بۆ ئەوەی منداڵان پارێزراو بن داوا دەكرێت بەخێوكاران هۆشیاریی زیاتریان پێ بدرێت

بۆ ئەوەی منداڵان پارێزراو بن  داوا دەكرێت بەخێوكاران هۆشیاریی زیاتریان پێ بدرێت

 

 

 

پیدۆفیلیا (دەستدرێژیكردن بۆ سەر منداڵ) یەكێكە لە ترسناكترین كێشە تەندروستی ‌و دەروونییەكان كە كاریگەرییەكی رووخێنەری دەروونی لەسەر منداڵ دەبێت، كاریگەرییەكەش لەسەر ژیانی درێژخایەن دەبێت. بەپێی دواهەمین لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت كە رێژەی دەستدرێژیی سێكسی لە سەر منداڵان لە سەرانسەری جیهان زۆر زیادی كردووە و رێژەیەكی زۆری ئەو منداڵانەش لەلایەن كەسە نزیكەكانیان، یان ناسیاوەكانیان، یان هاورێكانیانەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر، بە هۆی نەبوونی هۆشیاریی بووە، بۆیە هەندێك جار منداڵان ئەو تاوانە دەشارنەوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر باسی ئەو خەسارە كۆمەڵایەتییە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 بە پێی توێژینەوەیەكی جیهانی (منداڵێك لە هەر چوار منداڵی كچ)، ئەگەری دەستدرێژیكردن بۆ سەری هەیە، بۆ منداڵی كوڕیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام رێژەكە كەمترە، كە بریتییە لە منداڵێك لە هەر شەش منداڵ)، هەر ئەم رێژانەش وا دەكات، لە حاڵەتەوە ببێت بە دیاردە، یان پەتایەكی بێدەنگ، لە هەرێمی كوردستانیش ئامارێكی ورد لەم بارەیەوە نییە، چونكە هەموو ئەو حاڵەتانە لە لایەن خێزانەكان لە ترسی توانجی كۆمەڵگە دەشاردرێنەوە، پەروەردەكاران رایانوایە كە پێویستە منداڵ فێر بكرێت كە ئەویش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرن، هەر بۆیە گرنگە ئاگاداری بكەین كە چوارچێوەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێت تێیدا بە ئارامی جموجوڵ بكات، یان دەتوانێت ئەو داواكارییەی لێی دەكرێت، رەتی بكاتەوە.

د. دیلمان ئازاد پسپۆڕی پزیشكی دادوەری و مامۆستایە لە كۆلێژی پزیشكی، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «رۆڵی خێزان، یان بەخێوكەر لە هۆشیاركردنەوەی منداڵ زۆر گرنگە، بەتایبەتی دایك، كە دەتوانێت لە بنەڕەتەوە گرنگی بە پەروەردەكردنی منداڵی بدات، مەبەست لە پەروەردەكردنیش هەر ئەوە نییە كە فێری جل گۆڕین و نانخواردن و قسەكردنی بكات، بەڵكو پێویستە دایكان و باوكان هۆشیاریی تەواو بدەنە منداڵەكانیان، بەتایبەتی هۆشیاریی سێكسی، كە بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەهۆی عەیبە هیچ بایەخی پێ نادرێت، لە كاتێكدا ئەگەر منداڵەكانمان هۆشیاركردنەوە و فێرمان كردن، كە شوێنە هەستیارەكانی جەستەیان تایبەت بەخۆیانە و كەس بۆی نییە دەستكارییان بكات، هەروەها ئەگەر هەر شتێكیان بەسەر هات، بۆ دایك و باوكی باس بكات، ئەوا لە ژیانی رۆژانەیاندا پارێزراو و سەلامەت دەبن لە دەستدرێژیی سێكسی، كە تاوانێكی زۆر گەورەیە دەرهەق بە منداڵان ئەنجام دەدرێت، بەداخەوە حاڵەتی زۆرمان دێتە لا لە پزیشكی دادی تایبەت بە دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵان، كە لە حاڵەتەوە، خەریكە دەبێتە دیاردە.

د. دیلمان بە پێویستی دەزاتێت، لە قوتابخانەكان وانەیكی تایبەت بە هۆشیاریی منداڵان بخوێندرێت، هاوكات دەڵێت: «جێگەی داخە بە هۆی كولتوور و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان پەردە پۆش دەكرێت، بێ ئەوەی بیر لە باری دەروونیی منداڵەكە بكەنەوە.»

ئەو پزیشكە ئاشكرای دەكات كە «بە رێژەیەكی زۆر منداڵان دەهێندرێنە پزیشكی دادوەری بە مەبەستی پشكنین، بەڵام خێزانەكان بە بیانووی ئابڕووپارێزییەوە ئامادە نین سكاڵا تۆمار بكەن.» گوتیشی: رێژەیەكی زۆری ئەو منداڵانە لە رێگەی ترساندن و هەڕەشەلێكردنەوە ئیستیغلال كراون، باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لەناو خێزانەكان و لە قوتابخانەكان كە زیاتر رێنمایی پەروەردەیی بە منداڵەكان بدەن، هەروەها زۆر پێویستە دایكەكان زیاتر ئاگاداری منداڵەكانیان بن.»

رێكان عەبدولڕەحمان رێنماییكاری پەروەردەیی و دەروونییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات، «یەكێ لەو كردارانەی كە رۆڵی گرنگی بۆ گەشەسەندنی لایەنی هوشیاری و دواجار زانینی تاك هەیە، بریتییە لە كاركردن بە {Team Work} واتا بە پێكەوەیی كاركردن، ئەوە چ لە سێكتەری پەروەردە لە لایەن مامۆستایان بۆ فێرخوازان و توێژكارانی دەروونی و كۆمەڵایەتی و شارەزایانی پەروەردە و، چ لەلایەن خێزانە جیاوازەكان لەگەڵ یەكدی، نەخاسمە ئەو كاركردنە كە پێویستی بە ئامراز و كەرەستە و رەخساندنی ژینگە هەیە بۆ جێبەجێكردنی، وەلێ هەر نەك ئەوانەی باسم كرد، بوونی نییە، بەڵكو چ لەلایەن دایك و باوكی پەروەردەكار و چ مامۆستا و توێژكاران و شارەزایانی بواری پەروەردە پێچەوانەكەیەتی؛ پێویستە منداڵ فێر بكرێت كە ئەویش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرن، گرنگە ئاگاداری بكەین كە چوارچێوەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێت تێیدا بە ئارامی جموجوڵ بكات، پێویستە منداڵان فێر بكرێن یەوەی كە دەتوانن ئەو داواكاریە ناڕەوایەی كە لێیان دەكرێت، رەتی بكەنەوە و بڵێن نا، بەشێك لەو دایك و باوكانەی كە رۆڵی پیرۆزی پەروەردەكار دەگێڕن، ئەوەندە گرینگیان بەو بوارە داوە؛ نیمچە شارەزاییەكیان لەو بوارەدا هەبووە كە ئێستا خۆیان رێنموونی و هاوكاریی دایك و باوكانی تریش دەكەن لە پەروەردەكردنی منداڵ و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ژیانی خێزانی.» هاوكات دەڵێت: «پێویستە دایك و باوكان بەردەوام قسەی خۆش لەگەڵ كچ و كوڕەكانیان بكەن و ستایشیان بكەن، تاكو بۆشایی دروست نەبێت و لە دەرەوەی ماڵ بەدوای جێگرە و ستایشی كەسانی دیكەدا نەگەڕێن. هەروەها هەرگیز منداڵەكەت لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیدا بەتەنیا جێی مەهێڵە، چونكە منداڵ لەو تەمەندا بەجێهشتنی بەتەنیا باش نییە و زۆرجار كارەساتی لێ دەكەوێتەوە كە تا كۆتایی ژیانی كاریگەری لەسەر دروست دەكات. هەروەها منداڵەكەت لای كەسێك كە 3-4 ساڵ لەخۆی گەورەتر بێت، هەرگیز جێ مەهێڵە، ئەگەرچی خزم و ناسیاویش بێت. (بەتایبەت كوڕ) چونكە لەوانەیە بە قسەی خۆش و هەڵخەڵەتاندن یان بە ترساندن دەستدرێژی بكاتە سەری.»

Top