بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەی دەداتەوە
رۆژی پێنجشەممە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەشداریی تیمی گۆڕان لە حکومەت بە بەشدارییەکی شەرمنانە ناودەبات و کشانەوە لە حکومەت بە پێویست دەزانن، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەکەن و هۆشداریی دەدەن لەوەی کە ئەگەر گوێ لە داواکارییەکانیان نەگرن لەگەڵ "بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەگەنە بنبەست".
لە وەڵامدا گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و، پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردووە. بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و "ئەمەش سەلمێنەری زیندوویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەیە".
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان جەختدەکاتەوە کە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە و رایدەگەیێنێت، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتمانی و بە بەشداریی هەمووان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی، گوتەبێژی گۆڕان دەڵێت، ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی گۆڕان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دوو داوکاریی سەرەکی هەیە کە یەکەمیان کشانەوەیە لە حکومەت و داواکاریی دووەمیش بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانییە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکە.
rudaw
