کۆرۆنا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار زیانی لە کەرتی گەشتیاریی سلێمانی داوە
ولیان بەرزنجی، بەڕێوەبەری بازرگانیی کۆمپانیای ستار ئەڵایەنس دەربارەی خاوبوونەوەی کارەکانیان گوتی، لەماوەی ئەم چوار مانگەدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. جگە لە کەمکردنەوەی لە 50%ـی کارمەندەکانیان "زیاتر لە 10 هەزار دۆلار زیانمان بەرکەتووە، چونکە نەمانتوانیوە هیچ گەشتیارێک ببەینە دەرەوە، ئەمە جگە لە کرێیەکی زۆری دووکانەکانمان کە بەبێ کار کرێی دووکانمان داوە".
لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، 185 کۆمپانیای گەشتیاری هەن، لەماوەی ئەم چوار مانگەدا نزیکەی 10 گەشتیان بۆ گەڕانەوەی گیرخواردووان ئەنجامداوە. ئەو کۆمپانیایانە هەریەکە و هەزاران دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و بێکاربوون، زیاتر لە 15 کۆمپانیاشیان بەهۆی نەبوونی گەشت و گەشتیارەوە، بەفەرمی مۆڵەتەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، ساڵی 2020 بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 100% رێژەی گەشتیاری کەمی کردووە. "ئێمە لە 14ـی ئادارەوە هیچ گەشتێکمان نەکردووە. ساڵی رابردوو تەنیا لە سلێمانییەوە زیاتر لە 25 هەزار کەس سەردانی تورکیا و زیاتر لە 30 هەزار کەس سەردانی ئێرانیان کردووە. ژمارەیەکی زیاتریش سەردانی وڵاتانی دیکەیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ هەمووی وەستاوە".
بڕیاربوو رۆژی 23ـی تەممووز گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دواخرا بۆ 1ـی ئاب. ئێستا بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکاریی بۆ هێنانی گەشتیار دەکات تاوەکو ئەو زیانە گەورەیەی بەهۆی کۆرۆناوە بەریان کەوتووە، قەرەبوو بکەنەوە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئابەوە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە. جیاواز لە پێشتر، دەبێت هەر فڕۆکەیەک بە رێژەی 25% کەمتر لە ژمارەی کورسییەکانی سەرنشین هەڵبگرێت و پابەندی تەواوی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.
رووداو
