بۆ/ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان

بۆ/ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان


بابەت/ داواکاری فەتوا سەبارەت بە حوکمی شەرعیی مووچەی پەرلەمانتاران لەژێر ڕۆشنایی دەقە ئاینی و بنەما دەستوورییەکاندا
سڵاو و ڕێزی بێپایان...
وەک بەڕێزتان ئاگادارن، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان، ڕاپەڕاندنی ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا. بەڵام پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ و ئەنجام نەدانی ئەرکە دەستوورییەکانی، لە کاتێکدا کە ئەندامانی پەرلەمان مانگانە مووچە و ئیمتیازی دارایی تەواو لە بودجەی گشتی وەردەگرن، ئێمە ڕووبەڕووی پرسیارێکی قووڵی شەرعی و یاسایی دەکاتەوە.
بۆیە داواکارین ڕای شەرعیی خۆتانمان پێ ڕابگەیەنن لەسەر بنەمای ئەم پاڵپشتییە ئاینی و دەستوورییانەی خوارەوە:
یەکەم: پاڵپشتی و بەڵگە شەرعییەکان (الأدلة الشرعية):
بنەمای وەفا بە گرێبەستەکان: خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَوْفُوا بِالْعُقُودِ) [المائدة: 1]. دەنگدانی هاوڵاتیان بە پەرلەمانتار جۆرێکە لە گرێبەستی بریکارنامەی گشتی (الوكالة العامة)، کاتێک ئەرکی بریکارایەتییەکە جێبەجێ ناکرێت، بنەمای گرێبەستەکە درزی تێدەکەوێت.
پەیوەندی نێوان مووچە و کار (الأجر مقابل العمل): لە فیقهی ئیسلامیدا جێگیر بووە کە ئەندامی پەرلەمان حوکمی "ئەجیری هاوبەش" (الأجير المشترك) یان "بریکاری بەکرێگیراو"ی هەیە. پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: (أَعْطُوا الأَجِيرَ أَجْرَهُ قَبْلَ أَنْ يَجِفَّ عَرَقُهُ)، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی شایستەبوونی کرێ (مووچە) بەستراوەتەوە بە هەوڵدان و عارەقڕشتن لە کاردا، نەک تەنها بە ناونیشان.
قاعیدەی فیقهی (الغُنْمُ بِالْغُرْمِ): واتە (قازانج لەبەرامبەر لەئەستۆگرتنی زیان و بەرپرسیارێتییە). وەرگرتنی قازانجی دارایی (مووچە) بەبێ کێشانی قورسیی ئەرک و بەرپرسیارێتی، پێچەوانەی ئەم بنەما شەرعییە گشتگیرەیە.
دووەم: پاڵپشتی و بنەما دەستوورییەکان (المبادئ الدستورية):
شەرعیەتی بوونی پەرلەمان: لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، پەرلەمان شەرعیەتی خۆی لە "کاردکردن و کۆبوونەوە و چاودێری" وەردەگرێت. کاتێک پەرلەمان لە ڕووی فعلییەوە بوونی نییە و پەککەوتووە، ئامانجی دەستووریی دامەزراوەکە بەتاڵ دەبێتەوە.
پاراستنی سامانی گشتی (حماية المال العام): دەستوور و یاسا داراییەکان جەخت دەکەنەوە کە دارایی گشتی نابێت خەرج بکرێت مەگەر لەبەرامبەر "خزمەتگوزارییەکی پێشکەشکراو" یان "یاسایەکی بەرکار". خەرجکردنی مووچە بەبێ بوونی دەقێکی یاسایی کە ڕێگە بە وەرگرتنی پارە بدات لە کاتی پەککەوتنی هەمیشەیی دامەزراوەکەدا، نیشانەی پرسیاری یاسایی لەسەرە.
ڕووی پرسیارەکە (محل الفتوى):
سەرباری ئەوەی کە ڕەنگە پەککەوتنی پەرلەمان بەهۆی ئیرادەی خودی پەرلەمانتارانەوە نەبێت و هۆکاری سیاسی لەپشت بێت، بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە هیچ "کار و ماندوبوونێک" بوونی نییە.
ئایا لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە، وەرگرتنی ئەم مووچە و دەرماڵانە لەسەر بودجەی گشتی بە حەڵاڵ و شایستە دادەنرێت؟ یان دەچێتە خانەی وەرگرتنی ماڵ بەبێ حەق (أكل أموال الناس بالباطل)؟
بۆچوونی ڕوونی شەرعیی ئێوە دەبێتە مایەی ڕوونکردنەوەی لایەنی حەڵاڵ و حەرام بۆ پەرلەمانتاران و ڕای گشتیش.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانیندا.

تانیا طاهر -مامۆستای زانکۆ

Top