زیندووكردنەوەی كلتووری خوێندنەوە لەناو خێزاندا بە پێویست دەزاندرێت

زیندووكردنەوەی كلتووری خوێندنەوە لەناو خێزاندا  بە پێویست دەزاندرێت

 

 

هەمیشە گوتراوە و دەگوترێت كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە، كەواتە خوێندنەوە پرسێكی گرنگە و ناكرێت لەو بوارەدا ڕۆڵی خێزان فەرامۆش بكرێت، لەبەر ئەوەی خێزانی هۆشیار پێویستی بە بوونی كتێبخانە لە ماڵەكەیدا هەیە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەكی باش و مرۆڤ ئاشنا دەبێت بە كتێب و خوێندنەوە و دواجار خوێندنەوە دەبێتە كلتوور و بە خوێندنەوەش كەسێتی بەهێز بۆ تاك دروست دەبێت. لە ئێستادا وێڕای هەبوونی كتێبخانە لە زۆربەی ماڵەكاندا، كەچی خوێندنەوە لای زۆربەی تاكەكان بەتایبەت گەنجان و منداڵان فەرامۆش كراوە و مۆبایلی زیرەك شوێنی شتە سوودبەخشەكانی گرتۆتەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین ئایا تا چەند گرنگە خوێندنەوە لە ناو خێزانەكان بە كلتوور بكرێت؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕوانگەی جیاوازەوە وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

حەمەڕەشید هەرەس نووسەر و شانۆكار: «هاندانی منداڵ بۆ خوێندنەوە، كەوتۆتە سەر پەرۆشی دابك و باوك بۆ خۆشەویست كردنی كتێب لای منداڵ ئەمەش كارێكە پێویستە پێش ئەوەی منداڵ بچێتە قوتابخانە خۆشەویستییەكی قووڵ لە نێوان منداڵ و كتێبدا دروست ببێت.

 دایك باوك دەتوانن هەر كە منداڵ چاوی كردەوە، كتێب بكەن بە یەكێك لە چالاكییە چێژبەخشەكانی ژیانی، دیارە كە منداڵ لە سەرەتای چاوكردنەوەیدا، حەزی لە چیرۆكی منداڵانە و چێژی لێ وەردەگرێت، ئا لێرەدا دایك و باوك وا چاكە پێش نووستنی منداڵەكە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەك بە خوێندنەوەی ئەو چیرۆكانەی حەزی لێ دەكات بەتایبەتی ئەو چیرۆكانەی باڵندە و ئاژەڵ قارەمانی چیرۆكەكانن بكرێتە خەو، سوودمەندترە ئەگەر ئەو كتێبانە وێنەی سەرنجڕاكێشی تێدا بێت و ڕەنگاوڕنگ بن. ئا لێرەدا منداڵ هەموو شەوێك پێش ئەوەی بخەوێت بیری لای ئەوەیە كەی دایك و باوكەكە چیرۆكێكی بۆ دەخوێننەوە و، ئەم كارە دەبێت بە بەشێك لە ژیانی و، خوا خوای ئەوەیەتی ئەمیش بتوانێت وەك دایك و باوكی كتێب بخوێنێتەوە و، بە توانای خۆی چێژ لەو چیرۆكانە ببینێت.

كەواتە منداڵ پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانە خۆشەویستییەكی پێشینەی بۆ خوێندنەوە لەلا دروست بووە، ئەمە هانی دەدات زیاتر تامەزرۆی خوێندنەوە و نووسین ببێت و، هەوڵ دەدات لەڕێی فێربوونەوە هەست بە كەسایەتی خۆی بكات و، قۆناغەكانی خوێندن بە سەركەوتوویی ببڕێت. لێرەدا مامۆستاش رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت بۆ هاندانی منداڵ، ئەوەی لێرەدا هەستیارە مامۆستا كارێكی وا بكات قوتابخانە لای منداڵەكە شوێنێكی چێژبەخش بێت لەوەی منداڵ تیایدا هەست بە وەڕستی بكات و، پرۆسەی خوێندن ببێتە مایەی تۆرانی لە خوێندن و هەست بە بێزاری بكات.

منداڵ هەر كە چووە قوتابخانە ئینجا خێزان ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت بۆ دابین كردنی ئەتمۆسفیری لەبار بۆی، ئەویش بە تەرخان كردنی جێ وڕێیەكی لەبار بۆ خوێندنەوە و نووسین و دابین كردنی كەرەستەی نووسین و خوێندنەوە و پێداویستییەكانی قوتابخانە، بێگومان ئەو منداڵانەی لە ناو خێزاندا گرنگیان پێ دەدرێت بە گشتی لەو منداڵانە پێشكەوتووترن كە لەم بارەیەوە كەمتەرخەمیان تێدا كراوە.

هاندانی دایك و باوك و مامۆستا بۆ منداڵ بە سەردانی كردنی كتێبخانەكان و هەڵبژاردنی كتێبی لەبار بۆ خوێندنەوەیان بەپێی تەمەنیان گرنگییەكی زۆری هەیە، بۆ نموونە هەر تەمەنە و پێویستی بەو كتێبەیە كە لەگەڵیدا دەگونجێت، مانای كتێبەكە هی پێش تەمەنی ئەو و كاتێك نەبێت كە هێشتا پێی نەگەیشتووە، ئەم چەمكە زۆر گرنگە بۆ منداڵ و بێزار نەبوونی لە خوێندنەوە.

هەبوونی كتێبخانەیەكی دەوڵەمەند لە ناو ماڵدا و دەستگەیشتنی منداڵ بەو كتێبانەی حەزی لێ دەكات یەكێكە لە هاندەرە سەرەكییەكانی خوێندنەوە، لەبەر ئەوە كتێبخانەیەكی دەوڵەمەند لە ناو ماڵدا پێویستییەكی گرنگە و ماڵی بێ كتێبخانە، خۆشەویستی كتێب لای منداڵ كەم دەكاتەوە».

مامۆستا حەمەڕەشید هەرەس لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە: « دایك و باوك لە هەموو دەرفەتێكدا و لە كاتی بێ ئیشی دا باشترە و بگرە پێویستیشە لەبەر چاوی منداڵەكانیاندا خەریكی خوێندنەوە بن و لەگەڵ یەكتر شرۆڤەی بابەتەكانی بكەن، ئەمەش هاندەرێكی چاكە بۆ منداڵ، منداڵ بە سروشتی حەزی لە لاسایی كردنەوەی دایك و باوكە و، ئەمیش هەوڵ دەدات بخوێنێتەوە و، وەك ئەوان شرۆڤە بكات.

بەلای منەوە ئەمانە هەندێك بنەمای پێویستن بۆ ئەوەی منداڵ بخرێتە سەر سكەی خوێندنەوە و دروستكردنی كەسایەتییەكی لەبار بۆ كلتووری خوێندنەوە، كە ئێستا وەك ئاشكرایە ئەم كلتوورە لە ناو كۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەكی بەرچاو لە كورتی داوە».

ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ، چالاكی مەدەنییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە قۆناغی ئێستادا خوێندنەوەی پەرتووك زۆر لاواز بووە و، ویستی خوێندنەوە گەیشتووەتە ئاستێك لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە زۆر گرنگە هەوڵێكی جددی بدرێت بۆ بە كلتووركردنی خۆێندنەوەی كتێب، بە شێوەیەك وا لە تاكی كومەڵگەكەمان بكرێت، كە خولیای خوێندنەوە بێت، بەتایبەتی لەنێو خێزاندا كە وەكو یەكەمین ژینگەی پەروەردەكردنی منداڵ و یەكەمین خاڵی دەستپێكی پەروەردە و فێركردنە».

ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ گوتیشی: «كۆمەڵگەی هۆشیار ئەو كومەڵگەیەیە كە تاكەكانی ڕاهێنراون بە خۆپێگەیاندن و بەردەوام خوێندنەوە، چونكە پرۆسەی خوێندنەوە بە شێویەكی گشتی پرۆسەیەكی گرنگە و تاك قۆناغ بۆ قۆناغ بەرەو پێشەوە دەبات. ئەگەر سەیری وڵاتانی پێشكەوتووی دیموكراسی بكەین، دەبینین یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پێشكەوتن و گەشەسەندنیان ئەوەیە كە خاوەن تاكی هۆشیارن لە هەموو ڕوویێكەوە.

نەخوێندنەوە بە گشتی كۆمەڵگە لە حاڵەتی سوننەتی واتە دواكەوتووییدا دەهێڵێتەوە و لە پێشكەوتن و گەشەسەندن دەكەوێت، نموونەی ئەم وڵاتانەش گەلێك زۆرن لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی جیهانیدا».

هاوكات پێشنیار دەكات: «دەكرێ قوتابخانەكان خوێندنەوەی پەرتووك بە هەند وەربگرن و پێویستە پلانێكی توكمە هەبێت كە وا لە قوتابیان بكرێت، ڕوو لە پەرتووكخانەكان بكەن بۆ خوێندنەوە لەپێناو بەدەستهێنانی زانیاریی گشتی و خۆپێگەیاندن تەنیا ئەوە نەبێت كە لە قوتابخانە و زانكۆكان وەكو وانە دەیخوێنن، وتەیەك هەیە كە دەڵێت ڕووخانی پەروەردە و فێركردن یەكسانە بە ڕووخانی دەوڵەت و كۆمەڵگە، پێچەوانەكەشی ڕاستە».

هەڵبەست ساڵح ڕۆژنامەنووسە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە، لەناو دایكان و باوكان، خوێندنەوەی كتێب لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبووەتە نەریتێك جێی باس یان شانازی بێت، ئەوەش كاریگەریی لەسەر منداڵان دروست كردووە، كە بایەخ بە خوێندنەوەی كتێب نەدەن.

لە بە كلتووركردنی خوێندنەوەی كتێب لە خێزانەكان و لەناو منداڵاندا، پێویستە هۆشیارییەكی گشتگیر هەبێت، كە خێزانەكان هان بدەن، كاتێكی دیاریكراو بۆ منداڵەكانیان دیاری بكەن، كتێب بخوێننەوە، بە پلە یەك وەزارەتی پەروەردە دەبێ زۆر هاندەر بێت، كە لە ڕێی قوتابخانە و مامۆستایانەوە، دایكان و باوكان پابەندی كڕینی كتێب بكەن و منداڵەكانیشیان تامەزرۆی خوێندنەوە بكەن، كە دەتوانن وەكو ئەركی قوتابخانە، بیخوێننەوە.

دەكرێ وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ڕێی كەناڵەكانەوە، خێزانەكان پەرۆشی كڕینی كتێب و خوێندنەوە بكات، كە بەداخەوە، هەتاوەكو ئێستا ئەو هەنگاوە بەو شێوەیە نەبینرارەوە، جگە لە كاتی كردنەوەی پێشانگای كتێب لە شارەكان، ئەوەش ساڵی جارێكە و كۆتایی دێت، لەكاتێكدا ئێمە پێویستیمان بە كلتووركردن و نەریتكردنی خوێندنەوەی كتێبە بە شێوەیەكی هەمیشەیی، بۆ ئەوەی هەموان لەسەر خوێندنەوەی كتێب ڕابهێنین.

دەمەوێ لە قسەكانمدا، ئەوەش زیاد بكەم، كە پێموایە، هەنگاوێكی ئەرێنییە و جێی خۆشی دەگرێت، ئەویش ئەگەر لە ڕێی وەزارەتی ئەوقافەوە، ئەو هەنگاوەش بنرێت، بۆ نموونە، وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێی منیبەری مزگەوتەكانەوە، مامۆستایانی ئایینی ڕاسپێرن، كە نوێژخوێنان هۆشیار بكەنەوە، كە كتێب چەندین سوودی هەیە و عەقڵی تاك و خێزان و كۆمەڵگەش بە لایەنی ئەرێنییەوە دەگۆڕێت، بۆیە هانیان بدەن، كە پێویستە هەموو ماڵێكی ئەو كوردستانە كتێبخانەیەكی هەبێت و دایكان و باوكان و منداڵەكانیان كتێب بخوێننەوە.

هەڵبەست ساڵح لە درێژەی گفتوگۆكەیدا جەخت لە گرنگی ڕۆڵی دایكان و باوكان دەكاتەوە و لەم ڕووەوە دەڵێت: «دایكان و باوكان، دەتوانن بەشێوەی پێشبڕكێ كتێب بە منداڵەكانیان بخوێننەوە، دیارە هەر كەسێكیش فێری خوێندنەوەی كتێب ببێت، ناتوانێت وا بە ئاسانی دەستبەرداری ببێت، بەڵكو لەلای دەبێتە خوو، ڕۆژانە ئەگەر نیو كاتژمێریش بێ، كتێبێكی دیاریكراو هەر دەخوێنێتەوە.

دڵنیام ئەو هەنگاوانە بە پابەندییەوە بنرێن، پرۆسەكە سەركەوتوو دەبێت، ڕاستە هەموو هەنگاوێكی نوێ، بەربەست و كۆسپی زۆرە، بەڵام دواتر ڕێچكەی خۆی دەگرێت و دەتوانین خوێندنەوەی كتێب لەناو ماڵەكان و منداڵەكانماندا بكەینە نەریتێكی باو، كۆمەڵگەكەشمان بۆ كۆمەڵگەیەكی ڕۆشنفكر تر بگۆڕین».

شادی حوسێن خاوەنی كتێبخانەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت: «بۆ زیندووكردنەوەی كلتووری كتێب خوێندنەوە لە ناو خێزاندا، پێویستە پرۆسەكە لە ئەركێكی ناچارییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەزموونێكی خۆش و بەكۆمەڵ، ئەمەش سەرەتا بە پێشەنگبوونی دایك و باوك خۆیان دەست پێ دەكات، چونكە منداڵان زیاتر چاو لە ڕەفتاری گەورەكان دەكەن نەك ئامۆژگارییەكانیان. ئەو كات منداڵ پێویستی بەوە نابێت تۆ ناچاری كەیت بۆ ئەوەی لەگەڵ كتێبدا ڕابێت و بێتە خولیای، بەڵكو خۆی پەروەردەكە وەردەگرێت، ئەمەش جوانترین ڕێگایە كاتێك لە ڕێگەی بینین لە ڕەفتاری ئەوانی تردا وەری دەگرێت.

كاتێك لە ماڵەوە ژینگەیەكی لەبار دروست دەكرێت، وەك دابینكردنی گۆشەیەكی بچووكی ئارام بۆ كتێبەكان، سنوورداركردنی كاتی بەكارهێنانی مۆبایل و تەرخانكردنی كاتێكی كورت بەڵام بەردەوام بۆ خوێندنەوەی بەكۆمەڵ یان گێڕانەوەی چیرۆك بە دەنگی بەرز، منداڵ لە ڕووی سۆزدارییەوە بە كتێبەوە دەبەسترێتەوە. ئەگەر ئازادیش بدرێت بە منداڵەكە لە هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی خۆی حەزی لێیانە و دواتر لە كەشێكی خێزانیی هاوڕێیانەدا گفتوگۆ لەسەر زانیارییەكان بكرێت.

هاوكات، تەرخانكردنی سووچێك یان ژوورێكی تایبەت بۆ كتێبخانە لە ماڵدا، هێمایەكە بۆ ڕێزگرتن لە كتێب و نیشاندانی گرنگیی كتێب وەك بەشێكی سەرەكی لە ژیانی خێزانی. پێویستە ڕێگە بە منداڵ بدرێت بە ئازادی لەو سووچەدا بسوڕێتەوە، دەستكاریی كتێبەكان بكات و بە ئارەزووی خۆی ڕێكیان بخات، چونكە ئەم دەستلێدان و ئازادییە پردی دۆستایەتی و خۆشەویستییە لە نێوان منداڵ و كتێبدا كە لە داهاتوودا ڕەنگە ببێتە خولیایەكی هەمیشەیی».

 

زیندووكردنەوەی كلتووری خوێندنەوە لەناو خێزاندا  بە پێویست دەزاندرێت
زیندووكردنەوەی كلتووری خوێندنەوە لەناو خێزاندا  بە پێویست دەزاندرێت
زیندووكردنەوەی كلتووری خوێندنەوە لەناو خێزاندا  بە پێویست دەزاندرێت
Top