بۆ یەكەمجار..لە سۆران هۆڵێكی سینەما دەكرێتەوە
بۆ یەكەمجار لە مێژوودا, لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هۆڵی سینەما دەكرێتەوەو بڕیارە سبەی یەكشەممە 7/8/2022 كاتژمێر 5:30 ئێوارە بەفەرمی دەست بكات بە نمایشەكانی .
پڕۆژەی (شین سینەما) پڕۆژەیەكی هاوبەشی خانەی فەرهەنگی شین و كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمە ئامانج لەم پڕۆژەیە خزمەت كردنە بە بواری هونەری سینەما و فیلمی سینەمایی كوردی,هەروەها لەبەرنامەیاندایە كە لە داهاتوودا لە پاڵ نمایشی فیلمە كوردییەكان لە (شین سینەما) فیلمی بیانی بە ژێر نووسی كوردی نیشان بدرێت .
لەم بارەیەوە (رێكان وەلید) بەڕێوەبەری خانەی شین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاند:خانەی فەرھەنگیی شین بە سپۆنسەری كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم) ھۆلێكی سینەمایی دروست كرد وەك پڕۆژەیەكی كلتووری وفەرھەنگیی لە شاری سۆران بە ناوی (شین سینەما) ئامانج لەو پڕۆژەیە خزمەت كردنە بە بواری ھونەری سینەما و نمایش كردنی فیلمی كوردی و جیھانی، بەم مەبەستەش مەراسیمێك بۆ كردنەوەی شین سینەما ئەنجام دەدات بە ئامادەبوونی دەرھێنەر و سینەماكاری دیاری كورد ( حوسێن حەسەن) ، لە كاتی مەراسیمەكەش بابەتێك لەسەر گرینگی و ڕۆڵی سینەما پێشكەش بە ئامادەبووان دەكات.
هەروەها بڕیارە هەردوو دەرهێنەر و سینەماكاری كورد(حوسێن حەسەن) و (حەسەن عەلی)ئامادەی نمایشەكە بن و گرنگی و بایەخی هونەری فیلم و سینەما بخەنەڕوو .
ئاسۆ كاكەیی
