بەفیڕۆدانی ئاو لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە گۆڕاوە
ئەگەرچی ئەمساڵ بە هۆی وشكەساڵی و كەمبوونی باران، هەرێمی كوردستان تووشی زۆر كێشەی كەم ئاویی بووە، بەڵام زۆر لە ماڵانیش بەو پەڕی كەمتەرخەمییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكە كردووە، بە جۆرێك كە لە بن دەرگەی ماڵەكانیانەوە، بە لرفە ئاوی پاكی خواردنەوە، تێكەڵ بە زێراب و جۆگەكانی سەر شەقام دەبێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر باسی ئەو دیاردە نەشیاوە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەحمەد عەبدوڵا قوتابی پەیمانگەیە و وەك خۆی باسی كرد، دانیشتووی گەڕەكی زانكۆیە لە هەولێر. ئەو لەوە نیگەرانە كە چەندین ڕۆژە بێ ئاون و دەڵێت: «لە ماوەی 15 ڕۆژ سێ تانكی ئاومان بە 30 هەزار دیناركڕیوە. ئێمە ئاوی خواردنەوە و بەشی دەستنوێژێكمان نییە، جیرانی بەرامبەریشمان شەو تا سبەی، ئاوی پاك بە ژێر دەرگەی ماڵەكەیدا دەڕژێتە ناو جۆگە و زێرابەوە. ئەوە كەی ویژدانە؟ حەق وایە و زۆر پێویستە حكومەت سزای ئەوانە بدات، كە ئاو بەفیڕۆ دەدەن، ئێمە پێوەری ئاومان هەیە و لە شوقەین، كەچی ئەوانەی پێوەری ئاویان نییە، پارەی ئاو نادەن و بەو ڕۆژگارە نەك بەر خانوو، بگرە شەقامەكەش دەشۆنەوە.»
سەبارەت بە هەمان پرس سندس عەلی مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی یاسا بۆ گوڵان گوتی:» ئاو نیعمەتێكی گەورەی خوای میهرەبانە و پێویستە لەسەر نیعمەتەكانی خوای گەورە سوپاسگوزار بین، خوای گەورە دەفەرمووێت بخۆن و بخۆنەوە و ئیسرافی تێدا مەكەن، موبالەغەی تێدا نییە بەفیڕۆدانی ئاو لە گوناحە گەورەكانە و لە كۆنەوە گوتراوە ئاو و ئاوەدانی، پێغەمبەریش درودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: هەتا ئەگەر لەسەر رووبارێكیش بوون زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاودا مەكەن، پێویستە وەكو ئەركێكی ئایینی و نیشتمانی دەست بە ئاوەوە بگرین، بەداخەوە زۆرجار دەبینین ئافرەتان لە كاتی كاركردن و قاپ شۆرین ئاوەكە بۆ ماوەیەكی زۆر بە كراوەیی بەجێدەهێڵن، ئەگەر ئەمڕۆ ئاو بەفیڕۆ بدەین سبەی بەخۆمان زەرەر دەكەین و بێ ئاو دەمێنینەوە».
مـەلا هــێــمــن شــارسـتـێـنـی، پێشنوێژ و وتارخوێنە لە مزگەوتی جافان (رانیە)، سەبارت بە هەمان گرفت دەڵێت: «یەكێك لەو هەزاران ناز و نیعمەتەی كە خوای گەورە پێ بەخشیوین، بریتییە لە نیعمەتی ئاو. خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَجَعَلْنَا مِنَ المآء كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ)، واتە ئاو سەرچاوەی ژیانە. لەو ڕوانگەیەوە واجبە لەسەرمان دەست بە ئاوەوە بگرێن و زیادەڕۆیی تێدا نەكەین و، بەفیڕۆی نەدەین، چونكە بەفیڕۆدانی حەرامە. كاتێك دەچێنە خزمەت قورئان، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَكُلُواْ وَٱشْرَبُواْ وَلَا تُسْرِفُوٓاْ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلْمُسْرِفِينَ)، واتە: لە حەڵاڵ بخۆن و بخۆنەوە و، هەرگیز زۆرخۆری و زیادەڕەۆیی مەكەن، چونكە خوای باڵادەست كەسانێكی خۆش ناوێت كە زیادەڕۆی دەكەن. هەروەها خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّ الْمُبَذِّرِينَ كَانُوا إِخْوَانَ الشَّيَاطِينِ)، واتە: بە ڕاستی ئەوانەی زیادەڕۆیی دەكەن لە بەفیڕۆدان، برا و خوشك و هاوكاری شەیتانن، دیارە ئەوەش گەندەڵییە و كاری شەیتانە، ماڵ و سامان و ئاو یاسای خەرجكردنیان هەیە، سەحابەی بەڕێز عەبدوڵای كوڕی عەمر دەڵێت: «پێغەمبەری خوا، بەلای سەعدی (كوڕی ئەبی وەقاس)دا تێپەڕی كە دەستنوێژی دەگرت و زیادەڕۆیی دەكرد لە بەفیڕۆدانی ئاودا، پێی فەرموو: ئەی سەعد ئەو زیادەڕۆییە چییە؟ گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، بۆ لەدەستنوێژگرتنیشدا ئیسراف و بەفیڕۆدان هەیە؟ فەرمووی: بەڵی، ئەگەر لە سەر جۆگە و ڕووبار و دەریاش بووی، دروست نییە، ئاو بەفیڕۆ بدەی و، زیاتر لە سێ جار ئاو بە دەست و دەم و چاوتدا بكەی.»
مـەلا هــێــمــن شــارسـتـێـنـی، جەخت لەوە دەكاتەوە و دەپرسێت: «ئەگەر زیادەڕۆیی لە دەستنوێژگرتن و عیبادەتەكاندا دروست نەبێت و حەرام بێت، ئەی چۆن دروستە ئەوەی كە ئەمڕو بەداخەوە هێندی خەڵك بەو پەڕی نابەرپرسیاریەتی لە بەهەدەر دانی ئاو دەیكەن؟ « گوتیشی: «پیاو هەیە لە بەردەمی ماڵەكەیدا سەیارە دەشوات و ئەو هەموو ئاوە بەفیڕۆ دەدات، یان خوشكان و دایكانمان لە شووشتنی قادرمە و حەوشەی ماڵەكان و تەنانەت شووشتنی شۆستە و جادەش تێر نابن، یان تانكی سەرخانووەكان كاتێك پڕ دەبن، لە سەریان دەڕژێتەوە، ماتۆڕی ئاوەكەی ناكوژێنێتەوە و ئیهمالی دەكەن و، ئەو هەموو ئاوە بە فیڕۆ دەدرێت، بەڵام زۆر پێویستە، لە خوا بترسن، ئەی ئەو كەسانەی ئەو جورە هەڵسوكەوتانە بەرامبەر بەو ناز و نیعمەتە گەورەیە دەكەن. چاك بزان ئەوە حەڕامە و خوای گەورە لێتان تووڕەیە و لە ڕۆژی قیامەتدا لێپێچینەوەتان لەگەڵ دەكات. پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: إن أول ما يُسأَلُ عنه العبد يوم القيامة أن يقال له: ألم نُصِحَّ لك جسمك، ونُرْوِيَك مِن الماء البارد.»
واتە یەكەم شتانێك كە دەرحەقیان لە ڕۆژی قیامەتدا لە ناز و نیعمەتەكان لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەكرێت، ئەم دوو شتەیە: خوای گەورە پێمان دەفەرموێ: ئەی عەبد و بەندەكەم، ئەرێ جەستە و لاشەیەكی ساغ و سەلامەتم پێ نەدای؟
ئەی بۆ قەدرت نەزانی و بۆچی لە عیبادەت و بەندایەتیی خوادا بەكارت نەهێنا؟ ئایا ئاوێكی ساف و سازگار و شیرین و خۆشم پێ نەدای؟ ئەی بۆ بە جوانی مامەڵەت لەگەڵ نەكرد؟ بۆچی بەفیڕۆت دا و قەدرت نەزانی؟ بۆیە پێویستە قەدری ئاو بزانین لەم ڕۆژگارەدا كە ئاوا جیهان زەنگی مەترسیی كەمبوونی ئاو و نەمانی لێ دەادات، ئێمەش لێی بێبەری نین، بەتایبەت كە ئەمساڵ بێ بارانی بوو، بۆیە واجبە لە سەرمان قەدر و حورمەتی ئاو بگرین و بە ئەندازەی پیوێست بەكاری بهێنێن و، سوپاس و ستایشی خوای گەورە بكەین لە سەر نیعمەتی ئاو كە كاریز و كانیاو و جۆگە و ڕووبار و بیرەكانمان بۆ پر لە ئاو بكاتەوە و لە ساڵی داهاتوو بارانی بە ڕەحمەتمان بۆ ببارێنی، اللهم آمین».
