لەپێناو سەلامەتیی تاك داوا دەكرێت ڕێنماییە تەندروستییەكان لە ناو خێزان پەیڕەو بكرێت

لەپێناو سەلامەتیی تاك داوا دەكرێت ڕێنماییە تەندروستییەكان لە ناو خێزان پەیڕەو بكرێت

 

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی دروست كرد، ئاراستەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دی گۆڕی، تەنانەت كاری لەسەر پێگەی خێزانیش كردووە. ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤایرۆسێكی جیهانییە و هەموو وڵاتان ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر بۆ خۆبەدوورگرتن و تووشنەبوون بەو پەتا نەگریسە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر زوو كەوتەخۆ و بڕیاری بوێرانەی گرنگی دا بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و تاكەكانی كۆمەڵگە، ئەویش لە پێناو دووركەوتنەوە و خۆپاراستن لە هەموو لێكەوتەكانی ئەو حاڵەتە، پسپۆڕانی بواری تەندروستییش بە پێویستی دەزانن ڕێنماییە تەندروستییەكان لە ناو خێزانەكان پەیڕەو بكرێت و، شان بەشانی حكومەت هاریكاربین، بۆ ئەوەی لەو ئاریشەیە دەرباز ببین.

بەشدارانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان پتر تاوتوێی ئەو گرفتە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی،تا ئێستا زیاتر لە 212 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش نزیكەی پێنج هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەست داوە.

لانە حافیز، مامۆستای زانكۆیە و لەو باریەوە دەڵێت: «هۆشیاریی تەندروستی، بریتییە لە ڕۆشنبیركردن و زیادكردنی زانیاریی خەڵك و كۆمەڵگە لە پێناو چۆنێتیی مامەڵەكردنی تاك بەرامبەر تەندروستی، هەروەها، هۆشیاریی تەندروستی دەبێتە هۆی پارێزگاری لە ژیانی مرۆڤەكان و دووركەوتنەوە لە گرفتە تەندروستییەكان. خێزان بناغەیەكی گرنگە بۆ فێربوون لە ژیانی هەموو مرۆڤێكدا بە چاودێری و ئاراستەكردنی گونجاو بەرامبەر هەموو ڕووبەڕووبوونەوە و ئەركێك. باوان پاڵپشتێكی گرنگە بۆ ئەندامانی خێزان، بۆ جێبەجێكردن و پێدانی هەموو جۆرە هۆشیاری و ئامۆژگارییەكی جۆراوجۆر، بە شێوازی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تا قۆناغە یەك لە دوایەكەكان لەپێناو كۆمەڵگەیەكی تەندروست.»

ئەو مامۆستا ئەكادیمییە بە پێویستی دەزانێت: «لە ڕێگەی خێزانەوە هۆشیارییە تەندروستییەكان بە شێوازێكی ڕێك و پێك جێبەجێ بكرێن، خێزانیش ڕێنمایی تاكەكانی بكات، نموونەش بەوە دەهێنێتەوە: «بیرخستنەوە لە ڕێگای ڕیكلامەكانەوە»، جەختیش لەوە دەكاتەوە «هاندانی خێزانەكان بە بەردەوامی بۆ پاراستنی تەندروستیی تاكەكانی، دەبێتە هۆی پێگەیاندنی كۆمەڵگەیەكی پێگەیشتوو و ڕۆشنبیر و ئاشنا بە ئەرك و مافەكانی لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆ ئەم كارەش پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی تایبەتمەند و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندنەكان هاوكاربن.» گوتیشی: «خێزان كۆڵەكەی هاوكاریكردنی تاكەكانیەتی بۆ دووركەوتنەوە لە دۆخە نەخوازراوەكانی تەندروستی و چارەسەركردنی بە هەڵسەنگاندن و بەداواداچوونی بەردەوام. هاوكات لەپێناو تەندروستیی تاكەكان، دەبێت خێزانەكان دەوڵەمەند بكرێن بە زانیاری و هۆشیاریی تەندروستی و بەردەوام بن لە پێناو كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووی دروست. لەكۆتاییدا وەكو وتراوە: (خۆپاراستن لە چارەسەر كردن باشترە).»

ئیبراهیم حاجی زەلمی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە كۆمەڵناسی، ڕای وایە: «یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی مرۆڤ ئەوەیە كە خاوەنی هۆش و پەیبردنە بە شتەكان، لێرەوە مرۆڤ بوونەوەرێكی هوشیارە بە خۆی و بە جووڵە و بە چواردەوری، بە ئاگایە لەوەی كە لە چواردەوریدا دەگوزەرێت.» هاوكات باسی ئەوە دەكات كە: «دیارترین پرسێك كە مرۆڤ لە سەری بوەستێت، هەمیشە ئەوەیە كە هوشیار بێت لە ژیانی و جەستەی و تەندروستیی خۆی، چونكە ئاگابوون لە تەندروستیی خۆی، جۆرێكە لە هوشیاری بەرامبەر بەخۆد و چواردەور، ئەو شتانەشە كە كاریگەری و جێكەوتیان لەسەر ژیانی و گوزەران و تەندروستیی لەش هەیە.» گوتیشی: «زۆر جار بیرمەندان وەها پێناسەی چەمكی (هوشیاریی تەندروستی) دەكەن، كە چەمكێكە مەبەست لێی ئەو توانا مرۆییەیە كە لەلای مرۆڤ ئامادەیە بۆ ئەوە بگات بە كۆمەڵێك زانیاری و داتا و لە ئاگاییدا توانای تێگەیشتنیانی هەبێت و شیكارییان بۆ بكات، بە شێوەیەك كە سوودیان لێ وەربگرێت، بۆ دەستكەوتنی تەندروستییەكی باش و بەرگری و بەرگیری لە بەردەم نەخۆشكەوتنی و پاشان بە هۆیانەوە پارێزگاری لە تەندروستیی لەش و دەروونیان بكات، بێگومان ئەمەش بۆ خێزان و تاكەكانی هەر ڕاستە. بۆیە هوشیاریی تەندروستی شتێك نییە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایك بووبێت، بەڵكو كۆمەڵێك ڕیوشوێن و داتا و زانیارییە كە مرۆڤ لە ڕێگەی هەستەكانی و ئەزموون و نووسراوەكانەوە وەری دەگرێت و، دەستی دەكەوێت و پێشوەختە دەیكاتە بەردەستێك بۆ خۆپارێزی و دەستكەوتنی تەندروستییەكی باش. بۆیە هوشیاریی تەندروستی و ڕۆشنبیریی تەندروستی، ئەمڕۆ دوو چەمكی هاوشێوەی بەكاربراون، ئەگەرچی بنجی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئامانج و كارلەسەركردنی هەر یەكەیان لەلایەن مرۆڤەوە وەكوو یەكە و، دواجار مرۆڤ لە پێناوی سەلامەتیی خۆی و بەرگری لە نەخۆشی سوودیان لێ وەردەگرێت، دیارە ئەم ڕۆشنبیرییە تەندروستییەش كە مرۆڤ دەستی دەكەوێت، بریتی نییە تەنیا لەو ئامۆژگاری و ڕێنماییانەی كە لە ڕێگە جیاوازە پەیوەندیدارەكانەوە پێشكەش بە تاكەكانی كۆمەڵگە دەكرێت، بەڵكو ئەو هوشیارییە، ناخی و خۆشەویستییە بۆ ژیان كە لەپێناو دروستی و پاراستنی خۆ و دەور و بەر و ژینگە و كۆمەڵگە هەڵگریەتی.»

گوڵاڵە پشدەری چالاكی بواری تەندروستی و كۆمەڵایەتییە و سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «هاتنی كۆڕۆنا، فێری زۆر وانەی ژیانی كردین بەگشتی و بەتایبەتی، فێری كردین كە مرۆڤ نابێ خۆپەرست بێت و پیویستە زیاتر مرۆڤدۆست و هاوسۆزی بۆ بەرامبەری هەبێت، كرۆنا فێری كردین مرۆڤ كە گەورەترین داهێنانی خوایە، هەرچەندە زانا بێت، بەڵام بەرامبەر بە كاری سرووشت و خوا بوونەوەرێكی ناتوانا و بێچارەیە، فێری كردین كە تەندروستی بە هیچ نرخێك ناكڕدرێت، فێری كردین كە ئاشق بە ژیان بین، فێری كردین كە چەند ناشوكور بووین بە خەڵاتەكانی خۆڕسكی خوایی وەك هەناسەیەكی ئاسان، خەوێكی ئارام و بێ ئێش و ئازار، بێ ترس، ماچی چێژبەخشینی منداڵەكان، باوەشی گەرمی دایك، كۆبوونەوەی سەر سفرەی خێزان و خۆشەویستان، خوێندن و خوێندنگە، كار و پیشە و نان پەیداكردن، دەستی نەخۆشان گرتن، لە پرسەكاندا پێكەوە گریان و.. هتد. لە كۆتاییدا چەند جوانە بەو هەموو نیشانانەی كە بۆمان لە ئاسمانەوە هاتن، دەرك بەوە بكەین كە خەم و ئازارەكانمان كۆ بكەینەوە و، وەك چەپكە گوڵیك بیكەن بە هێز و خۆشەویستی و ئەشق بۆ یەكتری لەو دونیایەی فانیدا.»

گوڵاڵە پرسیار دەكات: «ئایا دەبێ لە سەرووی ئەو هەموو ترسەی كە بە هۆی كۆڕۆنا لە جیهان هەیە و جارێ كێشەكە چارەسەر نەكراوە، كاریگەرییەكی خستبێتە سەر تاكەكانیش وەكو نەبوونی بژێوی ژیان و قەرزكردن وشڵەژانی دەروونی و لێكەوتنەوەی كێشەكانی جەستەیی، بەهۆی كێشەی دەروونی و گۆشەگیربوون و هەستی تەنیایی و خەمۆكێ، توندوتیژی ناو خێزان و لێكترازان، یان ناچار تەحەمولكردنی لە بێچارەیی بەگشتی و بۆ ژنان بەتایبەتی، هەروەها دواكەوتنی خوێندن، واتە لە سەكتەری پەروەردە و فێربووندا، كە زیانێكی گەورەیە بۆ منداڵان وخوێندكاران؟»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە داهاتوودا سەرمایەیەی مرۆیی لاواز دەبێت و دیسان مەترسیی هەیە بۆ حكومەتێكی لاواز و وڵاتێكی هەژار و برسی و دواكەوتووی گەشەیی.» بە پێویستیشی دەزانێت: «حكومەت و خەڵك پێكەوە هاوكار بن لە بەرگریكردن لەو قەیرانە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی و، دەبێت تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی بوونی ئەو ڤایرۆسە بە ڕاست بزانن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن.»

Top