فاڵچییەک لە بەرامبەر دوعاکردن بۆ ژنێک، داوای سێکسی لێدەکات
قوربانییەکە دەڵێت "کێشەم ھەبوو لەگەڵ ھاوژینەکەم، چووم بۆلای سەید و کێشەکەی خۆم و ھاوژینەکەم بۆ باسکرد، ئەویش گوتی من چارەسەری دەکەم، منیش پێمگوت چۆن چارەسەری دەکەیت، ئەویش گوتی بە پارە، بە دوو ملیۆن دینار، منیش رازی بووم و دوو ملیۆنم پێدا، دواتر داوای کاری جەستەیی کرد لێم، بە بیانووی ئەوەی سیحری لەسەر دەکات، منیش بە ھاوڕێیەکم گوت و دوای بیرکردنەوە دەرکەوت قسەی ھاوڕێیەکەم راستە، ئەمانە درۆ دەکەن، ئەمە نابێت، منیش بەمە رازی نەبووم و وازمھێنا".
لەناو شیعە و سوننەدا، زۆربەی ئەو کەسانەی نووشتە و دوعا دەنووسن، پەنا بۆ دەقە ئایینییەکان دەبەن، بەڵام زانایانی ئایینی نوشتە و جادوو بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە و بە گوناهێکی گەورەی دەزانن.
شێخ یەلماز یوسف، پێشنوێژی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی دەڵێت "تەقوای خوا بکەن و نەکەونە نێو ئەو کارانەوە، چونکە بێگومان بەرەو ھاوەڵدانان بۆ خودا دەتانبات، حکومەتیش کەمتەرخەمە لەم بابەتە، پێویستە ھەموویان بەندبکرێن و سزابدرێن و دواتر بەڵێنیان لێ وەربگیرێت کە ئەگەر دووبارە ئەو کارە بکەنەوە، پارچە پارچە بکرێن".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە بەغدا جگە لە پەیج و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان نزیکەی 90 شوێنی سیحر و نووشتەکردن هەن کە بەناوی نووسینگەی چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان کراونەتەوە. زۆربەی ئەو شوێنانە دەکەونە ناوچەکانی سەدر، کیفاح و کازمیە. بە بڕیاری دادگای ناوچەی سەدر، شەش کەس دەستگیرکراون کە تۆمەتبارن بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لەڕێگەی سیحر و جادوو و هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەو کەسانەی سەردانیان کردوون.
خێرا گەیشتن بە ئاوات و ئارەزووەکان خەونی لەمێژینەی مرۆڤە. زۆرجار بۆ ئەو خەونە پەنا بۆ هەندێک رێگە و ئامرازی نالۆژیکی دەبرێت کە سیحر و جادوو دیارترین و باوترین رێگەن، زیاتر ژنان و گەنجانی تازە پێگەیشتوو تێیدا دەبنە قوربانی.
رووداو
