پارێزگاری هەڵەبجە: رێگەی پشتە بە پێنج یەکی داهاتەکەی نۆژەندەکرێتەوە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەی سەرتەکی بەمۆ، رێگەیەکی بازرگانییە و راستەوخۆ بە دەروازەی سنووریی پشتەوە بەستراوەتەوە، بە تەواوی وێرانبووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و گوتیشی"لە دەروازەکەوە بۆ سنووری نزیک دەربەندیخان رێگەکە بە زیاتر لە 45 خولەک دەبڕدرێت، بەڵام ئەگەر نۆژەنبکرێتەوە نزیکەی 15 خولەک دەبێت".
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، داهاتی ساڵی 2019ی دەروازە سنوورییەکە "کە هێشتا نەبووەتە نێودەوڵەتی" زیاتر لە 27 ملیار دیناربووە، بەڵام چاککردنەوەی رێگەوبانەکە 5-6 ملیار دیناری پێوستە، بۆیە پێویستە ئەو سنوورە سووندمەندی سەرەکی بێت لە داهاتی دەروازەکە".
سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگەوبان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ چاککردنەوەی رێگەکان چاوەڕوانی دابینکردنی پارە دەکەین لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکی زۆری پرۆژەکان وەستاون.
سدقی ئامێدی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان رێگەوبانی زۆر هەن کە خراپبوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، ئەمانە هەموویان لە پلانی وەزارەتدان و تیمیشیان بۆ ئامادەکراوە، تەنیا چاوەڕێی دابینکردنی پارە دەکەین".
لە چەند مانگی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 44 ملیار دیناری بۆ چاککردنەوەی بەشێک لە رێگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان دابینکرد.
rudaw
