گرفتی ئاوەڕۆکانی هەولێر چارەسەردەکرێن

گرفتی ئاوەڕۆکانی هەولێر چارەسەردەکرێن
پارێزگاری هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێری راسپارد، پێش هاتنی وەرزی بارانبارین دەست بە چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکان بکەن.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێری راسپارد پێش هاتنی وەرزی بارانبارین دەست بە چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانە بکەن لە ئاوەڕۆ سەرەکییەکانی نێو سەنتەری شاردا هەن، دوابەدوای ئەوەش لەنزیکترین کاتدا دەست بە هەڵمەتی پاککردنەوەی تەواوی ئاوەڕۆکانی شار بکرێت.

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد حەمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵانە لە هەولێر چەند شوێنێک هەن کە ئاوی بارانیان تێدا کۆدەبێتەوە و ئەوەش گرفت بۆ هاونیشتمانیان و شارەوانی دروستدەکات. بۆ ئەوەی تووشی هەمان گرفت نەبینەوە، پێش هاتنی وەرزی زستان بە باشمان زانی لەوبارەوە ئامادەکارییەکان تەواو بکەین. لە هەولێر لە چەند شوێنێک گرفتی کۆبوونەوەی ئاومان هەیە وەک پێش دەرگای ئەنجوومەنی وەزیران لە شەقامی 30 مەتری، نزیک مزگەوتی ئیمام عەلی نزیک شەقامی 100م و نزیک بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی سێ و چەند شوێنێکی دیکە".

عەبدولواحید ئەحمەد باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020 پارێزگاری هەولێر خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر پێشنیازەکانی چارەسەری دۆخەکە خرایەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ و شارەوانی راسپێردران بە جێبەجێکردنی کارەکە.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی "بۆ پاککردنەوە و چاککردنی گرفتەکانی ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر، بودجەیەک لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە دابین دەکرێت".

ساڵانی رابردوو بەهۆی بارانبارینی بەلێزمەوە ئاستەنگ بۆ هاونیشتمانیان و هاتوچۆی شۆفێران لەشەقامەکان دروستدەبوو و جاری واش هەبوو زیانی دەبوو.




rudaw
Top