كوێستان كابان: دەیان هەزار خانم و پیاوم فێری دروستكردنی خواردەمەنییەكان كردووە
بەشێك لە خانمان بە ئیرادە و هیممەتی خۆیان تێكەڵ بە بازاڕی كار دەبن و، لەو رێگاوە هەم دەبنە خاوەن داهاتی خۆیان و هەم بارگرانیی سەرشانی هاوسەریان كەم دەكەن، هاوكات كەسانی دیكەش سوود لە كارەكەیان وەردەگرن. یەكێك لەو خانمانە باسی چۆنیەتی كارەكەی و ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
كوێستان محەمەد ئەحمەد، ناسراو بە (كوێستان كابان) ساڵی 1982 لە گوندی سێكانیان چاوی بە دونیا هەڵ هێناوە. سێكانیان گوندێكی بچووكە سەر بە ناحیەی سوورداش لە قەزای دووكان و وەك خۆی باسی كرد، «لە ناو رەز و باخ و باخداریا» ژیاوە. ئەو خاتوونە بەم جۆرە باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی خۆی بە بازاری كار دەكات: «هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە لە دایكم و باوكم و هەردوو نەنكم و باپیرەكانمەوە فێری دروستكردنی خواردنی كوردەواری بووم. ساڵی 2002 لە گوند نەماین و ماڵمان هاتە ناو شاری سلێمانی و ساڵی 2018 دەستم كرد بە فێركاریی خواردنەكانم و پەیجێكی تایبەت بە خۆمم دانا، دواتر (یوتوب و ئەنستاگرام و سناپ)یشم دانا، ئەوەی رۆژانە بۆ منداڵەكانی خۆمم دروست دەكرد، بۆ خانمانم پۆست دەكردو، ئەوانیش زۆریان بەدڵ بوو، زۆر دەستخۆشییان لێم دەكرد، منیش هەستم دەكرد كە سوودێكی بچووكم پێیان گەیاندووە. دواتر بڕیارم دا بچمەوە گوندەكەی خۆم، بەتایبەت بۆ فێركارییەكانی تایبەت بە خانمان و خواردنە كوردەوارییەكان، هاوسەرەكەم زۆر هاوكارمە و وەرە و بڕۆی لادێی پێ دەكردم و، هەر لە سەرەتاوە پشتیوانم بوو، ڤیدیۆی فێركارییەكانم پێكهاتبوون لە باسووق، سجووق، دۆشاوی توو، دۆشاوی ترێ، بنێشتی دارەبەن، مێوژ، كشمیش، كەشك، ماست، ترخێنە، هەنجیری وشككراو، شۆكە كە پێی دەوترێت (مەنوو سەلوا) ئەوەش لە قورئاندا هاتووە و زۆر موبارەكە، هەروەها جۆرەكانی مرەبا، نانە قەیسی و میووەكان و .. هتد، تا ئێستاش سپاس بۆ خوای گەورە بە دەیان هەزار خانمم بە خۆڕایی فێری دروستكردنی خواردەمەنییەكان كردووە و، لە ماڵەكانی خۆیان دەستیان بەكار كردووە و خوارنەكانیان بە ئۆنلاین دەفرۆشن».
كوێستان كابان لە درێژەی وتەكانیدا باسی ئەوەی كرد، هاوسەرەكەی «شەهیدی زیندووی سەنگەرە بە پلەی نەقیب و ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە كەمئەندام بووە و چاوی راستی لە دەست داوە»، لەگەڵ ئەوەشدا «هەمیشە ورەی بەرز بووە و، هەم رۆڵەیەكی باش بووە، بۆ دایك و باوكی، هەم هاوسەرێكی باش بووە بۆ من و هەم باوكێكی نموونەیی بووە».
كوێستان كابان دەڵێت: «وەك دایك و هاوسەرێك دەتوانم بڵێم: ئافرەتێكم لە سەركەوتووەكان سەركەوتووترم و بۆ منداڵەكانم و هاوسەرم زۆر باشم و توانیومەوە دڵی هاوسەرەكەم بەدەست بێنم و خزمەتی بكەم.»
ئەو كابانە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئامانجی لە فێركاری بۆ خانمان ئەوەیە كە «هاندەرێك بم بۆ خانمان هەتا جورئەتیان پێ بدەم كە لە سەر پێیەكانی خۆیان بوەستن و پشتگرییان بكەم، بۆ ئەوەی سامیان بشكێت و هەمیشە هەوڵم داوە هێزیان پێ بدەم بۆ ئەوەی بزانن كاركردن عەیبە نییە.» گوتیشی: «كاركردن بۆ خانمان سەداسەد زەروورە و بە هیوام هەموو خانمێك بتوانێ خاوەن كاری خۆی بێت و لە سەر پێیەكانی خۆی بوەستێت و خۆی خاوەن داهاتی خۆی بێت و دەستەكانی بۆهیچ كەسێك پان نەكاتەوە. هیواداریشم رۆژێك بێت كە بتوانم كتێبێك لە بارەی كاەكانمەوە چاپ بكەم.
كوێستان كابان وەك دواوتەی دەڵێت: «دۆخی ئابووری هانی دام تا دەست بكەم بەم كارە و ببم بە خاوەن كاری خۆم، لە سەرەتاش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چۆنیەتیی دروستكردنی باسووقم بڵاو كردەوە، كە خانمان زۆر هۆگری چۆنیەتی دروستكردنەكەی بوون، دواتر دروستكردنی تورشیاتەكانم بڵاو كردەوە، كە زۆر دواكاری لەسەر بوو. بۆیە بڕیارم دا پەیجێك دانێم و سەربەخۆ بم و زیاتر هانی خانمان بدەم كە كاری هاوشێوە بكەن، هاوسەرەكەشم مەسرووفاتی زۆری بۆ پەیجەكەم كردووە، باوكی ئازیزیشم سێ باخی رەزی خستووەتە بەردەستم تا ی كوردەوارییەكانی تیا دروست بكەم، جگە لە خانمان زۆركات پیاوانی ناوخۆ و تاراوگەش دەستخۆشییان بۆم ناردووە».
