لە دوای کرانەوەی قوتابخانەکان لە کرماشان ١٣ منداڵ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە

لە دوای کرانەوەی قوتابخانەکان لە کرماشان ١٣ منداڵ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە
بە گوتەی بەرپرسێکی تەندروستی لە پارێزگای کرماشان، دوای کرانەوەی قوتابخانەکان، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ١٣ منداڵ لە کرماشان گیانیان لەدەست داوە.

جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان لەبارەی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لەناو منداڵان بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لەدوای کرانەوەی قوتابخانەکان هەتا ئێستا ١٧٨ منداڵ لە کرماشان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ١٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

محەمەد ئیبراهیم شەکیبا، باسی لەوەش کردووە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لەو پارێزگایە لە دۆخێکی خراپدایە و دەبێ دایک و باوکان منداڵان هان بدەن منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرنەوە و لەڕێگای ئۆنلاینەوە درێژە بە خوێندن بدەن.

گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە کرماشان لە حاڵێکدایە کە لە کاتی بڕیاری دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی قوتابخانەکان لە ئیران، زۆرێک لە بنەماڵەی قوتابیان و بەرپرسانی تەندروستی و مامۆستایان بەو بڕیارە ناڕازی بوون، بەڵام بەرپرسانی پەروەردەی ئێران گوێیان لە ڕەخنە و سەرنجی بنەماڵەکان و لایەنە تەندروستییەکان نەگرت.

بەپێی زانیارییەکان لەدوای دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، پەتای کۆرۆنا لە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی لەناو بنەماڵەکان زیاتر بڵاو بووەتەوە و باس لە سەرهەڵدانی شەپۆلی سێیەم دەکرێت.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە سەرناسەری ئیران سێ هەزار و ٣٤١ کەسی دیکە تووشی کۆرۆناو بوون و ١٧٧ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە سەرەتای سەهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە هەتا ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ هەزار و ٤٧٨ کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

هەتا ئێستاش لە سەرانسەری ئیران ٤٢٥ هەزار و ٤٨١ کەس لە سەرانسەری ئێران تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، هاوکات ٣٦١ هەزار و ٥٢٣ کەسیش لە پەتاکە چاک بوونەتەوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ڕاپۆرەتەکەیدا ئاشکرای کردوە لەکۆی ٣١ پارێزگای ئێران هێشتا ٢٤ پارێزگای ئێران لە دۆخی مەترسیداین.











باسنيوز


Top