كارپێكردنی منداڵان و دەرهاویشتە خراپەكانی لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە
نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1948 پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤی دەركردو، زۆرینەی وڵاتانی ئەندام پەسەندیان كرد. دواتر رێككەوتننامەی ساڵی 1989 تایبەت بە مافەكانی منداڵان پەسەند كرا. هەر لە پەراوێزی ئەو یاسایەدا رۆژی 17 / 6 وەك رۆژی جیهانیی كارپێنەكردنی منداڵان دیاری كرا، لە یاسای كاری عێراقیش كاركردن بە چینی منداڵان سنووردار كراوە. بەهەمان شێوە لە یاساكەدا قەدەغە كراوە منداڵ بۆ كاری سواڵكردن بەكاربهێندرێت، بەڵام وێڕای هەبوونی رێككەوتنامەی پاراستنی مافەكانی منداڵ و چەندین مادە و بڕگەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكانی منداڵ، كەچی لە چوارچێوەی خێزان و كۆمەڵگە نەتوانراوە وەكو پێویست مافەكانی منداڵ دەستەبەر بكرێت، تەنانەت زۆرجار لەلایەن بەخێوكارانەوە لە تەمەنێكی بچووكدا منداڵ كاری پێ دەكرێت، یان ناچاری دەكەن سواڵ بكات، شارەزایانی بواری پەروەردە و دەروونزانی رایان وایە بەو جۆرە مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵ كاریگەریی خراپی دەروونی و كۆمەڵایەتیی درێژخایەن لەسەر خودی منداڵەكە جێدەهێڵێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
مەلا رەعد ئۆمەربلی پێشنوێژ و وتارخوێن و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، دەڵێت: «لە ئایینی ئیسلامی پیرۆزدا، واجبە لەسەر دایك و باوك كە ئەو منداڵە بەخێو بكەن و، پەروەردەیەكی جوانی فێر بكەن و، جیاوازیی رەگەزی لە نێوانیاندا نەهێڵن، هەروەها لەدوای تەمەنی حەوت ساڵی پەروەردەی ئایین و نوێژیان فێر بكەن و فێری رێز و خۆشەویستی بكرێن، هەروەها دایك و باوك دەبێت ژیانی منداڵی خۆیان دابین بكەن، كوڕ تا تەمەنی بلووغ (كامڵبوون) واتە لە سەرووی تەمەنی (١٥) ساڵی و كچ تا ئەو كاتەی شوو دەكات و ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت، كەواتە بە پێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بۆ منداڵ لەسەر دایك و باوك واجبە.» لە بارەی كارپێكردنی منداڵیش ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی: «منداڵ دیاری و خەڵات و ئەمانەتی خودای گەورەیە لە لای دایك و باوكان دانراون، بۆیە دەبێت منداڵان بە خوێندن و هەندێك گەمەی گونجاو سەرقاڵ بكرێن، نەك كارپێكردن و پارە پێ كۆكردنەوە، ئەگەر ویسترا، لەبەر ئەوەی فێری كار ببێت و لە داهاتوو كەسێكی خاوەن پیشەی لێ دەربچێت، دەكرێ وەكو شاگرد لەلای كەسێكی دەست و داوێن پاك و بە وێژدان دابنرێن، بەڵام كاركردن بە منداڵ لەسەر جادە و لە هەندێك كارگە، بە هیج پاساوێك دروست نییە لەو شوێنانە كاریان پێ بكرێت.»
مەلا رەعد ئۆمەربلی، لە درێژەی رێنماییەكانیدا باسی ئەوە دەكات،»ئایینی ئیسلامی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك رێگە بە سواڵكردن نادات و هانی خەڵكی داوە بە كاركردن، ئەگەر سواڵكردن بۆ كەسی گەورە و بەتەمەن رێگەپێ نەدراو بێت، كەواتە هیج پاساوێك نییە بۆ ئەو كەسانەی سواڵ بە منداڵەكانیان دەكەن، ئەم كارە لە ئیسلامدا حەرام و قەدەغە كراوە. لەمە خراپتر ئەوەیە خەڵكانێكی چاوبرسی كار بە منداڵانی هەژار دەكەن، یان لەلایەن هەندێك سواڵكەر ترافیك و شوێنە قەرەباڵغەكان داگیر دەكەن، یان بە یەكتری دەفرۆشنەوە.»
سۆما عەبدوڵڵا، قوتابیی قۆناغی چواری بەشی پەروەردە و دەروونزانییە لە زانكۆی كۆیە و سەبارەت بە هەمان پرس، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات، «ئەو كەشە دەروونییەی كە تاك تیایدا دەژی، كاریگەریی خۆی لەسەر كەسایەتی بەجێ دەهێڵێت. ئەگەر ژینگەی دەروونیی منداڵ بێبەشبوون و هەڕەشەلێكردنی لەخۆ گرت، ئەوا كاریگەریی نەرێنی و خراپ لەسەر منداڵ بەجێ دەهێڵێت. دەروونشیكاری گەورە (زیگمۆند فڕۆید) رای وایە تەمەنی منداڵی زۆر گرنگە بەتایبەت (پێنج ساڵی یەكەم ) كە كاریگەریی زۆری لەسەر داهاتووی منداڵ و گەشەی كەسایەتیی منداڵ هەیە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی منداڵێكی دەروون دروست و تاكێكی سوودبەخش بۆ كۆمەڵگە دروست بكەین، دەبێت هۆشیار بین و هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە ناچار بە كاركردنیان نەكەین.» هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە كاركردنی منداڵان لە دەرەوە و شەقام و شوێنە گشتییەكان بووە بە دیاردەیەكی ناشیرین و رۆژ بە رۆژیش روو لە زیادبوونە، ئەوەش دەرهاویشتە دەروونییە خراپەكانی ئێجگار زۆرن. جێی باسە زۆرێك لەو منداڵانە بە هۆی خراپیی باری ئابووریی خێزانەكەیان پەنا دەبەنە بەر كاركردن و، هەندێكی دی لەو منداڵانەن كە دایك و باوكیان لێك جیابوونەتەوە و سەرگەردان بوون و، لەلایەن كەسانێكەوە بەكاردەهێنرێن. بە هۆی كاركردنەوە منداڵ لە خوێندن بێبەش دەبێت و، چێژ لە كاتی منداڵیی خۆی نابینێت، هەروەها تووشی چەندین رووداوی نەخوازراو دەبێتەوە. هەروەها زۆرێك لە منداڵانی بەركار تووشی دەستدرێژی سێكسی دەبن، یان هەڵدەخەڵەتێندرێن و بۆ كاری نابەجێ و نادروست بەكار دەهێندرێن، ئەمانەش هەم لە رووی جەستەییەوە، هەم لە رووی دەروونییەوە كاریگەریی نەرێنی و خراپ لە سەر منداڵەكە بەجێ دەهێڵن. ئەو كاریگەرییە خراپانەی كە بە كاركردنی منداڵ لەسەر دەروونی بەجێ دەمێنێت، دەبێتە كێشەیەكی درێژخایەن بۆ ئەو منداڵە، توێژینەوەكانیش دەری دەخەن، منداڵانی كاركەر تووشی (خەمۆكی، بێ هیوایی، شەرمنی، دڵەڕاوكێ، خۆ بە كەم زانین و لەدەستدانی متمانە) دەبن. واتە ئەو منداڵانە لە داهاتوودا كەسایەتییان لاواز دەبێت و، ناتوانن وەك هەر كەسێكی ئاسایی ژیان ببەنە سەر، رەنگە كەسایەتیی خراپ و شەڕانگێزیشیان لێ دەربچێت و ژیانیان لا پەسند نابێت و دەروون دروست نابن.
بۆیە پێویستە خێزانەكان هۆشیار و ئاگادار بكرێنەوە لە كاریگەرییە دەروونییە خراپەكان كە تووشی منداڵ دەبێت لەكاتی كاركردن و پێویستە بەردەوام رێنمایی بڵاو بكرێتەوە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و پاراستنی تاكەكانی كۆمەڵگە و دروستكردنی تاكێكی رۆشنبیر و دەروون دروست».
