سەرەڕای بانگەشەی زۆری میدیای سلێمانی بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ دەروازە سنوورییەکان بەڵام بە درۆ دەخرێنەوە
ماوەیەكە بە شێوەیەكی بەردەوام، میدیای سلێمانی بەیتوبالۆرەی ئەوە لێدەدەن كە عێراق بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و گوایە حكوومەتی عێراق نیازێكی لەم جۆرەی هەیە.
لە بەرامبەردا سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی عێراقی بە ئاشكرا بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە كە هیچ نیازێكی لەم شێوەیەیان نییە. هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراقدا لەسەر دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەماهەنگی بكات، بە مەرجێك عێراق پابەندییە دارایی و دەستوورییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
سەرچاوەكە جەختی كردەوە كە ”ئەگەر لایەنی عێراقی بیانەوێت بە زۆر و لە ڕێگەی هێزەوە بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە وەك میدیای سلێمانی بانگەشەی بۆ دەكات، ئەوە مەحاڵ و خەیاڵە، چونكە لەم حاڵەتەدا بە هەمان ئەو دەردە دەچن كە لە ساڵی ٢٠١٧دا و لە سەردەمی حەیدەر عەبادیدا ڕووی دا، ئەوكات هێزی پێشمەرگە لە چەند بەرەیەك لووتی هێزێكی گەورەی عەبادی و میلیشیا یاوەرەكانیانی شكاند“.
سەرچاوەكە ئەوەشی وەبیر هێنایەوە كە لە ٢٠١٧ە و لە كاتی هێرشەكەی سەردەمی عەبادیشدا، میدیای سلێمانی زۆریان پێخۆش بوو نەك هەر دەروازە سنوورییەكان، بەڵكوو هەولێریش لە لایەن هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانەوە داگیر بكرێت و لەم پێناوەشدا ئەوەی لەدەستیان هات، كردیان، بەڵام ”خەونەكەیان لەسەر دەستی پێشمەرگە لە گۆڕ نرا“.
باسنيوز
