هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن

 

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان ڕۆژی شەممە ١٣ی حوزەیران بڵاویکردەوە، دوای کاتژمێرێک لە دەرکردنی هۆشداری بۆ خەڵکی دانیشتووی باشووری لوبنان، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند خاڵێکی ناوچەکە ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هۆشداری داوەتە دانیشتوانی ٢٠ شوێنی باشووری لوبنان لە نێویاندا شاری نەباتیە کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بەرەو باکووری ڕووباری لیتانی بڕۆن.

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکیان بۆردومانکردووە، لەوانە هەردوو گوندی سوجود و ڕەیحان لە نزیک شاری نەباتیە.

ئیسرائیل مانگی ڕابردوو هەموو ناوچەکانی باشووری ڕووباری لیتانی وەک "ناوچەی جەنگ" ناساند و لەو کاتەوە ئەو شوێنانە بۆردومان دەکات.

لە سەرەتای مانگی ئازاردا، تەنها یەک دوو هەفتە دوای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، حزبوڵڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی، هێرشێک کە دەستبەجێ وەڵامی سەربازی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top