ئەگەر عێراق داوا بکات هێرشەکانی تورکیا بوەستێندرێن، گوێی لێ دەگرین

 ئەگەر عێراق داوا بکات هێرشەکانی تورکیا بوەستێندرێن، گوێی لێ دەگرین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی دەستێوەردانی تورکیا لە عێراق، بەتایبەتی هێرشە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دایەوە و گوتی، ئەگەر عێراق داوای هاوکاری بکات، ئەوا گوێی لێدەگرن.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت عێراق بە دیاریکراوی داوایەک پێشکەش بکەن، بەدڵنیاییەوە من گوێ لە سەرۆکوەزیران دەگرم، ئەگەر هاتوو ئەو داواکارییەی کرد، پاشان ئێمە سەیری داواکارییەکە دەکەین".


هەر لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "من ئەوە دەڵێم، ئەمریکا و بەتایبەت من پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان هەیە. قسەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئێمە پەیوەندییەکی زۆر زۆر باشمان لەگەڵ تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان هەیە".


رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو بەشێک لە پرسیارەکەی ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی، لە کاتێکدا ئێوە لێرەن، هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، لە باکووری عێراق کەسێکی سڤیلی کوشتووە. دەزانم کە ئێوە لە کۆبوونەوەکانتان، لە قسەکانتان باس لە سەروەریی عێراق دەکەن، ئاخۆ ئێوە لەم بارەوە داوای یارمەتی دەکەن لە ویلایەکە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامدا گوتی "بەدڵنیاییەوە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر عێراق رەتدەکەینەوە و دەستووری عێراقیش رێگە نادات عێراق ببێتە شوێنی هەڕەشەکردن بۆ سەر هیچکام لە دراوسێکانمان. بەدڵنیاییەوە گفتوگۆمان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ راستکردنەوەی ئەو بارودۆخە و من بە پەرۆشم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە تایبەتە بە سەروەریی عێراق و من دەزانم کە تورکەکان بارودۆخی عێراق لەبەرچاو دەگرن، ئێمە رێگە نادەین هیچ لایەنێك لە خاکی عێراقەوە هەڕەشە لە دراوسێکانی بکات، بەدیاریکراوی کە دەستووری عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت لە خاکی عێراقەوە هیچ هەڕەشەیەک لە دراوسێکانی بکرێت".
ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی هێرشەکانی داعشی کرد، گوتی "کاتێک دەسەڵاتمان گرتەدەست، داعش لە هەموو عێراق و سووریادا هەبوو. 100٪ خەلافەتی داعشمان تێکشکاند، بەڵام ئیدارەی ئۆباما زۆر بە خراپی کاری کرد و هەربۆیە داعش لەو شوێنانە هەبوو. ئێمە هاتینە سەر دەسەڵات و کارێکی باشمان کرد و رزگارمان بوو لە دەستی داعش و ئەوەش کارێکی باشبوو. ئێستا لەگەڵ عێراق کاردەکەین. ئەوان سوود لە دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن، کە بەهێزترین دراوە لە جیهاندا. ئەوان خەریکە کاری باش دەکەن. ئێمە لەگەڵ ئەوانین، بەتایبەتی ئەم پیاوە بەڕێزە کە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵی دروستکردووە و ئومێدەوارین ئەوەش بۆ وڵاتەکەتان زۆر باش بێت".

rudaw
Top