێڵ و ڕەنگ گەڵاڵە دەبێت. ئەم هونەرە لە نێوان واقیع و خەیاڵدا ڕایەڵێكی جوانە، تێیدا نیگاركێش مانۆری خۆی دەكات.
چوارەم: پەیكەر، ئەم هونەرە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی كەس و بۆنە و ڕووداوە، بۆ بەخشینی جۆرێك لە بەردەوامی بە كەسایەتی و كەش و شكۆیەك، هاتووەتە كایەوە.
پێنجەم: شیعر، ئەمە بە گوێرەی پۆلێنی دێرین هونەرە. بە بڕوای من شیعر وەك دەقی وێژە پێویستە لە دەرەوەی پۆلێنی هونەردا بێت، ئەگەر لە نێو ئەو پۆلێنەدا مایەوە، ئەوا دەبێت ڕۆمان و چیرۆكیش بچنە نێو ڕیزبەندی پۆلێنی هونەرەوە. ئەمەی گوتم، بەشێكی ڕەخنەكەی منە.
شەشەم: سەما وەك شەشەمین هونەر، خاڵی بە یەك ئاشنا بوونی جەستە و ناخی مرۆڤە، سەما ئەو كاتە بەدی دێت، كە مرۆڤ دەگاتە ئەو پەڕی هەستەوەری و گەردانی ڕۆحەوە.
حەوتەم: پێشتر هەر لە (گوڵان)دا باسی سینەمامان كرد، ئەو هونەری حەوتەمە.
گریك هەوڵیان دا تێكڕای هونەرەكان لە یەك بەرهەمدا كۆ بكەنەوە، توانییان بەرهەمی ئەوتۆ گەڵاڵە بكەن كە شیعر، گۆرانی، سەما و مووزیك بگرێتە خۆی، بە نیگاری بەرزیش باگراوندێكیان بۆ دروست كرد. لە سەردەمی نوێدا، سینەما بوو بەو ناوەندەی تێكڕای هونەرەكان لە خۆیدا كۆ بكاتەوە.

(1 تا 7) هونەر
Top